دیسان هەڵبژاردنە!
لە سەروبەندی هەڵبژاردن و هەر جۆرە دۆسێیەک، کە پارتی پاڵپشتی بکات، بەشی زۆری حیزب و میدیای ئاراستەکراوی دژە حکوومەت، هەرچی تاقە و تەکنیک و هێزیان هەیە بەکاری دەهێنن و لە شێوەی گرووپدا هێرش دەکەنە سەر حکوومەت و پارتی و مێژوو و سیمبۆڵەکانی، ئەو دیاردەی هێرشکردنە سەر پارتیش دوور و نزیک پەیوەندی بە دیموکراسی و ڕەگەزی هەڵبژاردنەوە نییە، ئەگەر دیموکراسی بوایە، منیش ئەو وتارەم نەدەنووسی! بەڵکوو ڕێک سەنگەرگرتنە لە حیزبی ناوبراو، ئاخر لە دیموکراسیدا هێرشکردنە سەر بەرانبەر نییە، شەڕی کارنامە و پێشکەشکردنی بەرنامەی هەڵبژاردن و ڕوئیای دەوڵەتداریی هەیە، ئەوەی ئۆپۆزسیۆن و نەیارەکانی حکوومەت و پارتی دەیکەن، یان بەڵێنی زۆر گەورەن و هەرگیز جێبەجێ ناکرێن یان شەڕفرۆشتنن بە حیزبی دەسەڵاتدار، بەوەش دۆخی هەڵبژاردن تێک دەدەن، ئێ ناکرێ ئێمە بۆ هەر هەڵبژاردنێک هەوڵی ناشیرینکردنی یەکدی بدەین، ئەگەر ئەو دیاردەیە بەردەوام بێت بە زانی دیموکراسیی کوردستان کۆتایی دێت.
ئینجا ئەزموونی هەموو هەڵبژاردنەکانیش لەپێش چاون، ئەو ماکینە گەورەیەی لە دژی پارتیدا دەخرێنەگەڕ، نەیانتوانیوە ژمارەی کورسییەکانی پارتی کەم بکەنەوە، زیادیش بوونە، وەک نموونە: پارتی کاتێک لەگەڵ یەکێتیدا هاوپەیمانی هەبوو، ژمارەی کورسییەکانی نزیکەی 30 کورسی بوون، یەکێتیش یەک کورسی کەمتری هەبوو، بەڵام کاتێک یەکێتی بڕیاری دا بە لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن بکات، ژمارەی کورسییەکانی دابەزین، ئێستا پارتی 45 کورسی و یەکێتیش 22 کورسییان هەیە، سەرەڕای ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا یەکێتی زۆرترین هێرشی کردە سەر پارتی، کەچی ژمارەی کورسییەکانی کەمیکرد و هیی پارتیش پازدە کورسی سەرکەوتووە، بۆ هەردوو لایان ئەو ژمارانە زۆرن. ئەم نموونەیە بۆچی؟
لە سەروبەندی هەڵبژاردندا حیزبەکان لەبری ئەوەی هێرش بکەنە سەر یەکدی، باشتروایە سەرقاڵی کارنامەی خۆیان بن، ئاخر ئەوەی پارتی لەوان جیا دەکاتەوە ئیشکردنێتی لەسەر کارنامەی خۆی و لە دۆخی ناچاریشدا نەبێت، هێرش ناکاتە سەر هیچ لایەنێک و تەنیا لە کاتی پێویستدا وەڵامی هێرشەکان دەداتەوە، ئەوەی پارتیش لەو دوکان و کۆمپانیایانە جیا دەکاتەوە، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە و خەڵکیش دەرکیان بەوە کردووە، بۆیە متمانەی پێدەکەن و ژمارەی کورسییەکانی بەرەو زیادی دەچێت، ڕەنگە بڵێن ئەم وتارە لە ڕوانگەی بەرگریکردن لە پارتییەوە نووسراوە، تۆ ئازادی چی و چۆن باسی دەکەیت، بەڵام جوان دیقەت بدە، بزانە نەیارەکانی پارتی خەریکی چ فەوزا و گەڕەلاوژەیەکن بۆ کورسیی زیاتر، کە دێنە حکوومەتیشەوە خەڵکیان لەبیر نامێنێ و دووبارە دەستدەکەنەوە بە هاتوهاوار، کە مووچە دوادەکەوت، یەکێتییەکان هاوشێوەی ئۆپۆزسیۆن دەیانگوت خەتای پارتییە! بەڵام کاتێک حکوومەت بە هەوڵی کاک مەسرور بارزانی لەگەڵ بەغدا ڕێککەوت، ئینجا یەکێتییەکان گوتیان کاک قوباد چووەتە بەغدا! کەچی بیریان لەوە نەکردەوە ئەوی بڕیاری کۆتایی لەسەر هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا دەدات، سەرۆکی حکوومەتە نەک جێگرەکەی.
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا