کاتيک نەوشێروان مستەفا لە کتێبی “لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ”، باسی دیوی ناوەوەی ڕووداوەکانی کوردستانی عێراق دەکات، دانپێدانانێکی ئەوەندە جوانی تێدایە کە نەک بۆ ساڵی 2021، بەڵکو بۆ تێکرای تەمەنی پرۆسەی سیاسیی لە سلێمانی دەمێنێتەوە و درێژە دەکشێت، ئەو وتی: “یەکێتی نیمچە بەرە و ناتەبایی تێدایە”و بەمەش یەکدەنگبوونی پەیامی سیاسی لە سلێمانی، ئەگەر ھەشبێ، درێژە ناخایەنێ و دواجار بیروبۆچوونە بنەڕەتییەکان زاڵ دەبن.
لەبارەی کێشەکانی یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان، نەوشێروان مستەفا نووسیویەتی: “یەکێتی لە ناوخۆی دا باڵەکانی نا تەبا بوون و، لە هەندێ بیروبۆچونی بنەڕەتی دا یەکیان نەئەگرتەوە”.
ئێستاش کە یەکێتی و گۆڕان هاوپەیمانی کوردستانییان پێکهێناوە، کوڕەکانی جەلال تاڵەبانی و نەوشێروان مستەفاش چاک دەزانن ئەو سلێمانییەی لەسەر دەستی باوکیان نەبوو بە شام و شەکر، بە دەست لە دەستنانی قوباد تاڵەبانی و چیا نەوشێروان مستەفاش، نابێ بە ئەبو زەبی، ئەوە زەختی لاهور شێخ جەنگی هەر لێگەڕێن، کە دەیەوێ منداڵەکانی شێخ جەنگی، عەرز و ئاسمانی سلێمانیان بەدەستەوە بێت.
کاری حیزب لە بانگەشەی هەڵبژاردن دا، لە سەدا نەوەدی شیعاراتە و سەدی “دە”شی لە واقیعدا نابیندرێ، جا تۆ وەرە ئەو گۆڕانەی بۆ تەختکردنی یەکێتی و تۆزێکیش پارتی دروست بووە، 12 ساڵە کەشتییەکی بە مۆمەوە ناردووەتە سەر شەقام و ئێستاش کاپتنی کەشتی گۆڕانخوازان بووەتە پارتی، کەسیش ئاگای لە چارەنووسی سەرنشینەکانی نییە، چیا و نماش بە سەرکردایەتی عومەری سەید عەلی، دەستیان خستوە دەستی یەکێتی و دیسانەوە لە ئەی ڕەقیبەوە دەستی پێ دەکەنەوە و، لەگەڵ یەکێتی “فۆبیای دەسەڵاتی پارتی” بە خەڵکی دەفرۆشنەوە و بانگەشەی هەڵبژاردن نییە نەڵێن: ئیتر پارتی خاوەنی قسەی کۆتا نابێت، بە قسەی خۆیان دەسەڵاتی سلێمانی دەگەڕێنینەوە، ئەو دەسەڵاتەی سەرکردەیەکی سیاسی و پیاوێکی مەعریفی، پێکەوە دۆڕاندیان.