کارەساتی گەورە لە عیراق روودەدا

لە دروست بوونی دەوڵەتی عێراق تا ئەم سەردەمە کەرتی پەروەردە بەم خراپیەی ئێستای بێ ئاست و کواڵیتی نزم نەبووە. رێژەی نەخوێندەواری بەم ئەندازەیە بەرز نەبووە.
گەر بە وردی خوێندنەوە بۆ دۆخی عێراق بکرێت دەبینی کە بە ھەنگاو لەدوای ھەنگاو وە بە خواست، کار لەسەر تێکشکانی دووسێکتەری ئەساسی کۆمەڵگا دەدرێت.
کەرتی خوێندن و نەخوێندەوار کردن و جاھل کردنی کۆمەڵگا. ئەوەی تریش تێکدانیشیرازەی خێزانیە.
کەرتی خوێندن روون و ئاشکەرایە و پێویست بە قسەی زیاتر ناکات، ھەر لە سەرەتاییەوە تاکو زانکۆکان و کرینی بروانامەی مستەر و دکتۆرا. کردنەوەی زانکۆو پەیمانگای ئەهلی بێ کۆنترۆڵ و بێ مەرجی کواڵیتی. ئاستی زانکۆو پەیمانگاکان لە لیستی زانکۆکانی جیهان بەهەزاران لەدوای دواوەوەیە. بەکوردی بڵێم ناوەندی خوێندن لە عیراق هیچ پێوەرێکی لە ئاستی زانستی وڵات و پەروەردە کردنی تاک و فیرکردن نیە. گەندەڵی ئەم سیکتەرەشی داگیرکردوە.

خێزانی عیراقی بەرەو هەڵوەشانی زیاتر ئەروات و هیچ پڕۆژەیەکی باش بۆ راگرتنی نیە. لەسایەی دەرکردن و ھەموارکردنەوەی ھەندێک پرۆژە یاسا ئەم چوارچێوە خێزانیە بەرەو دابڕانی زیاتر و پەروەردەکردنی مرۆڤی ناسەقامگیری زیاتر ھەنگاو دەنێت.
لەسایەی ئەم یاسایەنەوە تا دێ زیاترو زیاتر ژنانی کۆمەڵگا پەراوێز دەخرێن و مافیان زەوت دەکرێت.
حکومەت و یاسادانەرێک رێگا خۆش بکات بۆ پیاوان بۆ ھێنانی ژنی دووەم و زیاتر لە رێگای پێدانی قەرزو سلفەوە لە لایەک و رێگر بێت لە جیا بوونەوەی ژنەکان بەوەی حضانەی مناڵەکانیان لێبسەنرێتەوە دەبێت پلان و ستراتیجیەتی ئەم حکومەتە چی بێت؟
تەلاق دان بۆ پیاو زۆر ئاسان کراوە وە ھان دەدرێت ژنی زیات بھێنێت.
لە بری ئەوەی توێژەری خێزانی زیاد بکرێت وە ئاستی دارایی خێزان بەرزبکرێت، گرنگی بە مندال بدرێت و بە یاسا مافی دەستەبەر بکرێت، لە بری ئەوەی یاسای توندوتیژی خێزانی تشریع بکرێت و تاک بە تاکی خێزان بپارێزێت، دێن و ھانی پیاو دەدەن بە ھێنانی ژنی زیاتر. وەک ئەوەی ئەوە تەنھا چارەسەر بێت گەر گرفتێکیان ھەبێت.
رۆژانە لەدەرەوەی دادگاکان و بە ناوی شریعەتەوە کیژۆڵی منداڵ و ھەرزەکار بە شوو دەدرێن و بە پێی ئامارەکانی دادگا بەشێکی زۆریان ھێشتا نەگەیشتونەتە تەمەنی روشد، تلاق وەردەگرن و خاوەنی چەند منداڵێکیشن کە خۆیان ھێشتا منداڵن و بەرپرسیارێتی خۆیان بە باشی ناتوانن ھەڵبگرن.
یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ ی ساڵی ١٩٥٩ یەکیکە لە یاسا باشەکان و بۆ ئەو سوردەمە تاکو ئێستا یەکێکە لەیاسا مەدەنیەکان.
برگەی ٥٧ی ئەم یاسایە، باس لەوە دەکات پەروەردە کردنی منداڵ دوای جیابوونەوە لای دایکە تا تەمەنی ١٨ ساڵی.
ساڵانێکە ھەوڵی ھەموارکردنەوەی دەدرێت یاخود باشترە بڵێم ھەوڵی تێکدانی دەدرێت.
ھەندێک لایەن ساڵانێک پێش ئێستا تانەیان لەو یاسایە دا لە دادگای اتحادی بە بیانووی ئەوەی دژی بنەماکانی ئاینی ئیسلامە.
ئەم تانەیە لە لایەن فقھای ئیسلامی دادگای اتحادیەوە رەفز کرایەوە.
ئێستا کە عێراق بەرەو ھەڵبژاردنی پێش وەختە ھەنگاو دەنێت دەستێکی رەش ئەم ھەلومەرجەی بە لەبار زانیوە بۆ سەپاندنی مەرامی خۆی و ھەمواکردنەوەی (تێکدانی) ئەو یاسایە و بەوەش تێکدانی کۆمەڵگای عێراقی و پێشێل کردنی مافی دایکان و ژنان.
ئەوەی لە حکومەت و پەرلەمانی عێراقی دەبینرێت نەلە ئێرانی پێشەڕەوی شیعە و نە لە سعودیەی پێشڕەوی سونەش بە دی ناکرێت.

کێشەی گەورە دراسەنەکردنی زانستی دۆخی خێزان و باری دەروونی مناڵ و دایکە لە کاتی هەوڵدان بۆ دەرکردنی یاسا یان بڕیارێک کە پەیوەندی بە خێزانەوە هەبێت.
بە گوێرەی ئەم ھەموارکردنەوەیە بێت منداڵ بۆی ھەیە تا تەمەنی حەوت ساڵی لای دایکی بمێنێتەوە، بەو مەرجەی ھاوسەرگیری نەکاتەوە.
دوای ئەو تەمەنە حضانەی منداڵەکە دەدرێت بە باوکی. بۆ گوێزانەوەی حضانە لە دایکەوە بۆ باوک گرنگ نیە باوکی ھاوسەرگیری کردۆتەوە یا چەند ھاوسەرێکی ھەیە.
گەر ھات و باوکی منداڵەکە لە ژیان دا نەمابوو یاخود مفقود بوو ئەوکات منداڵەکە دەدرێت بە باوکی باوکی واتا باپیری.
گەر ئەوان نەیان توانی منداڵەکە بگرنە خۆیان وە دایکی ھاوسەرگیری نەکردبۆوە ئەوکات دایکەکە بۆی ھەیە دوبارە منداڵەکە بگرێتەوە خۆی.
ئەمە رێگری کردنە لە دووبارە ھاوسەرگیری کردنەوەی دایک پێشێل کردنی مافی ژنە.
ھەروەھا دارمانی باری دەرونی منداڵەکە بە ھەرجارە و گواستنەوەی بۆ لای یەکێک.

لە بری ئەوەی ھاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو بەرژەوەندی منداڵەکە لێک بدرێتەوە و دایک و باوک ھاوشێوەی یەک تەماشا بکرێن و ھەڵسانگاندن بکرێت کامیان گونجاوترن بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکە، دێن و بێ بەرچاو گرتنی بەرژەوەندی منداڵەکە دەدرێت بە دایک و لێدەسەندرێتەوە و دەدرێت بە باوک و بە باپیر و بەرژەوەندی و باری دەرونی منداڵ رەچاو ناکرێت.
ھەموارکردنەوەی ئەم یاسایە نارەزایەتیەکی زۆری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان و پارێزەران و بەشێکی زۆری چین و توێژەکانی بە دوای خۆی دا ھێناوە.
بەداخەوە بەهۆی ئەوەی ململانێی سیاسی نامەشروع ئەکرێت و نزیک بونەوە لەهەڵبژارن هەیە بە مەرامی سیاسی و شەخسی هەوڵ هەیە سیکتەرە ستراتیژی و گرنگەکان بکرێتە قوربانی زیاتر، بە جۆرێکی وا من تێناگەم ئەم توێژە سیاسیەی عیراق دەیانەوێ چی بکەن و چ کارەساتێکی ناخۆشترو رەش تووشی ئینسانی ئەم وڵاتە بکەن.
ئەم توێژە سیاسیە لە ھەوڵی دروست کردنی نەوەیەکی بێ عیلم و نەخوێندەوار و خاوەنی کەسایەتیەکی ناتەندروستن.

ھەواڵی زیاتر