عیرفان عەزیز عەزیز:
لەدوای ساڵی 1992، سیستەمی بانكی و کارگێڕیی بانكی لە کوردستان نەک لە ئاستی خواستی گەلی کوردستاندا نەبووە، بەڵکوو بەو شێوازە کۆنەوە ئەوەی هەیە لە کوردستان ناتوانێ وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵک بێت، بەتایبەت دیمەنێکی تەواو ناشرینی نۆرەگرتنی مووچە لە بانكەکان و قەرەباڵغی تا ئاستی بوورانەوە و وەفاتیش تۆمار کراوە، ئەمە جگە لەوەی گلەیی خەڵک لە ئاست ئەو سیستەمە کۆنە بانكییەی لە کوردستاندا هەیە، کە لە ئاستی خراپیی سیستەمەوە بە هیچ شوێنێک بەراورد ناکرێت.
ئێستا بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرمەشقی پرۆژەیەکە و دەست کراوە بە کردنەوەی حساب بانكی نوێ بۆ فەرمانبەران، لەژێر ناوی (هەژماری من). لە پەیامێکدا دوێنێ بەڕێز مەسرور بارزانی گوتی: ”بەخۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ یەکەم هەنگاوی پڕۆژەی (هەژماری من) کەوتە کار، کە خەڵک دەچن بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی مووچە وەردەگرن.“
ئەم پرۆژەیە لە قۆناغی یەکەم وەکوو نموونە بە 850 کەس دەستی پێکردووە و دوو ساڵ کاتیان بۆ داناوە، تاوەکوو لەو ماوەیەدا حکوومەت بتوانێت ژێرخان بۆ پڕۆژەکە جێگیر بکات و تەواوی مووچەخۆران بەو سیستەمە مووچەی مانگانەیان وەربگرن.
ئەوەی زۆر گرنگە لەم پرۆژە ئەوەیە، کە شۆڕشێک لە کەرتی بانكی و پتەوكردنی ژێرخانی ئابووریی کوردستان دروست دەکات، وەک پلانی بۆ دانراوە، لە دوو ساڵی داهاتوو ملیۆنێک مووچەخۆر کارتی خۆیان دەبێت و هەزار بنکەی (ATM) لە سەرتاسەری کوردستان دەکرێتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەم هەنگاوە رووبەڕووی ئالنگاریی گەورە دەبێتەوە، یەکێک لەوانە، گێڕانەوەی متمانەی نێوان خەڵک و بانكەکانە، دواتر دەست گەیشتن بە پارە لە هەر شوێنێک و حەواڵەکردنی پارە لەنێوان دەوڵەتان، بەبێ ئەوەی سەردانی نووسینگەی گۆڕینەوەی دراو بکەیت، کە ئەمە هەنگاوە گرنگەکەیە.
ئەم هەنگاوانەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، شۆڕشێكی ئابوورییە و بەدڵنیاییەوە ئایندەیەكی گەش بۆ كوردستان و كوردستانییان دەهێنێتە دی، پرۆسەكە ئارامە و هەنگاوەكانیش ورد و رژدن، بەڵام داهاتوویەكی پرشنگدار لەسایەی ئەم دیدە دروستەی مەسرور بارزانی بۆ حوكمڕانی، چاوەڕێمان دەكات، بۆیە پێویستە هەموان لەپێناو كوردستاندا، پشتیوانی ئەم هەنگاوانە بین و ئایندەمان لەبەر چاو بێت.