یەكێك لە بنەماكانی كاری سیاسی، پڕسی پێشوازی و كارەكانی پڕۆتۆكۆڵە، چونكە پڕۆتۆكۆڵ ڕاستەوخۆ بەشێكی گرنگی كایەی سیاسی نیشاندەدات كە چەندە گرنگی بە كارەكە دەدرێت، جا پێشوازییەكان و كاییە پڕۆتۆكۆڵیەكان بە پێی پۆلێنی سیاسی دابەشدەكرێت بەسەر چەند جۆرێكدا كە گرنگترینیان پڕۆتۆكۆڵە سیاسیەكانن.
لەمێژوی كایە سیاسیەكاندا چەندین جار چەندین كۆبوونەوەی گرنگ بەهۆی خراپی پڕۆتۆكۆڵ و هەڵەی پڕۆتۆكۆڵییەوە هەڵوەشێنراونەتەوە، چونكە وڵاتی بەرامبەر نەیتوانیوە وەك پێویست پێشوازی لە وڵاتی بەرامبەر بكات، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشوازییە پڕۆتۆكۆڵییەكان لە جیهاندا پارەیەكی زۆریان بۆ خەرج دەكرێت و گرنگییەكی گەورەیان دەبێت لە جیهاندا.
بۆنمونە پێشوازی و كارە پڕۆتۆكۆڵییەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ هندستان زیاتر لە ١٠ ملیۆن دۆلار خەرجی بووە، هەروەها چاوپێكەوتنی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد تڕەمپ و ڕێبەری كۆریای باكور زیاتر لە ٣٠ ملیۆن دۆلار خەرجی بووە تەنها بۆ كایەی پڕۆتۆكۆڵییەكان، ئەوە لە كاتێكدایە سەردانی جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا بۆ ئۆكرانیا تەنها یەك ملیۆن دۆلار خەرجی پڕۆتۆكۆڵی هەبووە.
هەرێمی كوردستان و پرسی پڕۆتۆكۆڵ
كاتێك سەرۆك ئیمانوێڵ ماكڕۆن سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، لە هەولێری پایتەخت پێشوازیەكی گەورەی پڕۆتۆكۆڵی گەورەی لێكرا، ئەوەش بوە جێی كاردانەوەی نێودەوڵەتی و سەرنجی میدیا جیهانییەكان، هەمان سیناریۆش لە سەردانی پاپ بۆ كوردستاندا هەمان پێشوازی نێودەوڵەتی گرنگی لێكرا.
ئەو پڕۆتۆكۆڵانەش لە ئاستی جیهاندا كاردانەوەی گەورەی لێكەوتەوە، كە لە ڕاستیدا هەرێمی كوردستان وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن كیانێكی بەهێز دەڕوانێتە كایە دیپلۆماسیەكان و كارە پڕۆتۆكۆڵیەكان.
پڕۆتۆكۆڵی بارزانی كوڕ لە لەندەن
مەسرور مەسعود مستەفا بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە گەشتێكی چوار ڕۆژە سەردانی لەندەنی پایتەختی شانشینی بەڕیتانیا كرد، سەرنجی جیهان بۆ شێوازی پێشوازی و پڕۆتۆكۆڵی بەخێرهاتنی سەرۆك وەزیرانی بەڕیتانیا بۆ هاوتا كوردەكەی بارزانی كوڕ زۆر ڕاكێشرا.
میدیاكانی جیهان لە پێشوازی بارزانی كوڕدا نوسیبوویان، پڕۆتۆكۆڵی پێشوازی لە بارزانی كوڕ لە دەرگای ژمارە دە هیچ جیاوازیەكی نییە لە پێشوازی شای ئیسپانیا و سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا.
كاتێك جۆنسن پێشوازی لە بارزانی كوڕدەكات لە بەردەم دەرگای ژمارە دە، ئەوە واتە هێزێكی گەورە، میوانداری لە هێزێكی گەورەتر دەكات و دەیانەوێت پێكەوە كارێكی گەورە بكەن، سەرنج ڕاكێش و جێی تێڕامانە كاتێك جیهان لە بەردەم دەرگای ژمارە دە چاوەڕێی پێشوازی گەرمی بارزانی كوڕدەكەن.
ئەو پێشوازییە تەنها لە ئاستی باڵادا نییە، بەڵكو بەشێوەیەكی ئەندازەی شۆڕدەبێتەوە بۆ خوارەوە، سەرجەم وەزیرەكان و كەسە پلە باڵاكانی خوارەوەش لە سەر ئاستی باڵا پێشوازی لە بارزانی كوڕ دەكەن، چونكە جانتا دیبلۆماسیەكەی بارزانی كوڕ هێندە بەهای هەیە كە شانشینی یەكگرتوو پێشوازی لە بارزانی كوڕ بكات.
ئاڵای كوردستان دەشەكێتەوە.
هەرێمی كوردستان تەنها لە چوار چێوەی قەوارەیەكی سیاسی عێراقدا لە جیهاندا پێشوازی لێناكرێت، بەڵكو لەچوار چێوەی پڕۆتۆكۆڵێكی بەهێز وەك قەوارەیەكی سیاسی سەربەخۆ پێشوازی لێدەكرێت، ئەوەی بە چاوی خۆمان لە لەندەن و عومان و ئەردەن و سعودییە و بەمنزیكانەش لە تەواوی ئەوروپا لەبەرامبەر پێشوازی لە ئاڵای كوردستان دەیبینین بێگومان پێشوازی لە ئاڵای هەرێمێك نییە، بەڵكو پێشوازییە لە ئاڵایەك كە نمایندەی ڕاستەقینەی ٥٠ ملیۆن كوردە لە جیهاندا.
كاتێك لە هیچ گۆشەیەكی پێشوازیەكان بەهیچ شێوەیەك ئاڵای كوردستان پشتگوێ ناخرێت بێگومان پەیامەكە ئەوەیە كە كایەی سیاسی و پڕۆتۆتۆكۆڵی پێشوازی بەهای سیاسی و ئابوری گەورەی هەیە و ئێمەش لە نەخشە سیاسییە گەورەكەدا دەتوانین وەشانی گەورەمان هەبێت.
جیهان لە چاوەڕوانی گەڕێكی نوێی بارزانی كوڕدایە بۆئەوەی هەم ئابوری هەمیش سیاسەت بەرەو گۆڕان ببات، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین كە هەرگیز دوژمنی بچوك و گەورە و دەرەكی و ناوخۆی هەرگیز قبوڵی ئەوەناكات كە بارزانی كوڕ لە جیهاندا وەك نمایندەی ڕاستەقینەی هەڵگری ئاڵای كوردستانە.
پڕۆتۆكۆڵەكانی چەند هەفتەی ڕابردوو پێمان دەڵێن، كوردستان لە بەردەم كرانەوەیەكی دیكەی دیبلۆماسی و سیاسی جیهاندایە كە دەتوانێت شاڕێی سیاسی و ئابوری بەرەو كەناری ئارامی ببات و كاروانی سیاسی جیهانیش بە بێ كورد جارێكی دیكە هەنگاو نەنێت.
بۆچی پڕۆتۆكۆڵ هێندە گرنگە؟
لە ڕاستیدا پڕۆتۆكۆڵ و پێشوازی دەرخەری ناوەڕۆكی هەموو كۆبوونەوەیەكی سیاسیە، ئەگەر پڕۆتۆكۆڵی پێشوازیەكە بە شێوەیەكی سادە و ساكار بێت بێگومان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كە ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەش هێندە گر نگ نییە، وەك ئەو پێشوازییەی ڤێلادمێر پۆتین لە ئیمانوێڵ ماكڕۆنی كرد لە سەرەتای ئاڵۆزیەكانی نێوان ئۆكرانیا و ڕوسیا، بەڵام گەر پڕۆتۆكۆڵی پێشوازیەكە بەهێز و گەورەبێت ئەوا دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان گرنگ و تایبەتن، قەك ئەو پێشوزیەی بۆریس جۆنسن لە بارزانی كوڕی دەكات.