لە نێوان عەلی جوانمەردی و عەلی کەریمیدا
عەلی جونمەردی ئەو گەنجە جوان و خوێنگەرم و ئەو ناوە جوان و پڕشنگدارەی ناو دونیای ڕۆژنامەگەری کوردییە کە لە سەردەمی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان زیاتر ناسراو ھەوڵ و کۆششی کوردانەی بە میدیای کوردیی و جیھانییەوە دەبینرا. گشتپرسی کوردیی لە دەوری ئاڵای کوردستان کۆکردەوە و سەدان و ھەزارن عەلی جوانمەردی لە کرماشان و مەھاباد و سنە و وان و ئامەد و قامیشلۆ و کۆبانی و تاراوگەوە بوونە پەیامبەری سەربەخۆیی باشووری کوردستان. کاکە عەلی جوانمەردی یەکێک بوو لەوانە. لەپاڵ ھەوڵە جوامێرییەکانیدا بۆ بەردەوامیی ئەزموون و پشتیوانیی سەربەخۆیی باشووری کوردستان، عەلی جوانمەردی ھەمیشە ستوون و ڕاگرێکی گرنگی بەردەوامیدانی خەباتی ڕزگارییە بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان، وە لە ڕووداوی بەناحەق تەسلیمکردنەوەی شەھید «مستەفا سەلیمی» جوانمەردی وەک پیشەی ھەمیشەیی دەنگێکی زوڵاڵی ڕەتکردنەوەی خۆبەدەستەوەدان و قبوڵنەکردنی دیلی بوو.
بەداخەوە مێژووی ئێمە پارچەیەکی ڕەش و دیوێکی تاریکیشی ھەیە، گۆشەیەک کە دەیان عەلی کەریمی ناو خۆیان تیا مەڵازداوە، ئەم جۆرە عەلیە ھەموو ھەوڵیان پەلاماردانی ڕیفراندۆمچییەکانە، لەم تەلەفزیۆن بۆ ئەو تەلەفزیۆن و لەم سایت بۆ ئەو پەیجۆکە پەلامار دەدەن و جنێو دەبخشنەوە، تۆوی نائومێدی دەچێنن و خەڵک بەدگومان دەکەن بەرامبەر ئیرادە و ئیدارەی کوردی. تەبعەن بە قازانجی دوژمنانی کورد و کوردستان تۆ بڵێ: (بەدەستخۆشانەو تمەن و سپارچەکی ئێرانی و لیرەی تورکی!).
عەلی کەریمی کە خۆی بە ئەسڵ خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە و ڕستەیەکی نیە بۆ بەرگی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان؟! سەرەنج و ڕەخنەیەکی جێگا باسی نییە لە سەر کۆماری سێدارە؟! لە ڕووداوی تەسلیمکردنەوەی شەھید «مستەفا سەلیمی» ھاوشاری بە ئێران و لە سێدارەدانی نوزەی لێوە نەھات!! لێ لە ڕووداوی «دالیا محمود موسلیم» دا عەلی کەریمی بۆتەوە بەبەشێک لە بوقی سەرشاشەکان و چەواشەکاری، کوا ڤیدیۆییەکت کە ئاوھا بەرگری لە شەھید «مستەفا سەلیمی» بکەیت؟! تۆ کە خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستانی، خێرە بەرگرییەکت لە ھاوشارییەکانی خۆت نەکردووە و ناکەیت. ئەگەر ئەو شین و ڕۆ ڕۆیەی بۆ کیژۆڵەیەکی رۆژئاوای دەکەیت کە «بەپێی بەڵگەکان شوێن خۆشەویستەکەی کەوتووە!» ئەگەر جورئەتی ئەوەت ھەبوایە قسە بکەیت لە بارەی شەھید«مستەفا سەلیمی» ئەوا دەمانوت جوامێر و ڕاستگۆیت. وە بۆت ھەیە لەبارەی باشوور و باکوور و رۆژئاواش قسەبکەیت؟! تۆ سەیری «عەلی جوانمەردی» بکە ئەو وەک پاڵەوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەچێتە مێژووەوە، ئەی تۆ وەک چی دەچیتە مێژووەوە؟!