ململانێی دەسەڵات لەنێوان هەردوو كوڕەكانی هاروون ئەلڕەشیددا
کەیوان ئازاد:
دوای كۆچی دوایی خەلیفە (هاروون ئەلڕەشید) لە ساڵی (193ك/ 808ز) دەسەڵات كەوتە دەست (ئەمین)ی كوڕی. زۆری نەخایاند (مەئموون)ى برای لێی ڕاست بووەوە و داوای پۆستی خەلافەتی كرد. ئەوەش یەكەم جار نەبوو كێشەی وا لەنێو بنەماڵەی عەباسیدا ڕوو بدات، بەوەی پێشتر (مووسا هادی) هەوڵی زۆری دا ئەو پۆستە بۆ كوڕەكەی (جەعفەر) یەكلایی بكاتەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، تا دواجار (هاروون ئەلڕەشید)ی برای پۆستەكەی بۆ خۆی برد.
هەر بۆیە ئەم بڕیارەی (ئەمین) پێشینەی مێژوویی هەبوو، بەڵام جیاوازيیەكە ئەوە بوو، كە ئەمجارەیان شەڕ كەوتە نێوانیان و دواجار بە كوژرانی (ئەمین) دوایی هات. هەموو ئەوانەش لەكاتێكدا بوو، كە پایەی جێنشین لە باوكەوە بۆ كوڕ بوو، نەك بۆ برا، يان مام و برازا، بەڵام لەم قۆناغەدا ئەو یاسایە سەركەوتوو نەبوو.
ململانێی نێوان (ئەمین و مەئموون) كێشەیەكی گەورەی بۆ دەوڵەت و تەنانەت هاووڵاتییانی سنووری دەوڵەتی خەلافەتی عەباسییش دروست كرد، بەوەی خەڵكەكەی بەسەر (دوو) بەرەی (دوو) برادا دابەش كرد. ڕاستە خەلیفە (هاروون ئەلڕەشید) بەرلەوەی كۆچی دوایی بكات، ڕێگەچارەیەكى بۆ كێشەی جێنشین دانابوو، تا دوای خۆی كێشە لەنێوان كوڕەكانیدا دروست نەبێت، بەڵام پلانەكەی سەركەوتوو نەبوو، بەهۆی ئەوەی (ئەمین)ی كوڕە ناونجییەكەی بەسەر (مەئموون)ی كوڕە گەورەكەیدا كردە جێنشین.
ڕاستە هەردووكیان لەدایكبووی یەك ساڵ بوون، بەڵام (مەئموون) لە (ئەمین)ی برای گەورەتر و پێشتر لەدایك بووبوو. كاتێكیش بۆ پایەی جێنشینی دیاری كرا، تەمەنی تەنیا (پێنج) ساڵ بوو. دياريكردنيشى لەسەر داواى (زوبێدە)ی دايكى و چەند ئەندامێكی عەرەبی بنەماڵەكەی بوو لە خەلیفە (هاروون ئەڵرەشید)، تا بیكاتە جێنشینی خۆی و دوای خۆی كێشە لەسەر جێنشین دروست نەبێت. ئەمەو دەسەڵات نەكەوێتە دەست بنەماڵە عەرەبییەكانی دیكە و پێكهاتە ناعەرەبەكانی وەك (فارس، كورد تورك)، كە تا ئە كات دەسەڵاتیان هەبوو، هەروەها دەرفەتیشیان هەبوو بگەنە دەسەڵات.
دیارە دانانی (ئەمین)یش دوای ئەوە هات، كە پەروەردەيەكی عەرەبی كرابوو، لەكاتێكدا (مەئموون) پەروەردەیەكی ئێرانی كرابوو. هەر بۆیە ئەم بڕیارە كاردانەوەی بنەماڵەی بەرمەكیی لەگەڵ خۆیدا هێنا و لە ساڵی (183ك/ 799ز) داوايان لە خەلیفە كرد، بۆ پاراستنی شكۆی دەوڵەتەكەی، یاسای میرایەتیی دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕی گەورە جێگیر بكات، نەك كوڕی بچووك. ئەگەر ئەوەش نەكرا، با كوڕی گەورە بكرێتە جێنشینی دووەم و لەدوای (ئەمین) بگاتە پایەی خەلافەت. تەنانەت ئەوەشیان خستە پێش چاوی كە لەو كارەیدا مافی (دوو) كوڕی دیكەی خواردووە كە (مەئموون و موعتەسەم) بوون.
خەلیفەش بەو داوایە ڕازی بوو و لە ساڵی (186ك/ 802ز) بەفەرمی جێنشینی دووەمی دیاری كرد. تەنانەت بۆ دڵنەوایی كوڕە گەورەكەیشی، ویلایەتی خۆراسانی پێ بەخشی. بۆ سەركەوتنی ئەو كارەش، لە هەمان ساڵدا هەردوو كوڕەكەی لەگەڵ خۆی و گەورە بەرپرسانی دەوڵەتەكەی بردە حەج و لەوێ لە پەنای (كەعبە)ى قیبلەگای موسڵمانان، پەیمانی برایەتیی پێ واژۆ كردن. هەر لەوێشدا بڕیاری دا دوای (مەئموون)، كوڕەكەی دیكەی بەناوی (موعتەسەم)، كە لەوان بچووكتر بوو، بكاتە خەلیفە. بەوەش كێشەی پایەی خەلافەتی لە دیدگای (هاروون ئەلڕەشید)ەوە بۆ (سێ) نەوەی دوای خۆی چارەسەر كرا.
(موحەمەد) ناسراو بە (ئەمین) ساڵی (170ك/ 787ز) لە شاری (بەغدا) لەدایك بووە. ساڵی (193ك/ 809ز) لەژێر كاریگەریی (زوبێدە)ی دایكی لەلایەن باوكییەوە كرایە جێنشین و دوای (18) ساڵ جێنشینیش بووە خەلیفە. (دوو) ساڵ دواتريش هەمان هەڵەی (مووسا)ی مامی و (هاروون ئەلڕەشید)ی باوكی چەندبارە كردەوە، كاتێك لە ساڵی (195ك/ 811ز)دا (مووسا) كوڕی كردە جێنشین و پێچەوانەی وەسیەتەكەی باوكی كارى كرد. بەو كارەشی (مەئموون)ی خستە پەراوێزەوە.
ئەوەش كاردانەوەی (مەئموون)ی بەدوای خۆیدا هێنا و زۆر بەتوندی ڕووبەڕووی (ئەمین)ی برای بووەوە. لە بەرامبەردا (ئەمین) سوپایەكی بە سەركردایەتیی (عیسای كوڕی ماهان) ناردە سەر براكەی لە خۆراسان. سوپاكەی (مەئموون)يش بە سەركردایەتیی (تاهیری كوڕی حوسێن) ڕووبەڕووی وەستا و سوپای خەلیفەی شكاند. تەنانەت (عیسای كوڕی ماهان)یش لە شەڕەكدا كوژرا. ئەو شكستەش وای كرد جارێكی دیكە (ئەمین) سوپایەكی دیكە بە سەركرایەتیی (عەبدولڕەحمانی كوڕی جیلی ئەنباری) بنێرێتە سەر (مەئموون)ى برای، تا ملكەچی بڕیارەكەی بكات، بەڵام ئەمجارەشیان سوپاكەی خەلیفە لە بەرامبەر سوپاكەی (مەئموون) و هەر بە سەركردایەتیی (تاهیری كوڕی حوسێن) لەنزیك شاری (هەمەدان) تێكشكا و نەیهێشت سوپاكەی بگاتە سنووری خۆراسان.
بەم سەركەوتنەش سوپاكەی (مەئموون) بەرەو (بەغدا)ى پایتەخت پێشڕەویی كرد و بە هاوكاریی (هورسومەی كوڕی ئەعیون) گەمارۆی پایتەختی دەوڵەتی خەلافەتی دا. دوای گەمارۆیەكی توندیش، سوپاكەی (تاهیری كوڕی حوسێن) لە ساڵی (198ك/813ز) چووە ناو شاری (بەغدا) و (ئەمین)ی بە دیلیی گرت و كوشتی و دواتر سەری بڕی و كەللەسەرەكەی بۆ (مەئموون) ڕەوانە كرد لە شاری (ڕەی). بەو ڕووداوەش كۆتایی بە دەسەڵاتی شەشەمین خەلیفەی عەباسیی هات.
ئەو ڕووداوەش پێ گوتین: بنەماڵە و دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی، ئەو بنەماڵە ئایینی و دەوڵەتە ئایینییە گەورەیە نەبوون، كە كۆمەڵگای ئیسلامی لەو كاتەدا هیوایان لەسەر هەڵچنیبوو، بەڵكوو ئەندامانی بنەماڵەیەك بوون، كە بۆ مەبەستی سیاسی و گەیشتن بە دەسەڵات، ئایینی ئیسلام و كۆمەڵگای ئیسلامیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكار هێنا.