هەڵوێست و دژبەری

بە گشتی مرۆڤ کێشەی لەگەڵ ڕاستی هەیە نەک درۆ، ئەسڵی دوژمنایەتییەکەی لەگەڵ دادپەروەرییە نەک ستەم (هەرچەند بە بڕوای من ستەم و دادپەروەری هێندەی تەواوکەری یەکن، دژ و پێچەوانە نین.)، گرفتەکان لەو خاڵەوە سەرهەڵئەدەن کە یەکسانیی لە حەددێکی مەعقولدا ئەبێتە پێویستیی.

بەوەی فەساد بەرهەمی ناڕێکییە و تەواوکەری هیچ شتێکیتر نییە خۆی نەبێ، کەس کێشەی لەگەڵ فەساددا نییە، مرۆڤ هەموو ئەو شتانەی کە دژیان وەستاوە، بۆ خودی خۆی پێی باشە. دزێک نابینی بۆ ئەو کارەی ئەیکا سەدان بیانووی نەبێ، بەڵام دزییەک لە خۆی بکرێ نارەزایی دەرئەبڕێ و بە ستەمی ئەزانێ و هیچی لە دەست نەیات، دادگای لێ ئەگرێ.

هەمووان جنێودان و سووکایەتی و شکاندن و تیرۆری کەسییان پێ خراپ و ناڕەوشتییە، هەمووانیش بەکاریئەهێنن و وەک چەکێکی پێویست ڕێزی لێئەگرن و مەیدانی بۆ ساز ئەکەن.

پاڕلەمانی کوردستان لە تاقیکردنەوەیەکی زۆر گرنگ و هەستیاردا شکستی هێنا، تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی و سۆشیالمیدیا لە گرنگترین و باشترینی ئەو پڕۆژەیاسایانە بوو کە تا ئێستا پاڕلەمانی کوردستان بەخۆیەوە بینیوە، بەداخەوە لە ژێر فشاری بازرگانانی جنێودا، نەگەیشتە ئەنجام.

بازرگانانی جنێو هیچ لۆمەیەکیان لەسەر نییە، ئەوەن و تەواو. ئۆباڵی ئەمە لە ئەستۆی ئێمەیە وەک خاوەنی گەورەترین فراکسیۆن. هۆکارەکان هەرچی بن، ناتوانم ئەوە بێئیرادەییە لە بەرچاو نەگرم کە نواندمان بەرامبەر بەرەی جنێودۆست کە لە زێرابەکانی فکرەوە هاتوونەتە بوون.

من وەک کادرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، داوای لێبووردنم لە هەموو ئەو دڵسۆزانەی نەتەوە و نیشتمان هەیە کە ئومێدیان وابوو ئەم پڕۆژەیاسایە بارێکی لاری کۆمەڵگە ڕاست ئەکاتەوە و تەکانێکی گەورە بە ڕەوتی کۆمەڵگە ئەدات بە ئاڕاستەیەکی باش.

ھەواڵی زیاتر