رۆژی پێنجشەمەی رابردوو، سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندیی بە سەرۆک پووتینەوە دەکات و داوای لێدەکات کە هەرچۆنێک بووە دیدارێکی لەگەڵ بەشار ئەسەد، کە پێشتر ناوینابوو قەسابەکەی دیمەشق، بۆ رێکبخات. مۆسکۆ لەبەردەم کامێراکاندا بە گەرمی پێشوازیی لەم داواکاریەی ئەنقەرە دەکات، بەڵام لەپشتی پەردەکانەوە، نە پەلەیەتی کە ئەم دیدارە رێکبخات نە ئەسەدیش پێی خۆشە لە ئێستا و ئێرەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان ببینێت.
هەردوو پایتەخت دەزانن کە لە شەش مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە تورکیادا بەڕێوەدەچێت و پێیان باشە، گەر پێشهاتی دیکە نەیەتە ئاراوە و ناچاریان بکات، ئەم دیدارە دوابخەن بۆ پاش هەڵبژاردنەکان. بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان پەلەیەتی و دەیەوێت بە هەر نرخێک بووە و لە هەر دۆخێکدا بووە، ئەم دیدارە سازبدات و گەر ناچاریش بێت، ئامادەیە خودی خۆی سەردانی دیمەشق بکات.
لەڕاستیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان دەیەوێت، هەموو تواناکانی بخاتە کار، بۆئەوەی پێش مانگی شەشی ساڵی داهاتوو سێ دۆسیەی گەورە، کە بوون بە گرفتی دراماتیک لەسەر رێگەی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی کۆماری، یەکلایی بکاتەوە.
پەنابەرانی سووری: لە برایەتیی ئیسلامییەوە بۆ رقێکی ئەستوور
کاتێک گەلانی سووریا دژ بە رژێمی ئەسەد لە 2011دا رادەپەڕن، تورکیا هەموو باوەشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی و ئابوورییەکانی بۆ پەنابەرە سوورییەکان دەکاتەوە و گرەوی رۆژانە لەسەر کەوتنی رژێمی ئەسەد و جێگرتنەوەی بە رژێمێکی سووننی دەکات. لەو ساتەوەختانەدا، پەناهەندەی سووری برایەکی موسڵمان بوو، کە تورکیا دەبوو بە وڵاتی دووەمیان. لە دۆخێکی ئاوادا، هەزاران هەزار سووری روودەکەنە تورکیا و بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەیان لە چوار ملیۆن نزیک دەبێتەوە.
بەڵام تێپەڕینی زەمەن، 12 ساڵ پاش راپەڕینی گەلانی سووریا، یادەوەریی دەستەجەمعی کۆمەڵگەی تورکی بەرامبەر ئەم پەنابەرانە دەگۆڕێت و چیدی پەنابەر برایەکی موسڵمان نییە کە دەبێت بە هەموو شێوەیەک هاوکاری بکرێت، بەڵکو فیگەرێکی رەزا قورسە، بارێکی هەڵنەگیراوە و ئەوەیە کە لە زمانی دیپلۆماسیەتی لاتینی کۆندا پێیانوتووە «شخصا غير مرغوب فيه» (persona non grata).
لەنێو ئەم یادەوەریە دەستەجەمعیە تورکیەشدا، بەرپرسیاری یەکەمی ئامادەیی ئەم چوار ملیۆن سوورییەش تەنها رەجەب تەیب ئەردۆغانە و ئەو سیاسەتەیە کە لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا لە بەرامبەر کێشەی سووریادا گرتوویەتیەبەر. لێرەوە، چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە دەبێتە فەرمانێکی هەنووکەیی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغانێک کە دەیەوێت بە هەر نرخێک بووە ببێتەوە بە سەرۆککۆماری داهاتووی تورکیا.
گرفتەکە لەوەدایە کە بژاردەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان یەکجار سنووردارن و رووبەری جووڵانەوەی یەکجار تەسک بووەتەوە و کاتێکی کەمیشی لەبەردەستدا ماوە. لەڕاستیدا تەنها دوو بژاردەی هەیە کە بریتین لە: داگیرکردنی کوردستانی سووریا و دروستکردنی کەمپ لەو ناوچانەدا کە داگیریان دەکات و پاشان جێگیرکردنی زۆرەملانەی کۆچبەران لەو کەمپانەدا، یان رێککەوتن لەگەڵ بەشار ئەسەددا بۆئەوەی لەم رێگەیەوە پەناهەندە سوورییەکان بگەڕێننەوە بۆ شار و شارۆچکەکانی خۆیان.
لە بەرامبەر بژاردەی یەکەمدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رووبەڕووی رەفزێکی ئێرانی، رووسی، عەرەبی، ئەوروپی و ئەمریکی بووەتەوە و تەنانەت دۆستە هەرە نزیکەکانی تورکیاش پێیانوایە داگیرکردنی رۆژئاڤای کوردستان هەڵەیەکی ستراتیژییە و نابێت تورکیا بیکات. هەروەها لەبەرامبەر بژاردەی دووهەمیشدا، ئەسەد چەندین جار دووبارەی کردووەتەوە کە کۆمەڵگەی سووری لە ئێستادا کۆمەڵگەیەکی گونجاوە و یەکگرتووە و تەواو هاوسەنگە و بە هیچ شێوەیەک نایەوێت ئەو 13 ملیۆن سووریەی (بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆی پەناهەندە و راگوێزراوەکانی سووریا 13 ملیۆن تێدەپەڕێنن) کە زۆرینەی هەرە زۆریان سووننەن، بگەڕێنەوە و دیسانەوە هاوسەنگیی مەزهەبی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و دیمۆگرافیک لە سووریادا تێکبدەن. بە دیوێکی دیکەشدا، ناردنەوەی زۆرەملانەی هەزاران هەزار پەناهەندە، بە گریانی ژن و منداڵەوە لەبەردەم کامێراکانی دنیادا، ریسکێکی گەورەیە بۆ سەرمایەی رەمزیی رەجەب تەیب ئەردۆغان.
لە هەلومەرجێکی ئاوادا، پێموایە دەستبردن بۆ دۆسیەی پەنابەرانی سووریا، بە هەر دیوێکدا بێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە کە گریمانەی دەرنەچوون لێیی، زۆر بەهێزترە تاوەکو دەرچوون و سەرکەوتن، بەتایبەتی کە کاتێکی یەکجار کەمی لەبەردەستدا ماوە بۆ هەڵبژاردنەکان.
رۆژئاڤای کوردستان: بڕیارە هەڵەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان!
ستراتیژیەتی دروستکردنی وێنەی هەڕەشەیەک بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکی لە رۆژئاڤای کوردستان، یەکێکە لەو بژاردانەی کە رەجەب تەیب ئەردۆغان کاریان لەسەر دەکات و پێیوایە، لە دۆخی ئابوورییەکی شکستخواردوودا (هەرگیز ئابووریی تورکیا هێندەی ئێستا لە شکستدا نەبووە)، پرسی جیۆپۆلیتیک دەتوانێت شانسی بردنەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوودا بەرزبکاتەوە. گرفتەکە لەوەدایە کە هیچ پایتەختێکی جیهانی، بە دیمەشقی ئەسەدیشەوە، ئامادە نییە پشتیوانی لە هێرشی سەربازی بۆ سەر خاکی کوردستانی سووریا بکات.
لە ئاستێکی تردا، ئەوەی لەم چرکەساتەدا روودەدات، دەرەنجامی زنجیرەیەک لە بڕیاری هەڵەی سیاسی و ستراتیژیی 12 ساڵی رابردووی تورکیایە لە بەرامبەر رۆژئاڤای کوردستاندا. بۆ نموونە، لەبری مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژئاڤادا وەکو دووژمنێک کە دەبێت لەناوببرێت، دەکرا وەک دۆستێک کە دەبێت هەرس بکرێت، مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان و تورکیا بە شێوەیەکی گشتی دەبێت تێبگەن لەوەی کە جیهان گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە و ئامادەیی کورد لەنێو پەیوەندییە جیهانییەکاندا، هەمان ئامادەیی سەدەی بیستەم نییە. ئێستا کورد بەلای کەمەوە دوو کیانی دەوڵەتی هەیە، کورد سەرۆککۆمارە، وەزیری دەرەوەیە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانە، باڵیۆزە و لە چەندین وڵاتی جیهاندا نوێنەرایەتیی هەیە. لە هەولێردا زیاتر لە 35 کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتیی دەوڵەتان هەن و سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو سەرۆکی دەوڵەتێک لە دنیادا پێشوازیی لێدەکرێت. هەروەها لە رۆژئاڤای کوردستان، کورد وەکو تێکشکێنەری یەکەمی داعش لە جیهاندا ناسراوە و تائێستاش ئەمریکا و فەرەنسا ئامادەییان لە رۆژئاڤادا هەیە.
تورکیا دەبێت لەوە تێبگات کە باوەشکردنەوە بۆ کورد بەگشتی و بۆ کوردستانی رۆژئاڤا بەتایبەتی، دەرفەتێکی زۆر باشترە بۆئەوەی هەم هەرسی بکات و هەمیش رێگەیەک بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیخوازانە بۆ کێشەی کورد لە تورکیادا. ئەم بژاردەیە دەکرێت چەند کاتیگۆرییەکی کۆمەڵایەتی لە تورکیادا بێزار بکات، بەڵام دەکرێت چەندین کاتیگۆری دیکەش رازی بکات و ببێتە سەرکەوتنێکی گەورە لە ئێستا و ئێرە و تەنانەت لە داهاتووشدا بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان.
کوردستانێکی سووریای دۆستی ئەنقەرە، زۆر باشترە بۆ ئاسایش و سەقامگیری و گەشەی ئابووری لە تورکیادا، تاوەکو کوردستانێکی سووریای دووژمنی ئەنقەرە کە هەزاران ملیۆن دۆلار لە دژایەتیکردنیدا خەرجبکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جیۆپۆلیتیکی هەبێت.
باشترین نموونەش هەرێمی کوردستانە. هیچ وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە، هێندەی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی ئابووری و سیاسی و ئەمنی و جیۆپۆلیتیکی تورکیا نییە، لە کاتێکدا، لە نەوەدەکاندا تورکەکان پێیانوابوو کە هەرێمێکی کوردستان یەکسانە بە هەڕەشەیەکی گەورە بەسەر تورکیاوە!
جەنگاوەرە سوورییەکان ئاشبەتاڵ ناکەن!
لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا، هەزاران جەنگاوەری سووری لەلایەن تورکیاوە پڕچەک کراوان و مەشقیان پێکراوە و ئامادەکراون بۆ جەنگی یەکجارەکی دژ بە رژێمی ئەسەد. ئەم چەکدارانە بە چەندین ئەزموونی گرنگدا تێپەڕیون و لە چەندین تاقیکردنەوەدا دەرچوون. ئێستا کە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەیەوێت لەگەڵ بەشار ئەسەددا ئاشت ببێتەوە و بە ئومێدی ئەوەیە کە ئەم چەکدارانە ئاشبەتاڵ بکەن، پێموایە خواستێکی تەواو ناعەقڵانییە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان دەتوانێت لەگەڵ ئەسەددا ئاشت ببێتەوە، دەتوانێت دەستبخاتەوە نێودەستی و دیسانەوە پێی بڵێت: براکەم چۆنی؟ هەروەها دەتوانێت گرفتی گەورەش بۆ ئەم هەزاران هەزار چەکدارە دروستبکات، بۆ نموونە سنووریان لەسەر دابخات، یارمەتییەکانیان لێ ببڕێت، بەڵام زۆر ئەستەمە کە بتوانێت چەکیان بکات و ناچاریان بکات بە ئاشبەتاڵ، چونکە تورکیا تەنها ئەکتەرێکە لە کۆی ئەو ئەکتەرانەی دیکەی کە دەستوەردانیان لە هاوکێشەی سووریدا هەیە و پاشان 12 ساڵ لە ئەزموونی ئەم چەکدارانە رێگەیان پێدەدات کە نەک هەر بە فۆرمی دیکە بەردەوام بن، بەڵکو ببنە هەڕەشەش بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری لە تورکیادا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان تەواو وشیارە بەوەی کە ئەنقەرە چەندین رکابەر و دووژمنی لە جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە و هەر یەکێک لەم رکابەر و دووژمنانەش بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆئەوەی تورکیا لاواز و لاوزتر بکەن. یاخیبوونی ئەم هەزاران سەربازە خاوەن ئەزموونە لە تورکیا، دەکرێت بکەنە دەرفەتێک بۆئەوەی درزی گەورە بخەنە ئاسایش و سەقامگیریی تورکیا و گورزی سەختی لێ بوەشێنن.
لێرەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەبێت وشیار بێت بەوەی کە نابێت لە سبەینێیەکی نزیکدا چاوەڕوانی ئاشبەتاڵێکی گەورە بکات.
کۆتایی
هەموو ئەم هۆکار و دۆخ و هەلومەرج و پەیوەندی هێزانە من دەگەیێننە ئەو قەناعەتەی کە پێموابێت، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆڵانێکی داخراودایە، چونکە هەر یەکێک لەو بژاردانەی کە لەبەردەستیدان، یەک لە یەک تراژیدیترن و ریسکی هەر یەکێکیان لەوی دیکەیان کەمتر نییە. هەموو ئەمانەش وادەکەن کە بڵێم: ئێستا لە هەموو کات زیاتر، داهاتووی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبەردەم مەترسییەکی جیددیدایە و دەکرێت مانگی شەشی ساڵی داهاتوو تورکیا ببێتە خاوەنی سەرۆکێکی دیکە… دواتر ئەمەشە وادەکات کە بەشار ئەسەد، هیچ پەلە نەکات بۆ بینین یان وەڵامدانەوەی تەلەفۆنەکەی سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا و لە چاوەڕوانیی سەرۆککۆمارێکی دیکەدا بێت.
عادل باخەوان