سیحری ئاڵا لە كوێوە دێت؟
– ئەو هێزە چییە چەند ڕەنگێك دەكاتە ڕەمزی نەتەوەیەك؟
لەو ڕۆژانەدا، كە یارییەكانی مۆندیال لە وڵاتی قەتەر لە گەرمەیدایە، زیاتر لە هەموو كاتێك سەرنجم چووەتە سەر یاریكەری هەڵبژاردەكان و هاندەرەكانیان، هەڵسوكەوت و جۆشوخرۆشیان. ئەوەی لە هەموو شتێك زیاتر سەرنجی ڕاكێشاوم، بەرزكردنەوە و نەخشاندنی ئاڵای وڵاتەكانیانە لەسەر فانیلە و جلوبەرگیان.
– ڕازاندنەوەی شوێنی دانیشتن و سەیارە و دروشمەكانیانە بە ڕەنگی ئاڵای وڵاتەكانیان.
– لەو بەینەدا، من هەر خەمباری و كەساسیم بۆ ماوەتەوە، جگە لە حەسوودیبردنێكی بێسنوور بۆ ئەو هەستە بەرزەی هەیانە.
{ ئەوە بۆ سروودی نیشتمانییشیان هەر ڕاستە، وەختێك سروودی هەر وڵاتێكیان لێ دەدرێت، جگە لە یاریكەرەكانی ناو یاریگا، یاریكەرە یەدەگ و تەواوی ستافییان، هەتا ئەو منداڵ و پیر و هاندەرانەی لەگەڵیاندان، هەموویان هەڵدەستنە سەر پێ و لە دڵەوە سروودی نەتەوەیی و نیشتمانیی وڵاتەكانیان دەڵێنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ (چڵیتێكیان) بە بیانووی ئەوەی وشەیەكی سروودەكەی بە دڵ نییە، وەك ماكەر پاڵداتەوە و هەڵنەستێت و نەیڵێتەوە).
ڕۆژی ئاڵا
ئەمڕۆ شەممە واتا ١٧ی١٢ ڕۆژی بەرزكردنەوەی ئاڵایە لە كوردستان، ڕۆژی ڕێزگرتنە لەو ڕەنگانەی بەسەر ئاڵاكەوەن، ئەو ئاڵایە و ئەو ڕەنگانە، ئەو شكۆ و ڕێزەیان لەكوێوە هێناوە؟
– ڕاستە ئاڵا پارچە قوماشێكە، بەڵام تەنیا كردنی قوماشەكە بە ئاڵا و ڕێكخستنی ئەو ڕەنگانە لە شێوە ئاڵادا، نرخ و بەهای ئەو قوماشە لە پارچەیەكەوە دەگۆڕێت بۆ شكۆ و ڕەمز و مانەوە.
– بەرزڕاگرتنی ئاڵا واتا بەرزڕاگرتنی نەتەوەیەك.
– كە ئاڵا لە شوێنە بەرزەكان، لەسەر سنوور و دەروازەكان شەكایەوە، هێزی ئەو ئاڵا شەكاوەیەیە، كە بازاڕەكان كراوەن كە قوتابخانەكان بەردەوامن، كە زانكۆكان دەرگایان لەسەر پشتە، كە ماڵەكان ئارامن، كە منداڵەكان خەوتوون.
– شەكانەوەی ئاڵا بەسەر سینگی یاریزانەكانەوە، شەكانەوەی ئاڵا بەسەر سینگی قوتابییانەوە، بەسەر فەرمانگە و باڵەخانەكانەوە، واتا بەردەوامیی ئارامی و بەردەوامیی ژیان.
هەر بۆ نموونە:
– كاتێك سوپای ئیسلام بەسەر سوپای ئیمپڕاتۆریەتی ساسانییدا سەر كەوت، هەموو شارەكانیان داگیر كرد و كۆشك و فەرمانگە و مۆڵگەكانی سوپا و سەڵتەنەتیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەرگری نەما و هەموو سەروەت و سامانی وڵاتیان كەوتە دەست، هەتا مرۆڤەكانیان وەك سەرمایە حیساب كرد و شەڕكەریان كوشت و ژنانیان كردنە غەنیمە و پیاوانیان كردنە كۆیلە و بەشی هەرە زۆری گەوهەر و ژنە جوانەكانیان وەك دیاری ناردەوە بۆ پایتەختی خۆیان و بەسەر سەركردە و گەورەپیاوانی پایتەختدا دابەشیان كردن. هەتا باس لەوە دەكرێ، كە ئیمامی حوسێن یەكێك لەو ژنانەی بەناوی شەهربانوو مارە كردووە، كە دواتر دەبێتە دایكی عەلی كوڕی حوسێن (زین ئەلعابیدین).
– ئەوەی گرنگە، دوای ئەو هەموو سەركەوتنەی لەشكری ئیسلام و عەرەبەكان بەدەستیان هێنا، هێشتا ئاسوودە نەبوون، چونكە ئاڵای ساسانییان بەدەست نەكەوتبوو، ئاڵای مەملەكەتی ئێرانی بەناوبانگ بوو، یەك تاكە ئاڵاش بوو، هەموو پادشاكان یەك بەدوای یەكدا پاراستبوویان و لە گرنگترین شوێن هەڵیانگرتبوو، ئەوە جگە لەوە، هەر پادشایەی گەورەترین و بەنرخترین گەوهەری سەردەمی خۆی پێوە كردبوو، دوای قوربانیدان و گەڕانێگی زۆر، لەشكری عەرەبان توانییان شوێنی ئاڵاكە بدۆزنەوە و دەستی بەسەردا بگرن.
– لە كۆبوونەوەیەكدا، كە هەموو سەركردە دیارەكانی سوپای ئیسلام ئامادەی دەبن، بە شمشێر ئاڵاكە لەنێوان خۆیاندا دابەش دەكەن و هەر سەركردەیە بەشێك لە گەوهەرەكانی و بەشێك لە پێستەكەی بەردەكەوێ. دوای لەتلەتكردنی ئاڵاكە، ئاهەنگی سەركەوتن دەگێڕن و دڵنیا دەبن، كە ئاڵایەك نەما تا جەنگاوەرەكانی ساسان لەژێریدا كۆ ببنەوە. دڵنیا بوونەوە كە ئاڵایەك نەما تا خەڵكی هەوڵ بدەن بیپارێزن. كە ئاڵاكەیان لەتلەت كرد، جا باوەڕیان بەوە كرد، كە مەملەكەتی ساسانیان ڕووخاندووە.
– كەواتە جگە لەو هەموو قوربانییەی بۆ پاراستنی ئاڵا دراوە، ئاڵاش ئەو ڕەمزەیە كە گەل كۆ دەكاتەوە و مانایەك بە بەرگری و مانەوە دەدات.
– ئەو گەلەی ڕێزی سروودی نیشتمانی و ئاڵاكەی نەگرێ، هەرگیز شایانی ئەوە نییە، ناوی لەنێو نەتەوەكاندا بنووسرێ.
– كورد سەرەڕای ئەوەی كیانی سەربەخۆی نەبووە، سنووری سووری باوەڕپێكراوی نەبووە، بەڵام هەمیشە ئاڵایەك لەناو دڵ و سردوودێك لەسەر زمانی هەبووە، كە جێگەی بێوڵاتی و بێكیانیی بۆ گرتووەتەوە.