شێخ، لە سەر تەخت و میراتێکی ھەڵە!

ماوەی نزیک بە دە ساڵە، بنەماڵەیەکی نەناسراو کە تەنیا پەیوەندی خوێنی، بەستوونیەتییەوە بە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و مێژوویی کوردستانەوە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ حوکمڕانیی سەرزەمینی بابان دەکەن! ھیچ ھەستێکی نیشتمانی و نەتەوەییان نییە و تێکڕای کوردستان بە لایانەوە بریتییە لە: ھۆڵیودێک لە پەیجی فەیسبووک و کۆمەڵێک کرێگرتەی جنێوفرۆش و چەند کۆنتێنەرێک دوگ و جگەری بەسەرچووی مریشک، ئەوان بۆ پارێزگاری لە پایە و پارەکانیان دەست بۆ ھەموو حەرامێک دەبەن!
کۆمەڵێک برای کەم سەواد و بێ ئەزموون کە وێڕای نەبوونی ھیچ خیبرەیەکی سیاسی و سۆسۆلۆژی، بەلاغەت و لیاقەتی سەرکردایەتیشیان تیا نییە و تەنیا بە زەختی پارە و تفەنگ، ھەندێکیان تۆقاندووە و ھەندێکیشیان بێدەنگ کردووە!
ئەم بنەماڵەیە کە لە ھیچ شتێکدا پسپۆڕ نین و ھیچ ڕۆژێکی مێژووی دوور و نزیکیان پێشمەرگایەتی و خەباتی تیا نەبووە، بەھۆی ئیحتیکاری سەرمایەی ماددی و مەعنەویی یەکێتی و داھاتی مەرز و لە پاڵیشییەوە قاچاخچێتی زەبەلاح، ھەرچی میدیا و خەڵکی ڕەخنەگرە کڕیویانە و بەم ھۆیەشەوە بێمنەت بوون لە مێژووی تاڵەبانی و خەباتی سەرکردە بە تەمەنەکانی یەکێتیش!
ئەوەی ئەمڕۆش ڕوو ئەدا، لە گۆشەیەکییەوە تەنیا گەڕانەوەی میراتە بۆ میراتگر. لە گۆشەیەکی تریشەوە
ڕێک ئەو شەڕەیە، کە ئامۆزاکان لە میرنشینی بابان پێکەوە ھەیان بوو و بەشێک لە دیرۆک و چارەنووسی ناوچەکانی بندەستی بابانیشی پێوە گیرۆدە بوو.
ھەر لە سەرەتاکانی سەدەی حەڤدەوە، کاتێک (کاکە شێخ) حاکمی بەری مەرگە و (کاکەمیر)ی برای حاکمی پشدەر بوو، پێکەوە نەسازان و کاکە میر کاکە شێخی باوکی فەقێ ئەحمەوی دارشمانە دەکوژێت و دەست بەسەر ناوچەکەشیاندا دەگرێت.
دوای ماوەیەک کاکەمیریش دەمرێ و کوڕەکانی لەسەر میرات و جێنشینیی باوکیان ناسازێن، فەقێ ئەحمەدی دارشمانەی ئامۆزاشیان بە فرسەتی دەزانێ و پەلاماری کوڕەکانی کاکە میر دەدا و حەقی باوکیان دەسێنێ و میرات و ناوچە و دەسەڵاتەکەی باوکە کوژراوەکەی وەردەگرێتەوە.
دوای پڕبوونی کاسەی سەبری بافڵ تاڵەبانی، گومانی ئەوەش دێنێتە پێشەوە کە مام جەلال بە مەرگێکی ئاسایی نەمردبێت. بە تایبەت دوای ئەوەی کە ھێشتا نەخۆش بوو، «دژەتیرۆرەکەی بن دەستی لاھوور» پاسەوانە تایبەتییەکەی مامیان کوشت و ھەموو نھێنییەکانیان لەگەڵیا خستە گۆڕەوە! لە پڕ ھێرۆ خانیش حەزف کرا و ئەمڕۆش کوڕە گەورەی مام کە خەریک بوو مەحروم بکرێت لە میراتەکەی باوکی، ھەوڵی ژەھرخواردکردنی دراوە!
ھەرچۆن بێت دۆخەکە ئەمڕۆش نەبێت، سبەینێ تووندتر دەتەقێتەوە و چارەنووسی کوڕانی کەمسەوادی شێخ جەنگیش، ھیچ نییە جگە لە پەناھندەیەکی سیاسی لە ھەندەران.

بەرزان عەلی حەمە

ھەواڵی زیاتر