هه‌ستی خۆبه‌كه‌مزانینی كورد
زۆرجار بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه بۆچی مرۆڤی كورد خۆی به بچووك ده‌زانێت له به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی دیكه، ئه‌م خۆ به‌كه‌مزانینه له چییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟ ئایا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌تمان نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه میلله‌تێكی چه‌وساوه‌ین، یا مێژوومان وه‌ك پێویست نه‌نووسراوه‌ته‌وه و شتێك شك نابه‌ین شانازی پێوه بكه‌ین؟ به‌دیاریكراوی ناگه‌مه هۆكارێكی روون، به‌ڵام ده‌شێ یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ستی خۆبه‌كه‌مزانینی تاكی كورد، كاریگه‌ریی تێڕوانینی داگیركه‌ره‌كانی بێت له‌سه‌ری و له رێی ئه‌وانه‌وه گوێزرابێته‌وه بۆ ناو كورد. بێگومان هه‌ر یه‌ك له نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی تورك و عه‌ره‌ب و فارس كه هه‌ریه‌كه‌و به‌شێك له خاك و خه‌ڵكی كوردستانیان داگیركردووه، به چاوێكی كه‌م و بێبایه‌خ له مرۆڤی كورد ده‌ڕوانن، ئه‌م تێڕوانینه‌ی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كان، به‌پێی كات گواستراوه‌ته‌وه بۆ ناخی تاكی كورد، تا خۆیشی خۆی به بچووك ببینێت.
ئه‌م خۆبهبچووكزانینه له به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی دیكه هێنده باڵای كردووه، سه‌ری كێشاوه بۆ رق له كوردبوون و هه‌ندێكجار له شێوه‌ی بێگانهپهرستیدا به‌رجه‌سته ده‌بێت. خه‌ریكه به ئه‌ندازه‌یه‌ك گه‌شه ده‌كات كه ته‌نها له ناخ و ئه‌ندێشه‌ی تاكه‌كانیشدا قه‌تیس نه‌خوات، به‌ڵكو له نووسین و به‌رهه‌می به‌شێك له نوخبه‌ی رۆشنبیر و نووسه‌رانیشدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه. هه‌موو شتێكی كورد ره‌تده‌كه‌نه‌وه، باشترینی كوردیان پێ كه‌متره له خراپترینی گه‌لانی دیكه. له‌كاتێكدا كورد له هه‌موو روویێكه‌وه زۆری به‌سه‌ر نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه هه‌یه.
ئه‌م هه‌سته گه‌یشتووەته ئاستێك ته‌نانه‌ت لای به‌شێك له نووسه‌ر و مێژوونووسانیش كورد وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی ده‌ره‌وه‌ی مێژوو ده‌بینن، له كاتێكدا كورد نه‌ك هه‌ر به‌شێكی گرنگه له مێژووی مرۆڤایه‌تی، به‌ڵكو خاوه‌نی شارستانییەتی سۆمه‌رین، كه سه‌رچاوه‌ی شارستانییه‌تی هه‌موو مرۆڤایه‌تییه. كورد خاوه‌نی چیرۆكی ئاده‌م و حهوایە، پێش ئه‌وه‌ی له كتێبه ئاسمانییه‌كاندا بگێڕدرێته‌وه، خاوه‌نی نوح و ئیبراهیم باوكی پێغه‌مبه‌رانین، وه‌ك فه‌زڵ و شانازی به كوردبوونه‌وه ناكه‌ن، ئه‌م خۆ به‌بچووك بینینه‌ی له‌پای چی.
زێده‌ڕۆیی نییه ئه‌گه‌ر بڵێم كورد له‌سه‌رووی هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌وه‌یه. وڵاتگه‌لی زۆر گه‌ڕاوم، گه‌ل و نه‌ته‌وه و ئایینزای جۆراوجۆرم بینیوه، به ره‌هایی ده‌توانم بڵێم كورد وه‌ك نه‌ته‌وه له هه‌موویان مرۆڤدۆستتره. ئه‌وه‌ی له مێژوودا به‌سه‌ر كورددا هاتووه به‌سه‌ر هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌دا بهاتایا، یا به‌رگه‌ی نه‌ده‌گرت و شوێنەواری نه‌ده‌ما، ئه‌گه‌ر بمایا ده‌بووه تووندڕۆترین نه‌ته‌وه‌كانی سه‌ر زه‌وی، رقی له هه‌موو مرۆڤایه‌تی و ته‌نانه‌ت له سرووشتیش ده‌بووه‌وه. به‌ڵام كورد سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌زاران ساڵه هه‌وڵی له‌ناوبردنی ده‌درێت، هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدار و هێزێك روویكردبێته ناوچه‌كه‌ی، یا له ناوچه‌كه سه‌ری هه‌ڵدابێت به‌سه‌ر لاشه و خوێنی كورددا رۆیشتووه. كه‌چی كورد هیچ رق و كینه‌یه‌كی له‌دڵدا هه‌ڵنه‌گرتووه، كورد رقی له كه‌س نییه.
تورك كه وه‌ك نامۆیه‌ك به ناوچه‌كه كه هاتوون به‌شێك له خاكی كوردیان بردووه. عه‌ره‌ب به‌شێك له خاك و دینه‌كه‌ی كوردی بردووه. فارس به‌شێك له خاك و زمان و فه‌رهه‌نگ و كولتووری كوردی بردووه. بەدرێژایی سه‌دان ساڵی ته‌مه‌نی فه‌رمانڕه‌وایی خه‌لافه‌ته‌كانی عه‌ره‌بی و عوسمانی و ئیمپراتۆریه‌تی سه‌فه‌وی، كوردیان كۆمه‌ڵكوژ كردووه. 100 ساڵیشه له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌وه به دیاریكراوی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی تورك و عه‌ره‌ب و فارس، سیاسه‌تی پاكتاوی ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر به كورد په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، كورد هه‌ر ده‌ستی برایه‌تیان بۆ درێژ ده‌كات. له كوێی دونیادا نه‌ته‌وه‌ی لێبوورده‌ی له‌م شێوه‌یه هه‌یه.
هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی زۆر دامه‌زراون، ئه‌و میلله‌تانه‌ی زۆر پێشكه‌وتوون، ئه‌گه‌ر زه‌بروزه‌نگی یاسا ته‌نها یه‌ك مانگ له‌ناویان هه‌ڵگریت، وه‌ك گه‌لێكی به‌ربه‌ری ده‌بنه خۆره‌ی یه‌كدی. ئێستاش كه یاسا وه‌ك ته‌ونی جاڵجاڵۆكه هه‌موو ژیانیانی ته‌نیوه، ته‌ماشا بكه‌ن تاوانگه‌لی چه‌ند قێزه‌ون له‌ناویاندا رووده‌دات. له كاتێكدا ده‌وڵه‌تانی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی ناوچه‌كه به‌رده‌وام به‌پلان هه‌وڵیانداوه كولتوور و دابونه‌ریتی كورد بشێوێنن، یاسا و ده‌سه‌ڵاتیان خستووەته خزمه‌تی دروستكردنی كێشه و ناكۆكیی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌وڵی نه‌هێشتنی به‌ها مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كوردیان داوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی تاوەکو ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر ده‌ستی گرتووه به دابونه‌ریت و به‌ها به‌رزه‌كانی خۆیه‌وه. رێز و خۆشه‌ویستی، سۆز و به‌زه‌یی، كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌ت و به‌های به‌رزی مرۆیی له‌ناو كوردا هه‌ن، له‌ناو كه‌م میلله‌تی دونیادا ده‌یانبینیت. ئیدی بۆچی كورد خۆی به‌كه‌م ده‌زانێت له به‌رامبه‌ر ئه‌وانی دی؟
ئه‌گه‌ر هۆكاره‌كه ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌تمان نییه، كه هه‌ندێك له نووسه‌ران و توێژه‌ران بێ خۆماندووكردن به‌دوای هۆكاره‌كاندا، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌گێڕنه‌وه كورد سه‌ركرده‌ی نه‌بووه بۆیه نه‌بووه‌ته ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام له مێژووی هاوزه‌مانی دروستبوونی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه، ئه‌گه‌ر سه‌ركرده و رابه‌رانی ئه‌وكاتی كورد له نه‌ته‌وه‌كانی دیكه كارامه‌تر و لێهاتووتر نه‌بووبن، له‌وان كه‌متر نه‌بوونه. ئه‌گه‌ر زۆر نهشگهڕێینهوه بۆ ناو قووڵایی مێژوو، نموونه‌ی به‌راوردكاریی 100 ساڵی رابردووی نێوان رابه‌ر و سه‌ركرده‌كانی كورد بكه‌ین، به سه‌ركرده‌كانی تورك و عه‌ره‌ب و فارس، كورد زۆر له‌وان كارامه‌تر و كاریزمیتر بوون.
له‌ناو هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی توركدا له ئه‌تاتوركه‌وه تا ئه‌ردۆغان، سه‌ركرده‌ی كاریزمی هاوشێوه‌ی شێخ سه‌عیدی پیران و عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان به‌دی ناكرێت. له‌ناو گه‌لانی ئێران‌دا له ره‌زا شاوه تا عه‌مامه به‌سه‌ره‌كانی ئه‌مڕۆ، سه‌ركرده‌یه‌كی هاوشێوه‌ی قازی محەممەد و قاسملۆ نادۆزیته‌وه. نه‌ك هه‌ر له‌ناو عه‌ره‌به‌كانی عێراقدا، به‌ڵكو له‌ناو عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌ش هاوشێوه‌ی شێخ مه‌حموود و مه‌لا مسته‌فا بوونی نه‌بووه. له عێراقیشدا له مه‌لیكه‌وه تا مالكی، كه‌سانی وه‌ك مام جه‌لال و كاك مه‌سعود شك نابه‌یت. له‌ناو هه‌موو سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌بدا خوێنده‌وارێكی هاوشێوه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بوونی نه‌بووه. هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئێستا ئێران به‌ڕێوه ده‌به‌ن، ناگه‌ن به باڵای عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده. هیچ له‌وه تێناگه‌م بۆچی هادی عامری به باڵاتر ده‌بینن له محەممەدی حاجی مه‌حموود، بۆچی پێیان وایه موقته‌دا سه‌در گرنگتره له شاسوار عه‌بدولواحید؟ بۆچی به چاوێكی کەمتر ده‌ڕواننه شه‌هید مه‌لا عه‌لی وه‌ك له هاوڕێ فه‌هد؟
ئه‌مه له هه‌موو بواره‌كانی دیكه‌دا هه‌روایه. مه‌حوی ئه‌گه‌ر له سه‌رووی حافزه‌وه نه‌بێت، له‌و كه‌متر نه‌بووه، یه‌ڵماز گۆنای نه‌ك كه‌متر نه‌بووه له سینه‌ماكارانی تورك، ره‌نگه بۆ هه‌میشه له‌ناو توركاندا كه‌سێكی هاوشێوه‌ی گۆنای ههڵنهكهوێت.
درێژه‌كێشانی و گواستنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌سته لاوازه بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو واده‌كات هه‌ستی خۆخاوهنی له‌ناو كورددا نه‌مێنێ و بۆ هه‌میشه به‌ژێرده‌سته‌یی بمێنێته‌وه. پێویسته كورد ئه‌م هه‌ستی خۆبه‌كه‌مزانین و بهباڵابینینهی ئه‌وانی دیکە له ناخی خۆیدا بكوژێت، ئه‌ركی ناوه‌نده په‌روه‌رده‌یی و رۆشنبیری و دامه‌زراوه زانستییه‌كانه هه‌ستی خۆبه‌كه‌مزانینی تاكی كورد بگۆڕن بۆ هه‌ستی شانازیكردن به كوردبوونه‌وه. ئه‌وه‌ش تاكه رێگه‌یه بۆ مانه‌وه‌ی كورد له نیشتمانه‌كه‌ی خۆی.
عارف قوربانی