زانکۆ و دابڕان

زنجیرە وتار «یەکەم»

زانکۆ ناوەندێکی ئەکادیمی گرنگە بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاری ھەمەجۆر. لەھەموو جیھاندا، بە تایبەت وڵاتە پێشکەوتووەکان زانکۆ ناوەندێکی ئەکادیمی گرنگی مەعریفیە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی خاوەن بیری ئازاد. زانکۆ شوێنێکە کە تێیدا توانا شاراوەکانی فێرخوازان دەۆزرێتەوە، لەوێوە گرنگی پێدەدرێت تا دەگاتە ڕادەی چالاکبوونی ھەمیشەیی. ھەر لە کۆنەوە فێرگە، قوتابخانە و ناوەندەکان بوونەتە کۆلەکەی سەرخستنی شۆرش و برەودان بە شەمەندەفەری سەرکەوتنی ھەر کۆمەلگەیەک. حوجرەکانیش لە ڕابردوو کەسانێکیان بەرھەمھێنا کە کاریگەری ئەرێنی و راستەوخۆی ھەبوو لەسەر پڕۆسەی سیاسی، ئابووری، کۆمەلایەتی، تەنانەت ئەدەب و زانستیش، ئەوان خاوەن کەسایەتیەک بوون وەک مێدیاکانی ئێستا دەیانتووانی ڕای گشتی درووستبکەن و ئاراستەی بکەن، بەڵام ئەو سەردەم، سەردەمی شکۆ و خەبات و ناسیۆنالیزمی کوردی بوو! نەک وەک ئێستا کە لێدانە لە بەھا پیرۆزەکانی ئاین و خاک و نیشتیمان. لە ھەمان کاتدا زانکۆکان دەبێ ببنە داینەمۆی درووستکردنی نەوەکانی دواڕۆژ بە جوانترین شێوە و باشترین ئاستی ڕۆشنبیری. زانکۆکانی دنیا شوێنی نوێبوونەوە و ریفۆرم و چاکسازین، لە کوردستان زانکۆکان تەنھا کەسانێک لە نزمترین ئاستی ڕۆشنبیری، بە کەمترین زانیاریەوە بەرھەمدەھێنن. یەکێک لە پایە گرنگ و کاریگەریەکانی ھەر کۆمەلگەیەک زانکۆیە، زانکۆ سەرچاوەی پێشکەوتن و وەلاوەنانی کلتوورە داسەپێن و بۆگەنەکانە کە وەک مشەخۆر دەمانھاڕن.

زانکۆکانی کوردستان شوێنێکن نین بۆ دەستگەیشتن بە زانست و فێربوونی پیشە و بەرزکردنەوە ئاستی تاک لە ھەموو ڕوویەکەوە، بەڵکو شوێنێکن ئاپۆڕای کەسی بڕوانامەداری بێ مەعریفە و ڕووکەشیانە درووستدەکەن، بۆ ئەوەی کۆمەلگە وەک گۆمە ڵێڵ بووەکان بۆگەن نەبێت، دەبێ لە جووڵەی بەردەوام و ھەمیشەیی دابێت، داینەمۆی ئەو جووڵەیە زانکۆکان و ناوەندەکانی توێژینەوەن. لە کوردستان زانکۆکان شوێنێک نین تا فێری زانستی نوێ و مەعریفە و زانیاری نەبیستراو بیت، بۆیە کە لێی وورد دەبیتەوە ھەموو کات کۆمەلگەی کوردی بەرەوو دواوە ھەنگاو دەنێت، بەبێ ئەوەی یەک ھەنگاو بەرەوو پێشەوە بچێت. ڕاست گوتراوە کە دەڵێن: زانکۆکانی کوردستان کارگەیەکن بۆ بەرھەمھێانی کەسایەتی بڕوانامەدار، بە جۆرێک بڕوانامەیان پووچ کردووە دەتوانی بە پارە بێ ماندوو بوون و بڕینی ھیچ یەک لە قۆناغەکانی خوێندن بڕوانامەی باوەرپێکراو بەدەستبھێنیت، ھەلبەت ئەوە دەرفەتێکی باشبوو بۆ بەناو سیاسەتمەدار و دکتۆر و بزنسمانەکان تا بە ئاسانترین شێوە و بە کەمترین ماوە بەدەستی بھێنن. سەرەتا ئەو پەتا کوشندەیە تەنھا لە زانکۆ ئەھلیەکانی کەرتی تایبەت ھەبوو، گومان نیە کە درووستکراوی دەسەڵاتن، ئەوان کواڵیتی خوێندن و ئاستی فێرخوازانیان بەلاوە گرنگ نیە، ئەوەندەی بە چاوێکی بزنسیانە دەڕوانن نیو ئەوەندە زانستی و ڕۆشنبیرانە ناڕوانن، بەڵام ئێستا ئەو پەتا مەترسیدارە زانکۆ حکومیەکانیشی گرتۆتەوە، ھۆکاری سەرەکی مانەوەشی بەرپرس و دەسەلاتن. سەرەتای بیرۆکە و دامەزراندنی یەکەمین زانکۆ لە ڕۆژھەڵات بووە*، ئەو کات ڕۆژھەڵات سەرچاوەی ژیان و خاوەن کتێبخانەی مێژوویی کتێب و بەرزی ئاستی ڕۆشنبیری و پێشخستی شارستانیەت بوو، کەچی ئێستا دواکەوتووترین زانکۆکان لە جیھان زانکۆکانی ڕۆژھەڵاتن!

لە ئێستاشدا زانکۆکانی ڕۆژئاوا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەوو پێشەوە دەچن و پەرە بە نەوەکانی داھاتوو دەدەن، پشتگیریان دەکەن بۆ ھەر بیرۆکە و پڕۆژەیەک، ئەوە کاری لە پێشینەی ھەر زانکۆیەکە، دەبێ پشتگیری خاوەن بیرۆکە و پڕۆژەکان بکات، وایان لێبکات خەونی گەورەتر بکێشن و ئاوات بە خەونی گەورەترەوە بخوازن، نەک ببێتە ھۆکارێک بۆ دامرکاندنەوەی ئاستی فێرخوازان، زۆربەمان بە وزەیەکی زۆرەوە دێینە زانکۆ، بەڵام پێش گەیشتن بە کۆتایی رێگەکە ئەو وزەیە نامێنێت و خەونەکانیشمان دەبێتە خۆلەمێش. ئایە ئەوانە ھەر لە خۆوەن؟ چ پاڵنەرێکە وزەکانمان ناھێلێت؟ بە ڕای من بۆ گێرانەوەی شکۆی زانکۆ و دانەوەی ڕۆح بەبەر زانکۆ، دەبێ دەستی کەسانی حیزبی ببڕدرێت و سنوورێک بۆ ئەو ئیستیعماریەی حیزبەکان دابنرێت تا چیتر زانکۆ نەبێتە شوێنی کوشتنی خەونەکان. ناکرێ لە زانکۆ پلەی ئیداریت ھەبێت دکتۆر یان مامۆستا بیت، لە ھەمان کاتدا پلەی حیزبی و پۆستی سیاسی ھەبێت. ئەوە پێچەوانەی ڕێسا و پڕۆگرامەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵایە. کەسە ئیداریەکانی زانکۆ ژینگەیەکی وەھایان ڕەخساندوە خوێندکاران ھێز و توانا و ئومێدیان بۆ خوێندن نەماوە، ئەوە یەکێکە لە پڕەنسیپەکانی دەسەلاتە تۆتالیتارەکان کە چین و توێژەکان بە گەنجی خاوەن وزە و بەھرەوە بێ ئومێد دەکەن.

ئەگەر گوزەرێک بە نێو دەزگا ئەکادیمی و ئیدارەی زانکۆکان بکەیت، بۆت دەردەکەوێت دانانی سەرجەم ھەیکەلە ئیداری و ستراتیژەکانی زانکۆ ھەر لە سەرۆکی زانکۆوە بگرە تا تەواوی ڕاگرایەتی و بەرێوەبەرایەتیەکانی زانکۆ پڕیەتی لە کەسانی حیزبی! زۆربەشیان ئاستی خوێندەواریان لاوازە، چونکە کاتی خوێندنەوە و بەدواداچونی زانیاریەکانیان کەمە، ھەمیشە بەدوای گشتاندن و بڵاوکردنەوەی ئەجێندای جیزبەکانیاندان لە سەرجەم بەشەکانی زانکۆ. دوای ھەموو ئەو ڕاستیانەش نامەوێت زانکۆکان لەکەدار بکەم و لە بایەخیان کەم بکەمەوە، بێگومان کەم تا زۆر کاریگەری ئەرێنیان ھەیە، بەڵکو بۆ ئەوەمە ببێتە زەنگێکی ئاگەدار کردنەوە، کە زانکۆ جێگەیەکە بۆ بەدەستھێنانی مەعریفە و ئاشنابوون بە دنیای تازە و زانستی نوێ و فێربوونی پیشە، نەک جێگەیەک بۆ نمایشکاری و مۆدێلی جلوبەرگ و پەی تۆکمە*، زانکۆ ساتگەلێکە بۆ نمایشکردنی ڕۆشنبیری و ڕەوشت بەرزی نەک نمایشکردنی لاشە و سەرقاڵبوون بە شتی لاوەکی. تا نەچینە کڕۆکی ناوەوەی زانکۆکانەوە نازانین چ تاریکیەک لە داھاتوو ڕوومان تێدەکات، بەداخەوەم. 

– بەپێی کتێبی گینس تایبەت بە ژمارە پێوانەییەکان کۆنترین زانکۆ لە ڕۆژھەلاتی ناوەراستە لە مەغریب، بەناوی قەرەویین، لە ساڵی(٨٥٦)ز دامەزراوە.

– دەڵێن: ئۆتۆمبێل وشەیەکی ئیتاڵییە، ماشێن و تڕومبێلیش کوردین، بەلام کۆنترینیان (پەی تۆکمە)یە کە ھەمان مانای ماشێن و تڕومبێل و ئۆتۆمبێلی ھەیە.

– زانکۆ لە زانین و کۆکردنەوە یان زانیاری و کۆکردنەوە ھاتووە، درووستتر زانستگەیە، بەلام زۆرتر زانکۆ بەکاردێت.

ھەواڵی زیاتر