ئاڵای زەرد و بازاڕی گەرم!
ئاڵا زەردەکەی پارتی ببە لە سەحرایەک یان لە وێرانەیەک بە فەڕمی ھەڵبکە، ئیدی پاش ماوەیەک زەوی و موڵک و ھەرشتێکی ئەو سەحرا و وێرانەیە نرخیان بەرز دەبێتەوە، ھاوڕێیەکی کەرکووکی بە ئاگای لە دنیام بینی و لێم پرسی: چی تازە لە کەرکووک دەگوزەرێت؟
وتی: لەوەتەی ئاڵای کوردستان ھاوشانی ئاڵا زەردەکەی پارتی، بە دەست کاندیدەکانی پارتی-یەوە لەم شەقام و لەو گەڕەک ھەڵدەکرێن و دەشەکێنەوە، نەک ھەر ئارامی و دڵنیایی لای خەڵکی کەرکووک زیاتر بووە، بگرە بازاڕیش جووڵاوە.
کەواتە ژیرەکان ئەوە دەزانن، ھەمووان بە دژەکانی خودی پارتی-یشەوە لە سێبەر و حەجمی پارتی موستەفیدن، مەرج نییە موستەفید بوون ئەوە بێت ئیللا تۆ لە مەکتەبی سیاسی پارتی-یەوە بڕێک دۆلار بە کاش وەر بگریت، ئەوە بۆ ئێمەی پارتییش زۆرێکمان دەست نادات، بەڵام دەشێ خاوەن کارگەیەک یان پڕۆژەیەک بیت، دەشێ خاوەن کۆگا یان دووکانێکی بچکۆلەش بیت، دەشێ شۆفێر یان دەستگێڕێک بیت، دەشێ ئاژەڵدار یان جوتیارێک بیت، دەشێ فەرمانبەر یان مامەڵەچی بیت، نەخێر دەشێ بێکار بیت، بەڵام دواجار تۆ ئەوە سێبەری پارتی-یە کە دووکان و کارگە و کۆگا و پڕۆژە و بەرھەمت بازاڕی ھەیە، ئەوە سێبەری پارتی_یە کە ئازادییەکەی تۆ شەو و ڕۆژی بۆ نییە، کەی لە ماڵ یان لە کافیتریا دەر دەچیت و کەی دەگەڕێیتەوە، تەنانەت کەی و چۆن جنێو بە پارتی-یش بدەیت.
ئەگەر ھەرکەسیتر نرخی سێبەری پارتی نەزانێت، دەبێت خەڵکی کاسب و بزنسمان و ئەھلی ژیان، ئەوە باش بزانن ئەوە بەرزی ئاڵا زەردەکەی پارتی-یە ئەوان ساڵانە نرخی پڕۆژەکانیان بەرز دەبێتەوە، بیززات لە سلێمانی دەبێت ئەوە بزانن ئەگەر بێتو پارتی بە فەرمی ئاڵا زەردەکەی خۆی لەو شارە داگرێت، ئەو بازاڕە گەرمە نامێنێت، نرخی دووکان و کۆگا و کارگە و پڕۆژەکان دەم و دەست بەرەو خوارەوە وەک دووخوێنی لاستیک بەر دەبێتەوە، تەنانەت ئازادی و جنێوەکانیش بە پارتی ڕەواجیان نامێنێ و کەس پەنجا تمەنیان پێ نادات، ئاخر ئەگەر ئەمنیەت و حەجمی سیاسی و ئابووری پارتی نەبێت، کەپرێکی سێ بە چوار لە ھەورامان و باڵەکایەتی و بادینان پەنجا ھەزار ناکات، باوەڕتان ھەبێت لەگەڵ کابرایەکدا کەوتمە گفتوگۆ ھەر ئەمەم پێوت، وتم تۆ دووکانەکەت دوانزە دەفتەر دەکات، خانووەکەشت ھەر تەقریبەن ھەمان شت، ئێخۆ ئەمەت لەگەڵ بایعی بۆ نەھاتووە، غێر بەرھەمی وجوودی ئەو ئاڵا زەردەیە! وەڵڵا ھاتە قەناعەت.
ئاوا ئیتر خودا شاھیدە حەقیقەتەکە ئەمەیە نەک ئەوەی من موستەفیدم بۆیە وادەڵێم، نەخێر بەو شێوە تێگەشتنە من موستەفید نیم، ئەسڵەن مەغدووریشم چونکە زیاترم کردووە بۆ پارتی لەوەی کە ئێستا پێیداوم، بەس پارتی خوا بڕیویەتی، بۆ شەڕ و بۆ سوڵحی عەشایەری و بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن و بۆ کۆکردنەوەی پارەی ئاو و کارەباش ھەر یەک نەوع دەموچاو ڕادەسپێرێت، نازانێت چۆن بە ڕێگای ڕاگەیاندن و سیمیناراتەوە تەرویج لەسەر سیاسەت و کاری خۆی بکات، مادەم ئیتر مینگەمینگ مەکەن و دەنگ بدەن بە پارتی، با ئاڵا زەردەکە بەرز بێت، ئیدی نیگەرانی و ناڕەزاییەکانیش ڕۆژێک دێت ھەر چارەسەر ببن.
لوقمان بیارەیی