سەرای ئازادی، دەربڕینێکی قۆڕی موزاھەرە بێ ئەنجامەکەی حەڤدەی شوباتە

سەرای ئازادی، دەربڕینێکی قۆڕی موزاھەرە بێ ئەنجامەکەی حەڤدەی شوباتە. لە ھیچ شوێنێکی مێژوودا، ئەو مەیدانە ناوی «سەرای ئازادی» نەبووە. تەنانەت شێخ ڕەزاش لە پەسنی سلێمانی و دەورانی بابانییەکان ھەر دەیوت بەردەرکی سەرا «لە بەردەرکی سەرا صەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاھد…ھتد»

بەم دەستەواژەیە، کۆمەڵێک خەڵکی پووچ و پاتاڵ کرانە فیگەری مەشھور و موقەرەر. شاریان وێران کرد و ھەرا و خوێن و ئاشوبیان نایەوە. بە خۆپیشاندانێکی تەپوتۆزاوی و فەلەستینییانە، مێژووی شارەکەیان ئاوەژوو کردەوە. مێنتەڵێتییەکەیان گۆڕی و شاریان لە پایتەخیتی ڕۆشنبیرییەوە گۆڕی بۆ میرنشینی جنێو.

خۆپیشاندانێکی قوڕاوی و خوێناوی، کە ھیچ بەرھەمێکی نەدا، جگە لە ماڵوێرانی. یەک دنیا خەڵکی پووچ و پێڵاو، لات و دەمەوەر و کەمسەواد و عەشایەری لە بازاڕی شارەکە، بە نرخی ناپلیۆن و ڕۆبسپێر و ژەنراڵ دیگۆل بەسەرماندا ساغ کردەوە. لات و عەرەبانچی و بەندبێژ و مەلا تەڕەماشی سەرای ئازادی! چالاکوانی سەرای ئازادی! بۆیاخچییەکەی سەرای ئازادی! بێژەرەکەی سەرای ئازادی! ئەم ھەموو ناوبانگ و شوھرەتە قەبانەی دا بە لاتوپووتەکان. سەدان و ھەزاران کەیس و ئیقامەی پێ دروست کرا.

بیرم دێت لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا، کە خەڵکێکی زۆر جنوون و ھەیەجان بەری چاوی تاریک کردن، بەسەر بەرمیلێکەوە، لە بن ڕەسمەکەی شێخ مەحموودی حەفید، شیڕەشیڕ وەھمیان بڵاو کردەوە…

دەستە و کۆمەڵە و فیدراسیۆن و ناوی جۆراوجۆری دەولی و دامەزراوەییان لە خۆیان دەنا. کابرایەک بەسەر بەرمیلەکەوە ئەیقیڕاند: ئەوە کۆمەڵەی وەستا و کرێکارانی گەچکاری کوردستان، ھاتنە ڕیزی شۆڕشەوە! ئەوە فیدراسیۆنی ھەموو فڕنەکانی صەموون ھاتنە ڕیزی گەلەوە! ئەوە ڕێکخراوی شێلمفرۆشانی نیشتمان ھاتنە بەرەی میللەتەوە! ئیدی ھەر مەجموعە بەشەرێکت دەبینی، بە خۆی و چەند لاتێکەوە دەھاتن و مایک و تریبیۆنیان دەخستە خزمەتیان. کابرا چەکوشێک بە لاقەدییەوە بوو، بە ناوی سەرۆکی کرێکارانی لەبغ وتاریدا، ھێندەی پێ نەچوو زەلامێکی تر ھات و وتی: من نوێنەری سەرجەم وەستاکانی کاشیم، دانەیەکی تر: من نوێنەری ھەویرشێلانی کوردستانم. یەکێکی تر: من وەکیلی کرێنشینانم. دانەیەکی تر: من بە نوێنەرایەتی ھەموو سەوزەفرۆشان قسە دەکەم!

شار ئەگەر بە جەھل تێکدرا، دەبێت بە شەق ڕێکخرێتەوە. کە جنۆکە چووە لەشی ھەر کەس، مەلا عەلی کەڵەک دار ئەدات لە بنی پێی…

بارزان عەلی حەمە

ھەواڵی زیاتر