ھۆکار ترسەکە بوو، نەک ژەھرەکە
نیاز حاجی
نەترسان و مۆڕاڵی بەرز، باشرین رێگایە بۆ رووبەڕوو بونەوەی ھەموو جۆرە نەخۆشیەک، خۆت بپارێزە بەڵام ئەو ھەستەش لەناخی خۆت بچەسپێنە کە توش بوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئەگەرێکە و ئاساییە توشی ببیت. ئەو ترسەی لەناو خەلکیدا دروستکراوە زۆر مەترسیدارترە لە خودی فایرۆسەکە! بۆیە نەترسنان نیوەی چارەسەریەکەیە ئەگەر توشی بویت! ترس بەرگری لەش دادەبەزێنێ. سەربوردەیەک بۆ زیاتر رونکردنەوەی ترس دەھێنمەوە:
لە ناوچەیەکدا دوو دکتۆر (حەکیم)بونیان دەبێ، کێبڕکێ (منافەسە) دەکەوێتە نێوانیان، هەریەکیان دەڵێ: من زانا و شارەزاترم لەوەی تر، بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەوە، خەڵکی ناوچەکە کۆ دەکەنەوە، بریار دەدەن هەر یەکێک ژەهرێک بۆ ئەوەی تر ئامادەبکات و دەرخواردی دکتۆرەکەی تری بدات، ئەو دکتۆرەی زیاتر شارەزابێ دەتوانێ چارەسەر بۆ خۆی بدزێتەوە، ئەگەر نا ژەهرەکە دەیکوژێت، هەردووکیان لەسەر ئەوە رێک دەکەون.
ئەو دکتۆرەی متمانەی زیاتری بەخۆی بوو و لە شارەزاییەکەی خۆی زیاتر دڵنیا بوو، بە دکتۆرەکەی تری گوت، تۆ یەکەم جار ژەهرەکە ئامادەبکە و بیدە بەمن! ئەوە بوو دکتۆرەکەی تر دەستی بە ئامادەکردنی ژەهرەکە کرد و چەندین ژەهری مار و گیانەوەری تری تێکەڵ کرد، لەبەر چاوی خەڵک، دایە دکتۆرەکەی تر، دوای ماوەیەکی کەم ژەهرەکە زۆر کاریگەری لێکرد و تەواو پەکیخست و لەشی رزاندەوە، بەڵام چونکە دکتۆرەکە ورە بەرز و چاونەترس و متمانەی بە خۆی هەبوو، دەستی بە چارەسەر کردنی خۆی کرد و ماوەیەکی زۆری خایاند تا چاکبووەوە .
ئەم جارە نۆرەی ئەو هات تا ژەهرێک بۆ دکتۆرەکەی تر ئامادەبکات، خەڵکەکە کۆبونەوە تا ژەهرەکەی پێ بدات، بەڵام دکتۆرەکە وتی جارێ ژەهرەکەم ئامادە نیە، کەی ئامادە بوو ئاگادارتان دەکەمەوە ! ئەوەبوو دکتۆرەکە (ئاون)ێکی هێنا لە ماڵەکەی خۆی داینا و پارچە (لباد)ێکی بچوکی خستەناوی، رۆژانە خەریکی کوتانی ئەو لبادە بوو، دکتۆرەکەی تر رۆژانە بەبەردەم ماڵەکەیدا تێدەپەڕی هەر گوێی لە دنگە دنگی ئاونەکە و دەنگی کوتان بوو، هەموو رۆژ ئەوە دوبارە دەبووهوە، کاتێک بە رێککەوت دکتۆرەکەی دەبینی پێی دەگوت ژەهرەکە ئامادە نەبوو؟ ئەویش دەیگۆت نەخێر جارێ ماویەتی!
رۆژ دوای رۆژ ئەو دکتۆرەی چاوەڕێی ژەهرەکەی دەکرد، ورەی زیاتر دادەبەزی و ترسی زیاتری لێ دەنیشت و دەیگوت دەبێ چ ژەهرێکم بۆ ئامادەبکات؟ ترسەکەی هەر لە زیادبوون بوو، چونکە بەس گوێی لە دنگەدنگی کوتانی ئاونەکە بوو تا رۆژێک ھاتی گیانی سپارد!
ئەوە گیان لەدەستدانە، ھۆکاری ترسەکە بوو نەک خودی ژەھرەکە!