بۆچی مردن هۆکارێکی سەرەکی بەردەوامبوونی ژیانە؟

توخمی کاربۆن پێکهاتەی سەرەکی هەموو خانە زیندوەکانە لەسەر هەسارەی زەوی، زیندەوەرەکان بە گشتی بە هەموو جۆرەکانیانەوە لە ماددە ئۆرگانیکەکان پێک دێن، ماددە ئۆرگانیکەکانیش لە سێ توخمی سەرەکی دروست دەبن کە پێکهاتەی سەرەکی ژیانن، ئەوانیش بە پلەی یەکەم کاربۆنە و دوایی ئۆکسجین و دواتر هایدرۆجینە، کاربۆن کە گرنگترینی ئەو سێ توخمەیە لە سوڕێکی بەردەوامدایە لە سروشت…

بۆ ئەوەی ژیانی نوێ بە بەردەوامی دروست بێت لەسەر هەسارەی زەوی دەبێت سوڕی کاربۆن لە سروشت بەردەوام بێت لەسەر ڕووی سەرەوەی و توێکڵی زەوی، مردنی زیندەوەرانیش هۆکارێکی سەرەکی بەردەوام بوونی سوڕی کاربۆنە لە سروشت و بەبێ مردن و شیبوونەوەی جەستەی بوونەوەرەکان ئەو سوڕە پچڕانێکی گەورەی تێدەکەوێت و بەو شێوەیە بەردەوام نابێت کە ئێستا هەیە، هەر بۆ نمونە ئەو کاربۆنەی دەیسوتێنین و دەچێتە نێو بەرگە هەوا لە ئەمڕۆدا لە ڕێگەی سوتاندنی خەڵوزی بەردین و نەوت و گازی شل هەمووی ڕاستەوخۆ بەرهەمی مردن و شیبوونەوی پلانکتۆنەکانن کە زیندەوەری یەکخانەیی بوون و هەروەها بەرهەمی ڕووەکەکانیشن کە پێشتر مردون و لەناوچوون، دوای مردنی پلانکتۆنەکان و ڕووەکەکان و نیشتنی قوڕ و لیتە لەسەریان و دواتر لە ژێر پەستان و پاڵەپەستۆ گۆڕاون بۆ نەوت و خەڵوزی بەردین، ئەو گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەی بەرهەمیش دێت لەو سوتانە دەبێتەوە وزە و خۆراک بۆ ڕووەکەکان لە ئێستادا و ئەوەش تەنیا نمونەیەکی بچوکی سوڕی کاربۆنە لە سروشت…

نمونەیەکی تریش ئەوەیە کە هەموو زیندەوەران بە مرۆڤەکانیشەوە کە هەڵگری ڕێژەیەکی زۆرن لە پێکهاتەی کاربۆن، دوای ئەوەی دەمرن بە ماوەیەکی کەم خانە و لاشەکانیان لەڕێگەی بەکتریا و مێرووەکان و زیندەوەری تر شی دەبێتەوە، ئەو بڕە کاربۆنەی لە پێکهاتەکانیاندایە دەگەڕێتەوە بۆ سروشت و تێکەڵ بە خاک و ئاو و هەوا دەبێتەوە، هەمان شت ڕاستە بۆ ڕووەکەکان و هەموو جۆرە زیندەوەرەکانی تر دوای مردنیان، گەڕانەوەی ئەو کاربۆنە بۆ سروشت لە ڕێگەی هەوا و ئاو و خاک و بەردەوامی سوڕەکەی دەبێتە هۆی بەخشین هەروەها بەردەوامی ژیان بۆ هەموو بوونەوەرەکانی تر لە هەموو جۆرە زیندەوەرەکان و ڕووەکەکان…

لەلاتان سەیر و سەمەرە نەبێت ئەگەر بڵێم ئەو بڕە کاربۆنەی کە لە لەشی هەریەکەماندا هەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەو سێ ملیار ساڵەی ڕابردوو لە بوونی ژیان لەسەر هەسارەی زەوی بەشـێک بووە لە پێکهاتەی زۆر زۆر لە بەکتریاکان و ترلیۆنەها ڕووەک و زیندەوەری تریش، بە گیاندارە ئاویەکان و داینەسۆرەکانیشەوە، هەروەها بە پێکهاتەی جەستەی ئەو پتر لە سەد ملیار مرۆڤەی تر کە بەدرێژایی مێژوو پێشتر ژیان و هەبوون و مردن…

خەییام لە یەکێک لە چوارینەکانیدا وەسفێکی زۆر جوانی بۆ ئەمە هەیە و بەکورتی دەڵێت: ڕێز لەو گڵ و خاکە بگرە کە بەسەریدا دەڕۆیت چونکە هەر مشتێكی ڕۆژێک لە ڕۆژان دور نیە پێکهاتەی جەستەی مرۆڤێکی تری وەکو تۆ بووبێت..!

وردەکاری زیاتر…
ئێستا دەزانین دروستبوون و سەرهەڵدانی ژیان لەسەر هەسارەی زەوی بۆتە هۆی ئەنجامدانی گۆڕانکاری گەورە لەسەر ڕووی زەوی و لە نێو زەریاکان و لە نێو بەرگە هەوا بە دریژایی پتر لە سێ ملیار ساڵ، بۆ نمونە جۆرە بەردێک هەیە و دروستبووە لەسەر زەوی Stromatolites بەهۆی بوونی جۆرە خانەیەکی سەرەتایی بۆ ماوەی پتر لە دوو ملیار ساڵ لە نێو پانتاییە ئاویەکان کە وزەی لە تیشکی خۆر و گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن وەردەگرت، ئەو جۆرە خانەیە کە زۆر بە بەربڵاوی لەنێو ئاودا هەبوو لە زۆربەی شوێنەکانی سەر هەسارەکەمان توانی زۆربەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی نێو بەرگە هەوای هەسارەی زەوی بگۆڕێت بۆ گازی ئۆکسجین، ئەو کاتە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن پێکهاتەی سەرەکی بەرگە هەوای زەوی بوو، لە ئەنجامیشدا دوای مردنی ئەو خانانە ئەو توخمە کاربۆنەی لەنێو لەشیدا هەبوو دەبوو بە چینی زۆر ئەستور لەو جۆرە بەردەی سەرەوە، ئێستاش ئەو بەردانە لە زۆربەی شوێنەکانی سەر ڕووی هەسارەکەمان ماون وەکو کەندڕی گراند کانیۆن بۆ نمونە لە ئەمەریکا…

نووسینی: لوقمان حەوێز

ھەواڵی زیاتر