زەوقجوانی و زەوقسزی!

فریدریش نیتچە دەڵێت«خوداناسیش زەوقجوانی دەوێت»، تەبعەن نیتچە وشەی«زەوق»ی بە مەفھومە سێکسییەکەی لای خۆمان ناڵێت، بەو مەفھومەش نییە کە زۆربەمان بە ھەرزەکاری شەڕمان بە خەڵکی دەفرۆشت، یاریمان لێ تێک دەدان، ناخوونەکی خواردنی دەستگێڕەکانمان دەکرد، ئەگەر یەکێکیش بیوتایە: بۆ وا دەکەیت؟ ئێمەش دەمانوت: ھەر بە زەوق!

زەوق بە مانای ڕاستگۆیی مرۆڤ لەگەڵ دەور و بەری، بە مانای خۆشویستنی کارەکەی، خێزانەکەی، حیزبەکەی، شار و گەڕەکەکەی تا بە ھاوڕێ و ھاوپیشەکانی دەگات، مرۆڤ لەو شوێنە و لەو کارە و لەو حیزبە سەرکەوتووە کە زەوقی لەسەری ھەیە، پاشان زەوق ھەر ئەوە نییە خودی کەسەکە سەرکەوتوو بکات، بەڵکو بە مومارەسە و بە جوھد و بە بیرکردنەوە جوانەکانی ئەو کارە یان ئەو شوێنە و ئەو حیزبەش سەرکەوتوو و جوان دەکات کە زەوقی لەسەری ھەیە، ئاوا ھەمیشە مومارسێکی زەوقجوان دەتوانێت ئایدۆلۆژیا یان ھەر شتێکی ناشیرین، بە ڕەفتار و گوفتار و بیرکردنەوەکانی جوان بکات.

لە کوردستان ھێشتا مەعریفەی پێویست نییە چ بۆ خۆناساندنی تاک و حیزب، چ بۆ کار و ناوچە و شار، چ بۆ کار و پیشە و خودی مرۆڤ بە شەخصیش، زۆرێک ھێشتا لە ناو جەھلی خۆیاندا دەگەوزێن، کەچی دەیانەوێت لە ڕووخسار یان ڕەفتار و بیرکردنەوەی ئەوانەوە، خەڵک قبوڵی ئایدۆلۆژیا یان حیزب و تیۆرەکانیان بکەن، ئاخر لۆژیک وایە مرۆڤ ئەگەر بیەوێت خەڵک قبوڵی ئایدۆلۆژیاکەی بکەن و دەنگی پێبدەن، دەبێت بە زەوقێکی جوانەوە قسە بکات و دەربکەوێت، نەک بێت گەنجێک بە لادەر لە دین وەسف بکات چونکە«میسی»خۆشویستووە، ئەگەر بیەوێت خەڵک نەک ھەر دەنگی، بەڵکو موحیببەتیشی بۆ پارتی، بۆ یەکێتی، بۆ گۆڕان، بۆ ھەر شتێک کە ھەیە، دەبێت سەرەتا زەوقجوانی خۆی لە ڕاستگۆیی و لە نەزاھەت و لە نیشتیمانپەروەری نیشان بدات، ئەگەر نا جیھانگەرایی زەوقسزی دەکات .

لوقمان بیارەیی

ھەواڵی زیاتر