ئێراق سەد ساڵە شەڕێکی خوێناویی نێوخۆیی قەرزارە

ئێراق سەد ساڵە شەڕێکی خوێناویی نێوخۆیی قەرزارە، ئەمڕۆ و سبەی هەر ئەبێ ئەو قەرزە بداتەوە و ئەم قەوارە ساختەیەی داگیرکەر دروستیکردووە هەڵبوەشێتەوە.

ئێراق هەرگیز دەوڵەت نەبووە، نە سەردەمی مەلەکی توانی ببێتە دەوڵەتی هەمووان، نە لە قۆناغ و سیستمە جیاوازەکانی کۆماریدا ئەوە ڕوویدا. ئێراق جوگرافیایەکە کە هەموو کات زۆرینە تێیدا چەوساوە و بەشخوراوبوون. پشکی شێر لەم ستەمکارییە هەردەم بەر کورد کەوتووە و ڕۆژێک تێیدا نەحەساوەتەوە.

بەوانەشەوە کە بە هەر هۆکارێک بێت ڕوو لە ستەمکار و پشت لە نەتەوەی خۆیان بوون، هەرگیز هەستی ئێراقیبوونیان بۆ دروستنەبووە، هۆکاریش هەر ئەو حەقیقەتەیە کە ئێراق نە هی ئێمە بووە نە لە خۆیگرتووین.

کورد ئەبێ دەست لە ململانێی سەخیفی ماڵوێرانکەری خۆکوژیی خۆبەخۆ هەڵبگرێت، یەکدەست و هاوهەڵوێست و هاوبیر لە خەمی ڕزگاربووندابێت. تا نەبینە یەک، لە مەترسی قڕکردن و ئێراقی ساختە و ستەمی ئێراقییەکان قورتارمان نابێت.

ئەزانم ئەم پەیامە ناچێ بە گوێی زۆرێک لەوانەی بەرژەوەندیی زۆر و زەوەندیان لە خۆخۆریدا هەیە، بەڵام ئەمڕۆ یا سبەی، نەتەوەی ڕەسەنی ئۆراس و زاگرۆس ئەکەوێتەوە سەر پێی خۆی و ئەبێتەوە سەروەری خاک و ئاو و نیشتمانی خۆی. ئەم خەڵکە ڕۆژێک هەر وەئاگادێ.

ئارتین جەلال

ھەواڵی زیاتر