بۆچی لایەنە نارازییەکان هیچ قسەیەک بە کۆمسیۆنی عێراق ناڵێن؟

شتێک کە جێی تێبینییە لام، هەموو ئەوانەی کە لە ئەنجامەکان ناڕازین، هیچیان جنێو و یان سوکایەتی بە کۆمسیۆنەکەی بەغداد ناکەن، ئەزانن قسە وتن یان گومان خستنە سەر بەغداد و کۆمسیۆنەکەی، کە بەردەوام خۆیان بانگەشەی «پاکیزەیی»یەکەیان دەکرد، ڕەنگە حیزب و دامەزراوەکانیان بۆ هەمیشە ڕووبەڕووی دادگا و قەدەغەکردن بکاتەوە!

ئەوە ئەگەر کۆمسیۆنی هەرێم بووایە، ئێستا ئاسمان و ڕێسمانیان بەسەریدا وێران کردبوو. هەزاران جنێویان پێ ئەدا و دەچوون بە گژیدا.

ئەمە دەرخەری سایکۆلۆژیای شێواوی مرۆڤی کوردە بەرامبەر بەخۆی. ئەوەی کە بەخۆیی دەکات، قەت جەسارەت ناکات بە بێگانەی بکات. سەیری مێژوو بکەن، ئەو شەڕانەی کورد لەگەڵ خۆی کردوونی، زۆر زیاترن لەو شەڕانەی کە لەگەڵ دوژمن کردوونی!

مرۆڤی کورد زۆر بە تووندی و دڕندەیی و دڵڕەقی شەڕی هاوزمانی خۆی دەکات، بەڵام بۆ بێگانە هەم ترسنۆکترە، هەم بە ڕەحمتر!

جا لەم سۆنگەیەوە، لە ناڕەزاییەکەی هەڵبژاردنیش بڕوانن، ناڕازییەکان ناوێرن بە دەزگایەکدا هەڵشاخێن کە پێیان وایە دەوڵەت و قانوونێکی تر پاراستوویەتی، مەسەلەن ئەحزابی موعارەزەی ناو هەرێم، لە بەغدادیش هەر موعارەزەن و بەشداریی حکومەتیان نەکردووە، بەڵام کامیان ئەوەی دژ بە هەرێم و دامودەزگا حکومی و خۆماڵییەکە دەیکات، دژ بە حکومەتی حەشد بیکات؟

هەر ئەوەی کە تا ئێستا هیچیان جورئەت ناکەن دژ بە کۆمسیۆنی بەغداد قسە بکەن، ڕێک لەوە دەترسن ڕووبەڕووی قانوون بکرێنەوە. ئێستا لە دڵەوە خۆزگە دەخوازن کۆمسیۆنی هەرێم بیکردایە، بۆ ئەوەی هەم لە محکەمەی فیدراڵی شکاتی هەڵوەشانەوەیان بکردایە و هەمیش تێر جنێویان پێ بدایە!

بارزان علی حەمە

ھەواڵی زیاتر