دژەتیرۆر بەڵای سەر یەکێتی و یەکێتیەکان 

عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک، پەیامێکی بڵاو کردەوە و دەڵێت، لە سەرەتای دروستبوونی دەزگای دژەتیرۆرەوە مەترسی لەسەر بەرپرسانی یەکێتی ھەستی پێکرا.

پەیامەکەی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک:

پێشەکی ئەم بابەتە پەیوەندی بە ڕقی شەخسی و ململانێی سیاسیەوە نیە، ئەم جۆرە گروپە لەھەر شار و ناوچە و لایەنێک بن و لە حزبی خۆیشمان بن قسەمان لەسەریان دەبێت، چونکە مەترسیەکی جدین لەسەر پێکەوە ژیان و ئەمن و ئاسایشی تاک بە تاکی کۆمەڵگە.

لە سەرەتای دروستبوونی دەزگای دژەتیرۆرەوە مەترسی لەسەر بەرپرسانی یەکێتی ھەستی پێکرا و لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەو حزبەوە ناڕەزایی و ڕەخنەی توند تا ئاستی وازھێنان لە یەکێتی لەو دەزگایە گیرا، لەسەردەمی دروستبوونی دژەتیرۆری یەکێتیەوە و لە کاتی دەسەڵاتداری ھەردوو ھاوسەرۆکانیش و بە ئێستاوە لە ھەموو لەت بوون و ناکۆکیەکانی ناو یەکێتیدا ئەو دەزگایە ڕۆڵی زۆر خراپی بینیوە.
لێرەدا تەنھا باسی چەند نمونەیەکی دیار و حاشا ھەڵنەگر لە تاوان و زیانی ئەو دەزگایە دەکەین دەرھەق بە یەکێتی و کەسە دڵسۆزەکانی خۆیان، ئینجا خەڵکانیتر:
ئەو چەند ئەندام مەکتەب سیاسیە دیار و کاریگەرەی کە لە یەکێتی جیابوونەوە و دواتر پەیوەندیان بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە کرد و بەوەش گورزێکی کوشندە بەر یەکێتی کەوت لە دەست لەکارکێشانەوەیان بۆ ڕەحمەتی مام جەلال، خاڵی سەرەکی داواکاریەکانیان ھەڵوەشاندنەوەی دژەتیرۆر بوو، بەو ھۆیەی ئەم ھێزە مامەڵەی نادروست لەگەڵ بەرپرسان و کەسایەتیە دیارەکانی ناو یەکێتی دەکات و بۆتە جێگای مەترسی بۆ سەریان، بەڵام گوێیان لێ نەگیرا و ئەوانیش یەکێتیان بەجێ ھێشت.
لە ساڵی ٢٠١٨ لە ئەنجامی ململانێی باڵەکانی ناو یەکێتیدا لە درەنگانی شەو ھێزێکی دژەتیرۆری گەورەی چل بۆ پەنجا ھەمەر بەکار ھێندرا و لە شاری چەمچەماڵ پەلاماری ھێزێکی سەر بە لیوای کاک کۆسرەتیاندا، لەو پەلامارەدا نەقیب بێستونی ئامۆزای ئێمە و فەرماندەیەکی دڵسۆزی یەکێتی و کوڕی شەھیدی سەرکردەی یەکێتیان شەھید کرد، بۆ سبەی ئێوارەکەی لەبری عوزر ھێنانەوە و داوای لێبوردن، لە پێگەی فەرمی دژەتیرۆرەوە بڵاویانکردەوە کە چەند چەتەوڕێگرێک چوونەتە سەر ڕێگایان و یەکێک لە چەتەکانیان کوشتووە.
لە کاتی کێشەی ھاوسەرۆکان و جارێکیتر درزی ناو یەکێتی، بەھەمان شێوە دژەتیرۆر مایە فیتنەی ئەو لێکترازانە بوو، ھەروەھا بەکار ھێندرا بۆ تەسفیە کردنی یەکتری.
پارساڵ پێشمەرگەی دێرین و فەرماندەیەکی دیاری یەکێتی بەناوی موراد کانی کوردەیی لە شاری ڕانیە ھێرشکرایە سەری و خۆی و ھاوڕێکانی شەھید کران، بە قسەی بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی و کەسوکاری موراد، دژەتیرۆری یەکێتی ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە.
لەم مانگەشدا عقید ھاوکار جاف ئەفسەرێکی دیار و کاریگەری یەکێتی و خودی دژەتیرۆری یەکێتی لەگەڵ خێزان و منداڵەکانی بە کردەیەکی تیرۆریستی ئۆتۆمبێلەکەی تەقێندرایەوە و خۆی تێدا بە بەرچاوی ژن و منداڵەکانیەوە شەھید کرا و سوتا، دوای چەند ڕۆژێک ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم بە بەڵگ و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی تاوانبارەکان ڕایگەیاند کە گروپێکی دژەتیرۆری یەکێتی ئەو کارە تیرۆریستێیان ئەنجام داوە.
ئەمە جگە لەوەی چەندین جار دژەتیرۆری یەکێتی بەکارھێندراوە بۆ ململانێی ناوخۆیی و سەر ماڵی بەرپرسانی باڵای یەکێتی، بەکارھێندراوە دژی مەڵبەند و مامۆستای زانکۆ و بەڕێوەبەری پەروەردە و کەسوکاری شەھیدانی یەکێتی لە چەمچەماڵ، چەند جارێکیش پریشکی شەڕانگێزی و تاوانکاری ئەو دەزگایە بەر ئێمەش کەوتووە.
ئەگەر سەرکردایەتی یەکێتی ڕێگری لەو کارە خوێن ڕێژی و نایاسایانەی ئەو ھێزە نەکات و بە توندی سزای بەرپرسانی ئەو دەزگایە نەدات، ئەوا بە دڵنیاییەوە بە دیار مەرگی یەکێتیەکەیانەوە دانیشتون لەسەر دەستی ئەو دەزگایە و زۆر نابات سەریان دەخوات، بەتایبەت لە ڕووی جەماوەری و پەیوەندی لەگەڵ ھاوپەیمانان، چونکە ئەوەی ئەو گروپە دەیکەن کارێکی نایاسایی و نامرۆڤانەی تیرۆریستیە، بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ سیاسەتی ھاوپەیمانان و کۆمەڵگەی خۆمان و جەماوەری یەکێتیش نایەتەوە و ناگونجێت.

ھەواڵی زیاتر