قۆناغه‌ نوێیه‌كه‌ی پارتی ده‌ست پێ ده‌كات


سیسته‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌ری خستن كه‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌ی دروستكرد له‌سه‌ر ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كان و گۆرانكاری باشی له‌ هاوكێشه‌سیاسییه‌كان كرد و نه‌خشه‌ی سیاسی عێراقی گۆڕی به‌وه‌ی ناكۆكی خسته‌ناوماڵی شیعه‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه‌ی خسته‌ تای ته‌رازوێكی تازه‌وه‌، به‌تایبه‌ت ره‌وتی نه‌سر و حیكمه‌ كه‌ له‌ 64 كورسییه‌وه‌ بۆ 14 كورسی دابه‌زین، ره‌وتی سه‌در به‌ته‌واوه‌تی كورسیه‌كانی هه‌ڵكشا و له‌ كوردستانیش پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ 33 كورسییه‌وه‌ توانی كۆی %52ی كورسییه‌كانی كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ده‌ست بهێنێت، هاوكێشه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت هه‌م ئاسانه‌ و هه‌م ئاڵۆزه‌، ئاسانه‌ چونكه‌ حزبه‌ بچوكه‌كان كه‌ پێشووتر رێگربوون له‌به‌رده‌م پێكهێنانی حكوومه‌ت، ئێستا هێزی جارانیان نه‌ماوه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌كانن، و لیسته‌ گه‌وره‌كان دیارن و ده‌توانن له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش حكوومه‌ت دروست بكه‌ن، ئاڵۆزه‌ چونكه‌ هه‌ندێك پرس هه‌یه‌ یه‌كلا كردنه‌وه‌یان كه‌مێك ئاڵۆزه‌، وه‌ك پۆستی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران، پارتی له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان ره‌نگه‌ قۆناغێكی نوێی سیاسی ده‌ست پێ بكات له‌ عێراق و كوردستانیش. له‌ كوردستان ئه‌و پۆسته‌ جێگای گفتووگۆیه‌ پارتی هێشتا بریاری له‌باره‌وه‌ نه‌داوه‌، به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌ ساڵی 2018 له‌نێوان یه‌كێتی و هه‌ندێك لیستی عه‌ره‌بی كراوه‌ بۆ دانانی (د.به‌رهه‌م ساڵح)، پارتی خستوه‌ته‌ به‌رده‌م هه‌ڵوێسته‌وه‌ كه‌ به‌ئاسانی سازش له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ نه‌كات و ره‌نگه‌ به‌ پۆستی دیكه‌وه‌ بیكاته‌ پاكێجێك. زۆر پرسیار دروست بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌، وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆ پارتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چونكه‌ كاتی خۆی ئه‌و پۆسته‌ وه‌ك ته‌حه‌دا له‌دژی پارتی به‌كارهێنرا، ئه‌م جاره‌ وابه‌ئاسانی تێپه‌رنابێت و جاری جارانیش نییه‌ به‌ هاوكێشه‌یه‌كی هه‌رێمیه‌وه‌ له‌به‌غدا گۆرانكاری بكرێت، ئه‌م جاره‌ پارتی كارتی ده‌ستی به‌غدای به‌هێزه‌ و لێگه‌یشتنی له‌و باره‌وه‌ له‌گه‌ڵ حزبه‌ گه‌وره‌كانی عێراق هه‌یه‌ و به‌ سانایی به‌بێ ئۆكه‌ی پارتی ئه‌و پۆسته‌ پرناكرێته‌وه‌.بابه‌تی پۆستی پارێزگاری كه‌ركووكیش په‌یوه‌سته‌ به‌بریاری سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ و ئه‌م پۆسته‌ له‌چوار چێوه‌ی گفتووگۆكانی له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداوه‌ له‌ له‌سه‌ر كه‌ركووك و ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان یه‌كلا ده‌كرێته‌وه‌ و په‌یوه‌ستدار نییه‌ به‌هیچ حزبێكه‌وه‌.
قۆناغه‌ نوێیه‌كه‌ی پارتی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ئاراسته‌ی دروستكردنی یه‌كرزی و یه‌ك لیستیه‌ به‌س ئه‌وه‌نده‌ی چاوه‌ران ده‌كرێت ره‌نگه‌ ئه‌م یه‌ك ده‌نگی و یه‌ك لیستیه‌ ته‌نیا له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی دروست بێت، حزبه‌كانی دیكه‌ له‌پێناوی ده‌نگ و له‌به‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان زه‌حمه‌ته‌ بچنه‌ چوار چێوه‌ی ئه‌و دوو حزبه‌وه‌، بۆیه‌ له‌جیاتی یه‌كریزی رێككه‌وتن له‌سه‌ر خاڵی هاوبه‌ش گرنگتره‌ واته‌ هه‌موویان له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك هاوبه‌ش رێككه‌ون، پارتی پاكێجێكی ئاماده‌كردووه‌ ده‌بێت ئه‌م پاكێجه‌ به‌هاوبه‌شی لیسته‌كانی دیكه‌ بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌ گرنگترینیان كه‌ پێویسته‌ كاری له‌سه‌ر بكرێت: یه‌كه‌م جێبه‌جێكردنی یاسای ئه‌نجومه‌نی فیدرالی كه‌ له‌ ده‌ستوور هاتووه‌ و ده‌رفه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ماده‌ جێبه‌جێ بكرێت، دووه‌م سندوقی داهاته‌كان دابنرێت و دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر پارێزگاكاندا، سێیه‌م: ده‌رچواندنی یاسای نه‌وت و گاز له‌ عێراقدا، چواره‌م: بابه‌تی فیدرالیه‌ت كه‌ 18 ساڵه‌ گرفتمان له‌گه‌ڵی هه‌یه‌ ده‌بێت به‌ریفۆرمێكی ده‌ستووری نوێ دووباره‌ ئه‌م ماده‌یه‌ شیبكرێته‌وه‌، دوای تێپه‌ربوونی ماوه‌یه‌كی زۆر به‌سه‌ر ده‌ستووریش ئاساییه‌ ئه‌م ریفۆرمه‌ بكرێته‌وه‌، و به‌هێزترین ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌بێت كه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ده‌سه‌ڵاتی فیدرالی هه‌ڵنه‌سا به‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی له‌ ده‌ستووردا هاتوون ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان خۆی ده‌توانێت یاسا ده‌ربكات و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ جێبه‌جێ بكات. پێنجه‌م: ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ وه‌ك لوبنان عێراقیش په‌یره‌وی سیسته‌می سیاسی (سێ له‌كاركه‌وتوو)بكات، كه‌ به‌و مانایه‌ی پێكهاته‌كان له‌ عێراقدا مافی ڤیتۆیان هه‌بێت بۆ هه‌ر بریارێك له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حكوومه‌ت، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت شاندی پارتی و یه‌كێتی بتوانن ئه‌مه‌ له‌ گفتووگۆكانیاندا بچه‌سپێنن زۆر گرنگ ده‌بێت ،جارێكی دیكه‌ هیچ كه‌س له‌به‌غداوه‌ توانای ئه‌وه‌ی نابێت به‌ ئاره‌زووری خۆی كارتی گوشار به‌كار بهَنێت.
رۆڵی سه‌رۆك بارزانی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی داهاتووی عێراق زۆر گرنگه‌ ده‌توانێت رۆڵی گرنگ ببینێت له‌ كردنه‌وه‌ی گرێكوێره‌كان و ویستی عێراقییه‌كان و كوردستانیشه‌كانیش له‌دوای هه‌ڵبژاردن ده‌ركه‌وت كه‌ ئاراسته‌ی نه‌رم و دامه‌زراوه‌ییان ده‌وێت، ئه‌ركی تیمی پارتی هه‌م له‌ حكوومه‌ت و هه‌م له‌ گفتووگۆ زۆر قورسه‌ ده‌بێت، گرنگه‌ متمانه‌ی ده‌نگده‌ری خه‌ڵكی كوردستان به‌ لیستی پارتی به‌ ئاسانی له‌ سه‌ر مێزی گفتووگۆ نه‌درێته‌ ده‌سته‌وه‌، ده‌بێت لێزانانه‌ و به‌ورییه‌وه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ بكات ئه‌گه‌ر بێت و له‌ كاتی پێكهێنانی حكوومه‌ت ئه‌م خاڵانه‌ بچه‌سپێنرێن ده‌سكه‌وتی گرنگ ده‌بێت بۆ هه‌رێمی كوردستان. له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌نگی عێراقییه‌كانیش بۆ هێزه‌ میانره‌وه‌كان، ده‌توانرێت حكوومه‌تێكی ده‌ستووری و دامه‌زراوه‌یی دروست بكرێت، هه‌نگاو نان بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ لیسته‌ براوه‌كانی شیعه‌ و سوننه‌ ده‌بێت به‌وردی كار له‌سه‌ر بكرێت، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ سوننه‌كان كه‌ ئێستا په‌رشوبڵاون و له‌یه‌ك ئامانجی سیاسی كۆنه‌بونه‌ته‌وه‌، و شیعه‌كانیش بونه‌ته‌ دووبه‌ره‌وه‌ به‌ره‌ی مالیكی و عه‌مار حه‌كیم و هادی عامری و حه‌یده‌ر عه‌بادی و به‌ره‌ی موقته‌دا سه‌در بۆیه‌ باشترین ده‌لاقه‌ بۆ رێككه‌وتنی كوردستان لیسته‌ عه‌ره‌بیه‌كان هه‌ڵبژاردنی رێككه‌وتنی تاكیتكه‌ نه‌ك ستراتیژی چونكه‌ له‌ 2017 له‌كاتی هێرشی حه‌شد بۆ سه‌ر كه‌ركووك هیچ یه‌كێك له‌و لیستانه‌ی كه‌ رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرابوو هه‌ڵوێستیان نه‌بوو.

كارزان سه‌باح هه‌ورامی

ھەواڵی زیاتر