ئەوەی عورفە و ئاساییە، مرۆڤ هیوای ههموو خێر و خۆشییهك بۆ گەل و خاکی خۆی دهخوازێت و لەو پێناوە خوێن دەبەخشێ و شەهید دەبێ.
ئەوەی نامۆ و جێی شەرمەزاریە، مرۆڤ هەبێ دڵخۆش بێت و پشتگیری دژە بەرژەوەندییەکانی گەل و خاکی خۆی بکا!
بۆیە هەر کەس و لایەنێک بە بڕیارە سیاسییەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەربارەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان خەنی بێت و خۆشحاڵی خۆی بۆ دەرببڕێ، ئەوا بێگومان بێ رێزی دەکات بە سەروەری هەرێم و بە خوێنی پیرۆزی شەهیدانمان، کە هەرێمی کوردستانی لەسەر بونیات نراوە، ئەوانە لە کۆتایی دەبن بە پەند بۆ زەمان و باش بزانن مێژووش رەحم بە کەس ناکات.
بەردەوام شۆڤێنییە دژە گەشەسەندنەکانی کوردستان هەوڵ و بڕیاری زیاتر لەو بڕیارە سیاسییانەی ئێستای دادگای باڵای ئیتیحادیان لە عێراق داوە، لە پێناو گەمارۆدان و لاوازکردن و شەڕی دژە قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کاتی توانیبیان زەرەرمان پێ بگەیەنن، بەڵام سوپاس بۆ خوا، کە هەموو جار لەو هەوڵانە شکستیان هێناوە و ریسیان لێ بووهتەوە خوری، ئەمجارەش بێگومان بن، کە هەوڵەکانیان سەرناگرێ و هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو دەبێ.
خۆ ئەوە زیاتر لە 15 ساڵە سەدان پێشێلکاری دەستووری لە عێراق دەکرێ و زۆریشی بەرامبەر مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستانن، خێرە لە لایان دادگای باڵای فیدڕاڵی نە بایە و نە باران و نوقەیان لێوە نەهاتووە؟! بۆچی لە کاتێکی هەستیاری هەنووکەیی ئەو کەیسە دەجووڵێننەوە و تێیدەڕوانن و بە پەلە پەل بڕیارێکی سیاسی نا دەستووری لە دژی هەرێمی کوردستانی پێ دەردەکەن؟! ئەوە خۆی لە خۆییدا بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ هەبوونی فشاری بەهێزی سیاسی لە دەرکردنی بڕیارەکەیان.
با هەمووان باش بزانن، جەنابی سەرۆک بارزانی رابەرە بەهێز و میهرەبانەکەی کوردستان ئەوەتان لێ قەبوڵ ناکات، وەک خودی بەڕێزیان فەرمووی هەرگیز سازش لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێم ناکات، چاوەڕوان بن وەک هەموو جار بە حیکمەتی سەرۆک و دڵسۆزان لە هاوخەبات و هاوکارانی جەنابیان، لەم شەڕە دژە قەوارەی هەرێم دا ئەو جارەش ئەو لوغمە وەک هەموو لوغمەکانی تر، کە لەپێش پێشکەوتن و مافە ڕەواکانی هەرێم چێندراون، پوچەڵ دەکاتەوە و بەسەر بەرزی سەردەکەوین و کوردستان براوە دەبێ.
کوردە دژە کوردستانیەکانیش، تەنها شەرمەزاری و ڕیسوابوونیان بۆ دەمێنێتەوە.
لەنجە شزەیی – ئەندامی پەرلەمانی کوردستان