یەكێتی، نە قیادەی ماوە نە رێكخستن
جەمال عەبدوڵڵا:
حزب كە سەركردە و سەركردایەتیی نەبوو، وەك یەكێتییەكەی ئێستای لێ دێت، كە دەڵێم سەركردە و سەركردایەتی، لای من سەركردە و سەركردایەتی پێناسە و مواسەفاتی خۆی ھەیە، لای من سەركردە و سەركردایەتی ئەوە نیە كە كۆمەڵێك قەوم و قیلە خڕ ببنەوە و بە یەكێك بڵێن سەرۆك فڵان و فڵانی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی. ھەر بۆ ڕوونكردنەوە با ئەم نموونە سادە و بچووكە بێنمەوە:
دەڵێن پێش ئەوەی لافاوە گەورەكە دروست ببێت، بێجگە لە حەزرەتی نووح كەسی تر نەیدەزانی ئەو لافاوە دروست دەبێت، بەڵام حەزرەتی نووح چونكە سەركردە بوو و مواسەفاتی سەركردەی تیابوو، دەیزانی لافاوێكی گەورە دروست دەبێت، بۆیە گوتی: ”كەشتییەكی گەورە دروست بكەن“ دواتر كە كەشتییەكەیان دروست كرد و ئنجا لافاوە گەورەكە دروست بوو، چوونە ناو كەشتییەكە، ئەمجارەیان حەزرەتی نووح دەڵێت: ”فیل لای كەروێشكەوە دامەنێن و مەھێڵن فیل كەروێشك ببینێت“
جا ئەوەی یەكەمیان واتە دروستكردنی كەشتییەكە پێش لافاو، ئەوە قیادەیە، بەڵام كە لەناو كەشتییەكەدا نووح دەڵێت فیل لای كەروێشكەوە دامەنێن، ئەمەیان ڕێكخستنە. لێ ئەوەندەی من سەرنج لەم یەكێتییەی ئێستا دەدەم، نە قیادەیە و نە ڕێكخستن، چونكە ئەگەر قیادە هەبوایە پێشتر دەبوایە بیزانیایە كاندیدە فەرمیەكەیان بۆ پۆستی سەركۆمار دەرناچێت، ئەگەر ڕێكخستنیش هەبوایە، نەدەبوو خۆی لای فیلەوە دابنێت و ململانێ لەگەڵ فیلدا بكات! ئەزانن بۆچی؟ ئەوە بۆ ئەوەی كە دكتۆر لەتیف ڕەشید دەرچوو، ھەر یەكسەر نەیانگوتایە ئەویش كاندیدی یەكێتییە!
بەڵام كە ئێستا دەزانن سەركۆماریان وەك یەكێتی حساب كردووە و خاڵەكانی پۆستی سەركۆمار ھیچ پۆستێكی تری بۆ یەكێتی نەھێشتووەتەوە، ئنجا دەڵێن: ”نا نا، دكتۆر لەتیف ڕەشید نابێت لەسەر یەكێتی حساب بكرێت!“ ئەمەش لەبەرئەوەی كە وەزارەتیان بەربكەوێت، یەعنی سەركۆمار ھی یەكێتییە و ھی یەكێتییش نیە!
سەرەتا بۆ ئەوەی ئیحراج نەبن، گوتیان لەتیف ڕەشید كاندیدی ئیحتیاتی یەكێتی بووە و خۆشحاڵین ئەو پۆستە لای یەكێتی ماوەتەوە! بەڵام كە ئێستا كاتی دابەشكردنی وەزارەتەكان ھاتووە، دەڵێن: ”نا ئاخر خۆی تۆ با عەرزت بكەم، لەتیف ڕەشید نابێت بە تەنیا لەسەر یەكێتی حساب بكرێت!“ واتە بەم حسابە تازەیەی یەكێتی، لەتیف ڕەشید نیو پارتی و نیو یەكێتییە، بۆیە دەبێ چوار وەزارەتەكەی كە لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بەر كورد دەكەوێت، ئەویش نیو بە نیو بێت! واتە دوانیان بۆ پارتی و دوانیشیان بۆ یەكێتی بێت، ئاخر خۆ لە خۆمەوە ناڵێم یەكێتییەكەی ئێستا نە قیادەیە و نە ڕێكخستن! نە پێش لافاو دەزانێت لافاو ڕوو دەدات و نە لەناو كەشتییەكەشدا فیل لە كەروێشك جیا دەكاتەوە!