لە قادر دیلانەوە بۆ کێ؟
دەمێکە گوێم ڕاخستووە بۆ میوزیک و ئاوازی ڕەسەنی کوردی، هەست دەکەم لەو دوواییانە زۆری بە پاش کەوتووین. شتێکی نوێ بۆ ئەم جیلەی ئێمە هەڵنەکەوتووە، کە شایەن بە لەسەر وەستان و گوێ بۆ هەڵخستن بێ. ئەوانەش کە هەن و جار جارە دەبینرێن لە پەنجەی دەست تێپەڕناکەن.
میوزیک و گۆرانی ڕەسەنی کوردی بە جۆرێک شێوێندراون، گەر تاوێکی باش گوێی بۆ شل نەکەی، بۆت مەعلوم نابێ ئاخۆ کابرای گۆرانی بێژ بە زوانی کوردی دەخوێنێ یان بیانی. ئەوسا کە “قادر دیلان و حەمە ساڵح دیلان و زیرەک”سەرمەشقی ئەو ڕێچکە جوانەی هونەری کوردیی بوون، ئێستاکە بڕێک هەرزەکاری فوودراو کە ئەمن پێم شورەییە پێشگری هونەرمەندیان بۆ بەکاربەرم.
کوردەواری خۆمان دەڵێ: لە بێ ئیشیدا دەستیان داوەتێ. ئەو نەوەی ئێمە هەر لەوەدا بەدبەخت نییە کە تووش بە سەردەمێکی پڕ زوڵم و ستەم هاتووە، لە ڕووە هونەریەکەشداهەر ستەممان لێکراوە. ئاخەر جیلێک کە ماملێ گۆرانی بۆ چڕیبێ حەق بەوە نییە غەمی هیچ بخوا، نەوەیەک گوێی لە مەقامەکانی حەسەن زیرەک بووبێ و لە پاڵ ئەو دەنگ دا گەورە بووبێ، ستەمی ڕۆژگاری بیر دەچێتەوە. تۆ بڕوانە هەنووکە هەرچی ئامێری مۆسیقی باشە، کامە ستۆدیۆی پێرفێکتە خراوەتە بەردەستی گۆرانیبێژ، کەچی ناتوانی دووجار گوێ بۆ گۆرانیەکەی بگریت. ئەوەندەی بایەخ بە شەوق و رەونەقی هونەرمەند و ڕازاندنەوەی کلیپ دەدرێ، نیو هێندە بە دەنگە کە نادرێ.
ماڵی ئیفێکت ئاوابێ وەها بۆی دەگۆڕێ ئەگەرنا حەوسەڵەت نیە ئەوجارەش گوێی بدەیێ. ئاواز و شیعری گۆرانییەکان هێندە تێکەڵ بە فارسی و تورکی کراون، کە خەریکە باوەڕ بەوە دێنی کورد خاوەنی پارچەیەک مۆسیقای خۆی نیەو ئەوەی هەیە لە میلەتانی ترمان وەرگرتووە. هێدی هێدی خەریکە قەناعەتمان پێ دێنن کە ئەوەی بەسەر هونەرو فۆلکلۆری ڕەسەنی کوردیدا هێناویانە داهێنانە. لەوەش زیاتر تەشقەڵەت پێدەکەن گەر بتبینن گوێ بۆ سترانبێژێکی قەدیم دەگری! من بۆ خۆم ئەوەندەی لەدەستم بووبێتەوە ئێرەو ئەوێم پڕکردووە لەو دەنگە ڕەسەنانە و نەم هێشتووە ئەو ماکە جوانەی کوردەواریم لێ ببێتەوە. هەرکەسێکیش عاشقبێ بە ئاوازو فۆلکلۆری کوردی باوەڕناکەم هەتا خالید ڕەشید و مەزهەری خالقی و کەمەندی هەبن، گوێ بداتە ئەو غەڵبە غەڵبەی ئیستە، کە بە داهێنان پێمانی دەفرۆشنەوە.
ڕێبین حەوێز