ئەوەی کە کەسایەتی دێوجامە، ئۆپۆرتونیست و پۆپۆلیست لە کەسانی نیشتیمانپەروەر جیادەکاتەوە، مەبدەئیەت، جورئەت و شەفافیەتە. لە دونیای سیاسەتیش هەر وایە. ئەوانەی خۆیان بە کەسایەتی یان ڕێکخراوێکی سیاسی هەڵدەواسن، جیاوازن لەوانەی کەخۆیان لە خۆیاندا خاوەن پێگەن.
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی گوتویەتی کە گوایە: (کاتێک ڕونکردنەوەی نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی سەبارەت بە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەنوسێکی بیانی بە ناوی (زاک کۆپلین) خوێندۆتەوە تەزوو بە گیانیدا هاتوە). ئەم جۆرە لە قسە کردن نە دەربڕینی فکرە، نە ئەچێتە قاڵبی سیاسەتکردنەوە
ئێمە دەزانین کە ئەم قسانە تەعبیر لە بۆچونی هەموو یەکێتی ناکەن. ئەو یەکێتیەی کە شۆڕش گێڕبوە و خوێنی لە پێناو خاکی پیرۆزی کوردستاندا ڕژاوە، لە تەنکاوێکی بەو جۆرەدا مەلەوانی ناکات. قسەکانی ئەم برادەرە لە ویژدانێکی ئینسانی، کوردایەتی ئیمانداریی یان بڕوا بوون بە عەدالەتی کۆمەڵایەتیەوە نەهاتوە. ئەم جۆرە لە قسە کردن بنکڕی ئەو مەرامە ژەنگ هەڵهاتوەیە کە بۆ دژایەتیکردنی پارتی و بەتایبەتی تریش بنەماڵەی بارزانی دروست بوە. ئەم برادەرە (لە چوارچێوەی ئەو ئیرهابە فکریەی کە بەرە بەرە خەریکە ئاسەواری لە دەڤەری سلێمانی دەسڕێتەوە) پێی وایە ئەگەر دژایەتی بنەماڵەی بارزانی و پارتیت کرد، ئەوا بۆخۆت ئەبیتە شۆڕشگێڕ و (عادل) و دیموکرات، ئیتر لە ناخی خۆتا هەرچیەک بیت و چەندەش بێ هونەر بیت ئاساییە. سەیر لەوەدایە، بە درێژایی مێژوی ئینسانیەت، کەس لە پڕێکا و لەسەر حسابی ناشرینکردنی خەڵک و لایەنیتر نەبۆتە کوڕێ. ئەو کەسەی بەم جۆرە قسە ئەکەن، لە ڕاستیا بۆ پەردە پۆشی عەیب و عاری خۆی وا ئەکات. ئینجا سەیرو سەمەرەش ئەوەیە کە ئەم برادەرە باس لە دەسەڵاتدارانی هەرێم ئە کات و ڕەخنەیان لێ ئە گرێت. بەڵام ئایا دەسەڵاتدار لە هەرێم کێیە؟… ئەی جەنابی بۆ خۆی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیە؟… ئەی خۆی بەشێک نیە لەو دەسەڵاتە، هەر وەک ئێمە؟…
لەم هەفتەیەدا سەرۆکی هەرێم لە مەراسیمی سوێندخواردنی دادوەران گوتارێکی ئێجگار بەپێز و پڕاو پڕ لە بیرو باوەڕی نیشتیمانی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سەروەری قانون پێشکەش کرد، کە چی خوێندەوارێک، سیاسەتمەدا رێک، ڕۆژنامەنوسێک و کەس و کەسمان نەبینی شیکردنەوەیەکی بەویژدان و بابەتیانە بۆ گوتارەکەی سەرۆکی هەرێم بکات…!
لێرەدا مەبەستمان پیاهەڵدان نیە بەسەر کەسدا، بەڵکو مەبەست تەنیا شیکاریەکی مەنتیقیە.
دواجار سەرۆکی حکومەت چی بکات؟… خەڵک بەڕۆژی ڕوناک بوختانی بۆ بکات، سەرۆک وەزیرانیش بێدەنگی لێ بکات؟… ئەوانەی لە ئەوروپا و ئەمەریکا ژیاون ئەزانن کە مەرج نیە هەرچی قژی زەرد و چاوی شین و مەسیحی و هاوڵاتی خۆرئاوا بوو، ئیتر فریشتەیە. شوێنی فریشتەکان لە ئاسمانە و خوای گەورە زانایە بە شوێنی حەوانەوە یان. زاک کۆپلین فریشتە نیە. سەرۆکی حکومەت سەرکردایەتی ئەو پڕۆسە چاکسازیە ئەکات کە لە کابینەی هەشتەمەوە دەستی پێکردو، وەک وەستا بە تەقەڵی وورد دوریوێتیەوە بە کارنامەی کابینەی نۆهەمەوە. هەنگاوی باش لە پێناو چاکسازیدا نراوە و پڕۆسەکە بەردەوامە. ئیتر وا دیارە هەندێک کەس پێیان خۆش نیە ئەمەشیان (چاکسازی) هەر لەسەر دە ستی نەوەیەکی مەلا مستەفا جێبەجێ بکرێت، ئیتر خەڵک بە پڕوپاگەندەی هەڵبەستراوەوە مەشغوڵ ئەکەن.
کۆتا، ئەو برادەری تەزوەکەی پیا هاتوە باسی ئەخلاق دەکات. لای من بێ ئەخلاقترین کورد ئەو کەسەیە کە نیشتیمان بفرۆشێت و بچێتە سەنگەری شۆڤێنیستی عەرەبەوە بۆ دژایەتی کردنی کورد و ئاڵا و خاکی پیرۆزی کوردستان… ئیتر هەمو جۆرەکانی بێ ئەخلاقی، لەدوای نیشتیمان فرۆشیەوە دێن. هەموو ئەمانەش لە پێناو بڕێک دۆلار و پارچە زەوی و موڵکی بەغدا…!
ئاری هەرسین