ئەوانەی بە دەرقاچەی شەرواڵە خاکییەکەیدا هەڵدەشاخێن، خۆیان و گەورەکانیان هەر لەدوایەوە ڕۆیشتوون و هەرواش دەمێننەوە .
هیچکات ماکینەی گەورەی ئیعلامی نەبووەو هیچکات ڕۆژنامەڤان و قەڵەمی بەکرێ نەگرتووە تا بەشان و باڵیدا هەڵبڵێن و قەتیش باوەڕی بە زمانی خراپ و ناشیرین نییەو نەبووە، بەڵکو ئەوە هەڵوێست و دۆخە دژوارەکان بوون کە هێزو پێگەیان نیشانی هەمووان داوەتەوە و لە تەنگانە یارو نەیار دێنەوە بەردەرگای.
سەرۆک بارزانی، لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ زۆر پرس قسەی وەردەگیرێت و داوای دەستپێشخەری و بۆچوونەکانی دەکرێت و ئەوەی شەوی ڕابردوو داوای لێکرا بۆ یەکخستنەوەی ماڵی شیعە، نە لەعێراق و نە لەدەوروبەری عێراقیش یەکەمجارە. پێش چەند مانگێکیش ڕۆڵی لە یەکخستنەوەی سوننەکان هەبوو کە زۆر لایەن پێشتر ئەم هەوڵەیان دابوو و تێیدا مۆفەق نەبوون.
لەهەندێک پرس کە وڵاتانی خاوەن پێگەو سەربازو پارە بۆ چارەسەری پرسێک تووشی تەنگ و چەڵەمە دەبنەوە، بۆ چارەسەری کێشەکان ڕوو لەبارەگاکەی دەکەن و داوای بۆچوون و دەستپێشخەری لێ دەکەن.
سەرۆک بارزانی لە سووریا، کوردانی ڕۆژئاوای یەکخست و ئەوە ناکۆکی خۆیان بوو دیسان دووری خستنەوە. لە تورکیا پێشنیاری پرۆسەی ئاشتی کرد کەچی پەکەکە تێکی دا. بۆ عێراقیش هەمیشە فریادرەس بووە. لە شەڕی داعش، وڵاتان وەک کەسی یەکەم و هێزی یەکلاکەرەوەی گۆڕەپان گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکرد.
لەباشووری کوردستان ئەگەر هەوڵەکانی سەرۆک و نەرمینواندن و قوربانیدان بە بەرژەوەندییەکانی خۆی و حزبەکەی نەبایە، زۆرجار پارت و کەسی نابەرپرس و عەڕاب و تاڵانچییەکانی جەنگ هەمیشە بۆ تێکدان! میلی تفەنگیان سوار بووە.
مێژوو سەلماندیەتی، سەرۆک هەمیشە پرەنسیپ و مەبادیئی خۆی بۆ گرنگ بووەو خیلاف لەهەڵوێستەکانیدا نەبووە، ڕابردوویەکی نەگۆڕ وای کردووە هەمیشە پێگەو هێزی بڵندتر بێت و دۆست و دوژمن ئیعتیبارو جدییەت بدۆزنەوە لە قسەکانیدا، ئەوانەشی بە دەرقاچەی شەرواڵە خاکییەکەیدا هەڵدەشاخێن خۆیان و گەورەکانیان هەر لە دوایەوە ڕۆیشتوون و هەرواش دەمێننەوە.
پێشەوا هەورامانی