ئیسلامییەکان و جنێوفرۆشی و چەواشەکاریی هەندێک لە ئیسلامییەکانی کوردستان
ئیسلامییەکان و جنێوفرۆشی و چەواشەکاریی
هەندێک لە ئیسلامییەکانی کوردستان، بەدڵنیاییەوە هەموویان نا، بوختاندروستکەرترین و چەواشەکەرترین و جنێوفرۆشترین مرۆڤەکان سەر ڕووی ئەم دنیایەن، ئەم دەربڕینە بە دوو شت دەسەلمێنم.
یەکەم، دوێنی من پۆستێکم کرد، ئاخر هەر دوێنێ پێرێ نا، پۆستەکە هێشتان لەسەر لاپەڕەکەم ماوە. کەچی هەندێک ئیسلامیی درۆزن و بوختانکەر و چەواشەکەر بە زمانی بەڕۆژوو لە چەند سایتێک پۆستەکەی منیان شێواندوە و نوسیویانە کە من گوتوومە “باران بارین بابەتێکی ژینگەیی و جوگرافییە و پەیوەندی بە خوا و دینەوە نییە”. من نووسیومە کە “ئەم پرسە پرسێکی ژینگەیی و جوگرافییە نەک دینیی، بە دینیی کردنی کردەیەکی سیاسییە”. ڕاستە من گوتومە کە باران بارین پرسێکی ژینگەیی و جوگرافییە بەڵام نەمگوتووە کە پەیوەندی بە خودا و دینەوە نییە. ئەم ئیزفە درۆزنانەی ئیسلامییەکان تەنیا بۆ وروژاندنی هەستی هەندێک موسڵمان و ئیسلامیی سادەیە. ئەوەی هەناسەی پێ تەنگکردون ئەوەیە کە من نوسیومە بە دینی کردنی کردەیەکی سیاسیە.
لە وەڵامی ئەوانە دەڵێم یاڕەبی خوا ئەو درۆیەتان لێ قەبوڵ نەکات. ئاخر ئەوە نەک هەر درۆیە بەڵکو بوختان و قسە هەڵبەستنە. لە ڕاستیدا ئەمە فیتنەیە چونکە لە پشت ئەم درۆیانە هاندانی خەڵکی سادەیە لە دژی من. قورئانی موسڵمانان دەڵیت “والفتنة أشد من القتل”، هەی خواکەتان بتان گرێت.
دووەم، لە دوێنێوە دەیان ئیسلامیی و موسڵمان جنێوبارانیان کردوم. جارێ سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم من تەنیا بە جنێوەکان پێکەنیوم باوەڕ بکەن میسقاڵە زەڕەیەک توڕە نەبووم تەنیا ئەوە نەبێت کە خەمم بۆ ئێوە خواردەوە کە چەندە سادەن. لە کۆمێنتیش وەڵامی یەک کەسیانم نەداوەتەوە. لێرەش لە وەڵامی ئەوان دوو شت دەڵێم، یەکێکیان ئەوەیە کە داخۆ ئەوانە لە خۆیان ناپرسن ئەو هەموو جنێوە لە کوێ فێربوون، من دڵنیام لە خێزانەکانیان، لە دایک و باوکیان فێرنەبوون چونکە دایک و باوکی کورد و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی سەرەڕای دواکەوتویی بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتیی زۆر ڕێزگرو بەئەدەب و ئەخلاقن. بۆیە دەبێت ئەو جنێوانە لە دامەزراوەی دیکە فێر بووبن، دامەزراوە چەواشەکەرەکان.
هەر لەو پەیوەندە دەمەوێت ئەوە بڵێم کە نوێژەبارانە تەنیا کردەیەکی موسڵمانانە نیە، پێش ئیسلام، کوردیش نوێژەبارانەی کردووە. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەوکات مرۆڤ نەیزانیوە کە هۆکاری پشت دروستبوون و دروستنەبوونی باران چیە بۆیە پەنایان بۆ نادیارێک بردووە، بۆ موسڵمانان ئەم نادیارە خودایە. بەڵام ئێستا ئەم کارە بکەیت وەک ئەوە وایە کە ئەگەر ڕۆژبگیرێت یان مانگ بگیرێت و تۆ بێیت نوێژ بکەیت، کە جاران دەکرا. بۆ دەکرا، چونکە نەدەزانرا کە بۆ ڕۆژ یان مانگ دەگیرێن بەڵام ئێستا دەزانین بۆیە کەس نایەت لە ڕۆژگیران یان مانگگیران نوێژ بکات بۆ ڕزگاربوونی ڕۆژ و مانگ.
لە کۆتاییدا دەڵێم کاکەکان من دڵم زۆر لە ئێوە گەورەترە بۆ چەواشەکاریی و درۆ و جنێوەکانتان بە خواتان دەسپێرم.
ئەوەش دەبێت بڵێم کە ئەم پۆستەی من و ئەوی پێشوتر بۆ ئەوە بوو کە مرۆڤ عەقڵی بەکاربێنێت بۆ چارەسەری کێشەکانی. من نە ئیسلامییەکان نە موسڵمانانم تاوانبار نەکردووە بەو گرفتە ژینگەییە بەڵکو چاوچنۆکی سەرمایەداری جیهانی و حکومەتی هەرێم خەتابارکردوە. چارەسەریشم پێشنیار کردووە: خەمخۆری ژینگە بە، ژینگە پاک ڕاگرە، دار بچینە، دار مەبڕە، ئاو کەم سەرف بکە، جل کەم بکڕە، شت فڕێ مەدە هتد.
دوا وتەشم ئەوەیە کاکە براکان، جنێوفرۆشە خۆشەویستەکان، من هیچ کاتێک وەک ئێوە نیم و نابم. من لە دایک و باوکێکی موسڵمان لە دایکبووم کە وەک پەپولە وابوون، دەزانن بۆ؟ چونکە موسڵمانی کورد بوون، بەڵام ئەو جنێوفرۆشانە موسڵمانی ئەم کۆمەڵگەیە نین و هەڵگری بەهاکانی ئەم کۆمەڵگەیە نین، بە جەستە با، بەڵام بە عەقڵ و گوتار و کردار و کردەوە کەوتونەتە ژێر کاریگەریی گوتار و هەژموونی ئیسلامیگەرای تورکی و عەرەبی.
واچاکە ئەوەش بزانن ئەگەر تۆ باوەڕت بە خورافەی نوێژەبارانە بێت لەبەر هەر هۆکارێک ئەوە مانای ئەوە نیە کە من مافی ڕەخنەگرتنم لێی نیە کاکە. لای من هیچ شتێک لە دەرەوەی ڕەخنە نییە.