دیدێکی مەخمەڵی لە پراگەوە
کەشوهەوای پراگ لەم رۆژانەدا چێژێکی تایبەتی هەیە. رەنگەکانی بەهار و پاییز تێکەڵاوی یەکدین. جارجارە نەرمە بارانێک تێدەکا و کزەیەکی ساردی زستانەش هەڵدەکات. جا خۆشییەکیشی-هەڵبەت لای من- ئەوەیە کە لەو کەشوهەوایەدا چایەکی گەرمی خۆمانەشت دەستکەوێت.
لە کافێیەکدا لە نێوەڕاستەکانی پراگ چایەکەم دۆزییەوە، بەڵام بەتایبەتی بەهۆی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە کە ئیدی لە هەموو شوێنێک، تەنانەت لە پراگیش خەڵک باسی دەکات، خواستە یان ناخواستە لە جوانییەكانی سرووشتی شار دوورکەوتمەوە و، بیرم بۆ شۆڕشە مەخمەڵییەکەی پراگ لە 1989 چوو.
هاوڕێیەکەم کە زۆرجار حەز دەکات خۆی بە کوڕێکی لادێیی ناو ببات، بەڕێوەبەری ناوەندێکی لێکۆڵینەوەیە لە پراگ و منیش لە چالاکییەکی ناوەندەکەیدا بەشداربووم. ئەو بە حەز و ئارەزوویەکی زۆرەوە ئەو شەقام و شوێنانەی پێشاندابووم کە خەڵک خۆپێشاندانیان تێدا کردبوو.
خۆپێشاندانی بێ تووندوتیژیی خەڵک بەتایبەت خوێندکاران، لە ماوەی نزیکەی شەش هەفتەدا، کۆتایی بە دەوڵەتە ستالینیستییەکەی ئەوکات لە چیکۆسلۆڤاکیا هێنابوو، کە ئێستا دوو وڵاتی جیاوازن.
هاوشێوەی شۆڕشی مێخەکی پورتوگال لە 1974، پێنج شۆڕشی رەنگینی وەها، لە ئەوروپای رۆژهەڵات و وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران روویانداوە کە دیارترینیان ئەوەی چیکۆسلۆڤاکیایە. ئەوەی زەینم بۆی چوو، یەکسەر جیاوازیی نێوان شۆڕشە مەخمەڵییەکانی ئێرە و شۆڕشە خوێناوییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو. هەڵبەت لەبەر ئەوەی نامەوێت بابەتی ئەم جارەم بە ئاقاری شیکردنەوە و شتی زۆردا بڕوات، واز لەو باسە دێنم.
لە بەرامبەرم کۆنە دیپلۆماتێکی چیک دانیشتبوو. لای ئەو پرسیار بوو کە بۆچی دەبێ کوردێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تورکی، فارسی یان عەرەبی بەباشی نەزانێت مادام لە وڵاتێکدا لەگەڵ ئەوانی دیکە دەژین! هەڵبەت بە زمانێک کە جۆرێک سووکایەتی پێوە دیاربوو. دیدێکی مەخمەڵی بوو بۆ پرسە ئاڵۆزەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەتی پرسی کورد. کاتێکی پێچوو تاوەکو بۆم روونکردەوە کە نابێ لە شوێنێکەوە کە شۆڕشەکەی-1989-مەخمەڵی بووبێ و جیابوونەوەکەیشی-1993- مەخمەڵی بووبێت، لە روانگەیەکی گشتییەوە تەماشای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکرێت و جیاوازییەکان نەبینرێن. نە کێشەی کورد تەواو وەک کێشەی نەتەوەکانی ئەوروپایە و نە دەوڵەتەکانیش هاوشێوەی بەریتانیا و چیکۆسلۆڤاکیان!
ئەو دیدە، بۆچوونەکانی گرترود بێلی بەریتانی بیرهێنامەوە کە کاتی خۆی بەشێوەیەکی زۆر خەیاڵی هەوڵیدابوو لە رێگەی دروستکردنی مۆزەخانەیەکی هاوبەشەوە گەلانی عێراق بکاتە یەک و میراتێکی هاوبەش لەنێوان کورد و عەرەبدا دروست بکات. کێشەکە لەوەدایە کە ئەم جۆرە دیدگایە وادەزانێت کۆمەڵگە «تەشتی هەویرە و چۆن بتەوێ دەتوانی شکڵی پێ بدەی.»
دوای روونکردنەوەکانم، چەند جارێک داوای لێبووردنی کرد، بەڵام دوای ئەوەی کە زانیم ساڵانێک لە بەغدا، ئێران و ئیستەنبووڵ وەک دیپلۆمات کاری کردووە، بیرم لەوە کردەوە کە ئایا دەبێ چ بۆشاییەک لە پەیوەندییەکانی کورد بە دنیای دەرەوەدا هەبێت کە دیپلۆماتێکیش لە ناوچەکە بەوجۆرە بیر دەکاتەوە.
کوردێکی خەڵکی شڕناخم بینی. هێشتا کوردییە جوانەکەی ئەو دەڤەرەی لە بیر مابوو. رەمەزان خەڵکی هەزەخە و لەو سەنتەرەی پراگ کار دەکات. بە گەرمی قسەی لەگەڵ دەکردم وەک بڵێی ساڵانێکە دەمناسێت. هەڵبەت دوایی دەرکەوت لەبەر ئەوەیە کە جاربەجار شتەکانم دەبینێت. گوتی من لە شاری بڕنەو دادەنیشم و لەوێ خەریکی خوێندنم.
بڕنەو! ئەم ناوە شوێنێکی تایبەتی هەبوو لە سەرەتاکانی جووڵانەوەی رزگاریخوازی کوردستان و یادەوەری کۆمەڵگەی کوردی. رەنگە زۆر هەبن وەک من، کە باوباپیرەی بە حەزێکی زۆرەوە باسێکی ئەو بڕنەوەی بۆ گێڕابێتەوە. دواتر بەرەبەرە چەکەکانی وەک کڵاشینکۆف و ئارپی جی پەیدا بوون و ئەمەش هاوتەریب بوو لەگەڵ کاریگەریی ئایدۆلۆژیای چەپ و پەیوەندییەکانی کورد و یەکێتیی سۆڤییەتی جاران. دیارە لە قۆناخەکانی پێش رووخانی ئەو یەکێتییە و دوای ئەوەش، بزاڤی کوردستان زیاتر رووی لە رۆژئاوا کرد و ئەوەش وایکرد کە ئێستا هەندێک چەکی ناتۆ بەربەرە شوێن بە کڵاشینکۆف و بڕنەوەکانی جاران لێژ بکەن.
دیمەنێکی دیکەی پراگ ئۆکراینییەکانی ئەوێ بوون. لەبەر ئەوەی هەموویان سلاڤن رەنگ و رووخساریان لەیەک دەچێ، ئەگەر زمانەکەیان وەک یەک بێ رەنگە بەئاسانی لێک جیا نەکرێنەوە. لانیکەم بۆ من وابوو.
نزیکەی 500 هەزار ئۆکراینی لە دوای شەڕەوە هاتوونەتە چیک. تائێستا کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە. حکومەت دەرفەتی کار و ماڵی پێداون و مووچەیەکیشیان پێدەدات. لەسەر هەندێک باڵەخانە درووشمی «پووتین واز لە ئۆکراینا بێنە» دانراوە. لەسەر باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەش ئاڵای ئوکراینا لەگەڵ ئەوەی خۆیان تاوەکو نیوە هەڵکراوە، بەڵام هەندێک لەو لێکۆڵینڤان و پسپۆڕە چیکییانەی کە چاوم پێکەوتن، نیگەرانن لەوەی کە ئەگەر لە بەهاردا سوپای رووسیا راست بێتەوە و 500 هەزار پەنابەری دیکە بێن چی روودەدات!
هەڵبەت دیدگایەکیش هەیە کە داوا دەکات چیک زیاتر لەگەڵ سلاڤییەکان بێت و کێشەکانی لەگەڵ رووسیاش کەم بکاتەوە.
بەم باسەی ئۆکراینا تۆزێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوورکەوتینەوە، بەڵام بەو باسەی کە لەسەر رۆڵی ئێران لە شەڕی رووسیا لە ئارادایە جارێکی دیکە هاتەوە سەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. راستییەکەی دنیای ئەمڕۆ وا پێکەوە بەستراوەتەوە کە کاریگەریی زۆر لە رووداوەکان ئیدی تەنیا بە شوێنێکەوە سنووردار نییە.
*زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو