بە قسەی بافڵ تاڵەبانی بێت، مام جەلالیش هیچی نەكردووە

جەمال عەبدوڵڵا

”ئیشی ئێمە لە بەغدا تازە دەست پێدەكات، ئێمە كێشە و ھەڵەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لێرەوە چاك دەكەینەوە، ئێمە لێرەوە كوردستان دەكەین بە شوێنێك كە خۆمان دەزانین ئەو كوردستانە چۆن دەبێت!“ ئەوە بەشێكە لەو قسانەی كە سەرۆكی یەكێتی دوای دەرنەچوونی تاكە كاندیدە فەرمیەكەیان بۆ پۆستی سەركۆمار، بە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق گوت. بەڕاستی ئەگەر كەسێكی زۆر خۆڕاگر و پشوودرێژ نەبیت كە گوێت لەم جۆرە قسانە دەبێت سیاسەتیشت لەبەرچاو دەكەوێت، بۆچی؟

1- بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی دەڵێت: ”ئیشی ئێمە لە بەغدا تازە دەست پێدەكات!“ تەبعەن كە دەڵێت ئێمە، ئەو بە سیفەتی سەرۆكی یەكێتی ئەو قسەیە دەكات، كەواتە دەڵێت ئیشی یەكێتی لە بەغدا تازە دەست پێدەكات.

باشە ئیتر خۆ ئەوە بەو مانایەیە كە لە ھەموو مێژووی یەكێتیدا و ھەتا ئەو كاتەی كە سەرۆكی یەكێتی ئەم قسەیەی كردووە، یەكێتی لە بەغدا ھیچ ئیشێكی نەكردووە! پێدەچێت دەرنەچوونی تاكە كاندیدە فەرمییەكەی یەكێتی بۆ پۆستی سەركۆمار، لەڕووی سایكۆلۆژییەوە ئەوەندە كاریگەریی لە سەرۆكی یەكێتی كردبێت كە ناڕاستەوخۆ ھێرشیش بكاتە سەر جەنابی مام جەلال و بڵێت لە ماوەكانی پێشووتریشدا یەكێتی لە بەغدا بە مام جەلالیشەوە ھیچ ئیشێكی نەكردووە!

خۆ بەدەست من نیە قسەكەی سەرۆكی یەكێتی وا دەگەیەنێت، چونكە تۆ كە گوتت: ”ئیشی ئێمە لە بەغدا تازە دەست پێدەكات!“ واتە یەكێتی پێشتر لە بەغدا ھیچ ئیشی نەكردووە، بەو كاتانەشەوە كە جەنابی مام جەلال سەركۆمار بووە.

2- سەرۆكی یەكێتی دەشڵێت: ”ئێمە كێشە و ھەڵەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لێرەوە چاك دەكەینەوە!“ واتە سەرۆكی یەكێتی دەڵێت، یەكێتی لە بەغداوە كێشە و ھەڵەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چاك دەكاتەوە!

ئەمەشیان بەو مانایەیە كە بەلای سەرۆكی یەكێتییەوە، ھەر كێشەیەك لەنێوان عێراق و ھەرێمی كوردستاندا ھەبووبێت، ھەر ھەمووی ھەڵەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بووە! و سەرۆكی یەكێتی بە حسابی خۆی، كێشە و ھەڵەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغداوە چاك دەكاتەوە! بەڵام كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، لە كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی كوردستان دانی بەوەدا ناوە كە ئەوانەی پێشتر لە بەغدا حوكمیان كردووە، ھەڵە بوون و ئەم نایەوێت ئەو ھەڵانە دووبارە بكاتەوە!

كەواتە لێرەدا دەبوایە سەرۆكی یەكێتی بیگوتایە: دەبێ ھەموو كورد لە بەغدا بەیەكەوە و وەك تیم كارێك بكەین كە نەھێڵین حكوومەتی نوێی عێراق، ھەڵەكانی پێشووتری بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستان دووبارە بكاتەوە نەك خۆیمان لێ بكات بە داواكاری گشتی دژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان.

3- سەرۆكی یەكێتی دەشڵێت: ”ئێمە لە بەغداوە كوردستان دەكەین بە شوێنێك كە خۆمان دەزانین ئەو كوردستانە چۆن دەبێت!“

وەڵاھی ئا لێرەدا ئیتر نازانم، ئایا سەرۆكی یەكێتی دەیەوێت ھەموو كوردستان بكات بە شوێنی قاچاخچی و دزەكانی باشماخ و پەروێزخان یان ھەموو كوردستان بكات بە شوێنی پەلاماردانی ڕۆژنامەنووسان و توندكردنیان لە زیندانی ئاساییش بە پێچەوانەی یاسای كاری ڕۆژنامەوانی ژمارە 35ی ساڵی 2007 یان دەیەوێت ھەموو كوردستان وەك سلێمانی لێ بكات و ئنجا وەبەرھێنەرانی ھەموو كوردستان وەك وەبەرھێنەرانی سلێمانی سەری خۆیان ھەڵگرن و ئیتر نەك ھەر سلێمانی، بەڵكوو وەبەرھێنەران ھەموو كوردستان بەجێ بھێڵن، یان دەیەوێت لە ھەموو كوردستاندا گرووپێك یان چەند گرووپێكی تیرۆریستیی تیا بێت بۆ ئەوەی تیرۆری نەیارانی خۆیان بكەن و گوێ بە كوشتنی ژن و منداڵیش نەدەن!

ھەواڵی زیاتر