یەكێتی وا دەزانێ ھێشتا بەرەی كوردستانی ماوە! 

ھەرچەندە سەیری دەم و زمانی ھەندێك لە یەكێتیەكانی ئەمڕۆ دەكەم و گوێ لە قسە و لێدوانەكانیان دەگرم، بەتایبەتی پێوەند بە پۆستی سەركۆماری عێراق، ھەست دەكەم ئەم حزبە \ئەمە ئەگەر ڕاست بێت كە پێناسی حزب بۆ یەكێتی بكەیت\ ھێشتا لە زەمانی بەرەی كوردستانیدا دەژی و وا دەزانن چەند مانگێكە لە شێنێ و زەڵێ و قاسمەڕەش ھاتوونەتە خوار! … واتە:

1- ھێشتا ئەم یەكێتییەی ئێستا، وا دەزانێت لەدوای ڕاپەڕینی سەرەتای 1991 – ەوە، ھیچ ھەڵبژاردنێك لە كوردستان نەكراوە و كەس نازانێت چ حزبێك قەبارەی جەماوەریی چەندە! بۆیە دەبێ ھەتا ھەڵبژاردن دەكرێت ھەموو حزبەكانی كوردستان بەتایبەتی پارتی و یەكێتی، وەك یەك سەیر بكرێن و ھیچ كام لە پارتی و یەكێتی مافی لەوی تر زیاتر نەبێت و ھەر یەكێكیش لە پارتی و یەكێتی وەك یەك مافی ڤیتۆیان بەرامبەر یەكتر ھەیە!

2- ھێشتا ئەم یەكێتییەی ئێستا، وا دەزانێت ھەروەك زەمانی بەرەی كوردستانی دەكرێت بە لاچەپەك، پارەی گومركە حزبیەكانی كلكەی خەراجیان و چەناخچیان و شیو و دۆڵەكانی پشتی چەمەك و شێخەڵمارێن، بۆ خۆت كۆبكەیتەوە و ھەر گرووپ و دەستە و تاقمێك لە ھەر لاچەپەكێكدا توانییان بازگە دابنێن و چەند پارە بۆ خۆیان كۆ بكەنەوە نۆشی گیانیان بێت! چونكە بەتەنیا خەباتی شاخ شەرعیەتی ئەوەت پێدەدات ھەرچیەكت بوێت بیكەیت! واتە ھێشتا لە نزیك پوورە كەسكێ دەژین!

ئەگەر ئەم یەكێتییەی ئێستا ھۆش و بیری زەمانی بەرەی كوردستانیی تێپەڕاندایە، چۆن ئێستا لەسەر ئاستی باڵا دێن و دەڵێن پۆستی سەركۆماری عێراق مافی یەكێتییە چونكە پارتی لە ھەرێمی كوردستان ھەموو پۆستەكانی بەدەستە و لە بەغداش جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیان ھەیە؟

پێش ئەوەی بێینە سەر ئەم پاساو و ئەم بیانووە مردارەوەبووەی ئەم یەكێتییەی ئێستا، بەڵام ئایا ئەوە ڕاستە كە بە موتڵەقی واتە بە ڕەھایی بڵێیت پارتی لە ھەرێمی كوردستان ھەموو پۆستەكانی بەدەستە؟ ئایا لە ھەرێمی كوردستان سەرۆكی پەرلەمان پارتیە؟ باشە بۆچی ئەو بەرپرسەی یەكێتی باسی ئەوە دەكات كە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پارتیە، بەڵام باسی ئەوە ناكات كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یەكێتییە؟ سەیرە ھا!

ئەی باشە ئایا ئەگەر پارتی بە ڕەھایی ھەموو پۆستەكانی ھەرێمی لابێت، ئایا جێگری سەرۆكی حكوومەت پارتیە؟ ئایا وەزیری پێشمەرگە پارتیە؟ ئەی وەزیری كشتوكاڵ كێیە؟ ئەی ئایا وەزیری پلاندانان پارتیە؟ ئەی وەزیری ڕۆشنبیری كێیە؟ ئەی ئایا وەزیری خوێندنی باڵا پارتیە یان شیوعی یان سەربەخۆیە؟ باسی وەزارەت و دەستەكانی حزبەكانی تر و پێكھاتەكان ناكەم. دە ئنجا با بزانین بۆچی ئەو پاساوەی ئەم یەكێتییەی ئێستا بۆ پچڕینی پۆستی سەركۆمار بۆ خۆیان، پاساوێكی مردارەوەبووە؟

ا- ئایا یەكێتی ڕێككەوتننامەی ستراتیژیی لەگەڵ پارتی ماوە؟ لە سەدا سەد نەخێر.

ب- دوای نەمانی ڕێككەوتننامەی ستراتیژی و تایبەت بە پۆستی سەركۆمار، ئایا یەكێتی ھیچ ڕێككەوتننامەیەكی نوێی لەگەڵ پارتی ھەیە؟ دیسان لە سەدا سەد نەخێر.

ج- ئەی ئایا یەكێتی بە گوێرەی ژمارەی كورسی و دەنگەكانی خۆی لە دوای ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، داوای پۆستی سەركۆمار بۆ خۆی دەكات؟ بڕوا ناكەم، چونكە پارتی 31 كورسیی ھەیە نەك یەكێتی!

د- باشە ئایا لەسەر بنەمای ڕێككەوتنەكانی زەمانی بەرەی كوردستانی، یەكێتی داوای پۆستی سەركۆمار بۆ خۆی دەكات؟ بەڵێ! بەڵام ئاخر خۆ بەرەی كوردستانی پێش نەمانی ڕێككەوتننامەی ستراتیژی نەما و ئنجاش ئەوەندەی من بزانم لە ڕێككەوتنی بەرەی كوردستانیدا باسوخواسێك بەناوی ئەوەوە نیە كە سەركۆمار بۆ كێ بێت و سەرۆكی ھەرێم بۆ كێی تر! ئەھا پاساوی یەكێتی بۆ بەرگریكردن لەوەی كە پۆستی سەركۆمار مافی خۆیانە، چۆن مردار بووەتەوە!

ھەواڵی زیاتر