ئایا تڕەمپ دەتوانێت بایدن ببەزێنێت؟
ئەمهریکا لە (1776/7/4) سەربەخۆیی ڕاگەیاند و حوکمی شانشینی بەریتانیای رەتکردەوە، لە ماوەی تەمەنی (244) ساڵدا (45) سەرۆکی هەڵبژاردووە، (19) سەرۆک له پارتی کۆمارییهكان بوون، (15) سەرۆکیش له دیموکراتهكان، (11) سەرۆکیش بێلایەن.
دەستووری ئهمهریكا لە ماددەی دووەم (بەندی یەکەم) ئاماژە بە رێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئهمهریكا دەکات بۆ ماوەی هەر (چوار ساڵ) جارێک، هەروەها سێ مەرج دەستنیشان دەکات بۆ هەر کەسێک کە خۆی کاندید بکات بۆ پۆستی سەرۆکی ئهمهریكا، ئەوانیش بریتین لە:
1- لەدایک بووی ئهمهریكا بێت.
2- تەمەنی لە 35 کەمتر نەبێت.
3- چواردە ساڵ لە ئەمریکا ژیا بێت.
دوای پەسەندکردنی دەستووری ئهمهریكا لە ساڵی (1789) جۆرج واشنتن وەك یەکەم سەرۆکی بێلایەن هەڵبژێردرا (ئەوکاتە هێشتا پارتی دیموکرات و کۆماریەکان دانەمەزرا بوون)
هەر بە گوێرەی ئەم دهستوورەش بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (2020/11/3) هەڵبژاردنی سەرۆکی ئهمهریكا، لەگەڵ هەڵبژاردنی (435) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و هەروەها (1 لهسهر 3ی) ئەندامانی ئەنجومەنی پیران ئەنجام بدرێت.
جیاوازی نێوان تڕەمپ و بایدن (کۆماری و دیموکرات) بەرامبەر دۆزی کورد بریتیە لەوەی کە لەسەر ئاستی کەسی (بایدن) باگراوندی زیاترە و ئاشناترە بەرامبەر بە مێژووی دۆزی کورد، بەڵام تڕەمپ شارەزاییەکی تەواوی نەک تەنها لەسەر مێژووی کورد بەڵکۆ لەسەر مێژووی جیهانیش نیە، لەسەر ئاستی حیزبیش کۆماریەکان زیاتر دۆستی کوردن لە دیموکراتەکان، بە گوێرەی هەڵوێستە مێژوویەکان بێت هەردوو حیزب لە قۆناغی جیاوازدا هەڵوێستیان هەبووە، بەڵام کۆماریەکان زیاتر هەڵوێستیان بووە لە دیموکراتەکان.
ترهمپ لەم هەڵبژاردنەدا لەبەردەم کۆمەڵێك دەرفەت و هەڕەشەدایە بۆ بە دەستهێنانەوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئهمهریكا، لەم وتارەدا بە کورتی تیشک دەخەینە سەر دەرفەت و ئاستهنگهكانی بەردەم ترهمپ.
یەکەم/
ٲ- دەرفەتەکانی بەردەم ترهمپ لە سەر ئاستی ناوخۆیی ئهمهریكادا:
- لاوازی (جۆزیف بایدن – جێگری سهرۆكی پێشووی ئهمهریكا – باراك ئۆباما 2008 – 2016) کە بەربژێری دیموکراتەکانە و رکابەری ترهمپە لە ململانێی بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتی کۆشکی سپی.
- یەکگرتوویی پارتی کۆمارییهكان و پەرتەوازەیی دیموکراتهكان، ئەویش بەهۆی جیاوازی بیرکردنەوەی لایەنگرانی (بێرنی ساندەرز) هەر ئەوانیش هۆکارێک بوون بۆ بردنەوەی ترهمپ لە خولی یەکەم، لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا هەندێک ئاماژە هەن وای بۆ دەچن کە بەشێکی زۆری لایەنگرانی (بێرنی ساندەرز) دەنگ نادەن بە جۆ بایدن بەڵکو دەنگ دەدەن بە دۆناڵد ترهمپ.
3- شکستهێنانی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیران لە پرسی لێپێچینەوە لە دۆناڵد ترهمپ، کە لە بەرژەوەندی ترهمپ شکایەوە، چونکە دیموکراتەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن بۆ بانگهێشتکردنی گەواهیدەرەکان و لێسەندنەوەی متمانە لە ترهمپ، کۆی گشتی پڕۆسەکەش بە شکستێکی گەورە بۆ دیموکراتەکان و سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ترهمپ هەژمارکرا.
- دۆخی ئابووری ئهمهریكا لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترهمپ و پێش هاتنی پەتای کۆڕۆنا (Covid 19) بووژانەوەیەکی بێ وێنەی بە خۆوە بینی بوو، کە لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا ئهمهریكا ڕەوشی ئابووری ئاوەها گەشاوەی بە خۆیەوە نەبینی بوو، بە جۆرێک ڕێژەی بێکاری کەمبوبۆوە بۆ 3% هەروەها ترهمپ بە کەمکردنەوەی باج توانیبووی چەندان کۆمپانیای زەبەلاحی ئهمهریكا لە دەرەوە بهێنێتەوە ناو ئهمهریكا لەم چوارچێوەیەشدا توانیبووی زیاتر لە پێنج ملیۆن هەلی کاری بۆ ئەمریکیەکان بڕەخسێنێت.
5- ئەگەرچی زۆربەی میدیا زەبەلاحەکانی ئهمهریكا وەک (CNN و واشنتن پۆست و نیورک تایمز….هتد) دژی ترهمپ کار دەکەن، بەڵام تڕمپ زۆر لێزانانە توانیویەتی ئەم دژایەتیەی میدیا زەبەلاحەکانی ئهمهریكا بۆ بەرژەوەندی خۆی بشکێنێتەوە.
- پشتگیری تەواوی لۆبی جولەکە و ڕێکخراوی (AIPAC) و گروپی ئینجیلیەکان لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی تڕەمپ چونکە بڕیارەکانی تڕەمپ بۆ ناساندنی قودس بە پایتەختی ئیسرائیل و ناساندنی بەرزاییەکانی جۆلان بە زەوی ئیسڕائیل، هەروەها ڕاگەیاندنی (گریبەستی سەدە) لە بەرژەوەندی ئەم گروپانە بوون.
یەکەم/
ب- دەرفەتەکانی بەردەم ترهمپ لە سەر ئاستی دەرەوەی ئهمهریكا:
1- لە سایەی سەرۆکایەتی ترهمپدا پێگە و ڕۆڵی ئهمهریكا لە سەر ئاستی جیهان بەهێزتر بووە و پێگە و ڕۆڵی نەیار و دوژمنانی ئهمهریكاش لاوازتر بووە، واتە ترهمپ توانیویەتی تا ڕادەیەکی باش هەیبەت بۆ ئهمهریكا بگێڕێتەوە و دروشمی سەرەکی (خولی یەکەمی) هەڵبژاردنەکانی جێبەجێ بکات کە دەیگوت:
(Make America Great Again یان America First)
بۆ نموونە: ترهمپ توانی رێكکەوتنی ئەتۆمی هەڵوەشێنێتەوە و سزای ئابووری بخاتەوە سەر (ئێران) و لاواز و گۆشەگیری بکات، هەروەها ترهمپ توانی دوژمنە سەرسەختەکانی ئهمهریكا بکوژێت وەک (ئەبوبەکر بەغدادی لە سوریا و قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە عێڕاق و قاسم ئەلریمی لە یەمەن).
لە ئێستادا ئهمهریكا زیاتر لە 160 هەزار سەربازی لە 150 وڵاتدا بەسەر 865 بنکەدا دابەشکردووە، کە لە 80 وڵاتدا دژایەتی تیرۆر دەکەن.
2- ناچارکردنی ئەندامانی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ پابەندبوون بە پێدانی ئابوونەی ساڵانە کە بریتیە لە 2%ی بوجەی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکانیان.
3- دووبارە داڕشتنەوەی کۆمەڵێك رێكکەوتنی بازرگانی بەجۆرێك کە لە بەرژەوەندی ئهمهریكادا بێت وەک ڕێکەوتنە بازرگانییەکانی ئهمهریكا لەگەڵ هەریەک لە چین و کەنەدا و مەکسیک و… هتد.
4- پشتگیریکردنی ترهمپ لە (بۆریس جۆنسن) بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەکیەتی ئەوروپا کە بە برێگزێت (Brexit) ناسراوە، ترهمپ هەر لەسەرەتاوە هانی بەریتانییەکانیدا کە بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا دەنگ بدەن.
دووەم/
ٲ- هەڕەشەکانی بەردەم ترهمپ لە سەر ئاستی ناوخۆیی ئهمهریكا:
1- بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا:
ڤایرۆسی کۆڕۆنا کاریگەرییەکی تەواوی کردووهتە سەر هەموو سێکتەر و کایەکانی ژیانی هاووڵاتیانی ئهمهریكا، لە نێویشیاندا سێکتەر و کایەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی و تەندروستی و پەروەردەیی و گواستنەوە و تەکنەلۆژیا و….هتد، بە جۆرێک کە زۆربەی بابەتەکانی تر پەراوێز خراون و فۆکەسی هەموو چاوەکان خراوەتە سەر چۆنیەتی خۆپارێزی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، کاریگەرییەکە بە جۆرێکە کە دەکرێت زەمەن دابەش بکرێت بەسەر زەمەنی پێش کۆڕۆنا و زەمەنی دوای کۆرۆنا هەروەها ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە پەتای کۆڕۆنا بە کاریگەرترین پەتای سەدەی 21 بناسێنرێت.
هاتنی ئەم پەتایە لە کاتێکدا بوو کە خەڵکی ئهمهریكا سەرقاڵی خۆ ئامادەکردن بوون بۆ (هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی)، کەچی ڤایرۆسی کۆڕۆنا خۆی گەیاندە هەر 50 ویلایەتەکە و رێڕەوی گرنگی پێدانی خەڵک و حکومەتی ئهمهریكای گۆڕی لە گرنگیدان بە هەڵبژاردنەکانەوە بۆ گرنگیدان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا.
کاریگەریی نێگهتیڤی کۆڕۆنا بەسەر ئابووری ئهمهریكا بە جۆرێکە کە خەریکە سێکتەری ئابووری ئهمهریكا ئیفلیج دەکات چونکە ێژەی بێکاری لە ئهمهریكادا بەرزکردۆتەوە بۆ 2 واتە لە ئێستادا زیاتر لە 60 ملیۆن هاووڵاتی ئەمهریکی بێکار بوونە، ئەمەش قەیرانێکی ئابووری دروستکردووە کە لە مێژووی ئهمهریكادا بە سەختترین قەیران هەژمار دەکرێت، چونکە ئەم قەیرانە زۆر سەختترە لە قەیرانە ئابوریەکانی ساڵانی 1910 و 1930 و 1970 و 2008 و چاوەڕواندەکرێت لێکەوتەکانی تاکو ساڵی 2022 بەردەوام بن.
لە ئێستادا (دۆناڵد ترهمپ) لەژێر تاقیکردنەوەیەکی قورسی ڤایرۆسی کۆڕۆنادایە، ئەگەر ترهمپ توانی بەسەر کۆڕۆنادا سەربکەوێت، ئەوا دەتوانێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی نۆڤەمبەریشدا سەربکەوێت، واتە سەرکەوتنی ترهمپ بەسەر کۆڕۆنادا یەکسانە بە سەرکەوتنی ترهمپ بەسەر جۆ بایدن، چونکە هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر ڕێگا لەم ڤایرۆسە نەگیرێت ئەوا مەترسی هەیە 160 تاکو 201 ملیۆن هاووڵاتی ئەمهریکی تووشی کۆڕۆنا بن واتە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی ئهمهریكا، بۆیە سەرکەوتنی ترهمپ بەسەر کۆڕۆنادا واتە دەستەبهرکردنی خولی دووەمی کورسی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.
2- سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی فراوان دژ بە جیاکاری ڕەگەزی و ڕەیسیزم، لە ئێستادا ئەم خۆپیشاندانانە زۆر ویلایەتی ئهمهریكای گرتۆتەوە، بە واشنتنی پایتەختیشەوە، ئەمەش دوای کوژرانی ھاووڵاتییەکی ڕەشپێستی ئەمریکی بە ناوی (جۆرج فلۆیدی تەمەن 46 ساڵ) لە شاری مینیاپۆلسی ویلایەتی مینیسۆتا کە بە هۆی مامەڵەی نامرۆڤانەی پۆلیسی ئهمهریكا گیانی لەدەستدا.
ئەگەر ترهمپ نەتوانێت ئەم خۆپیشاندانانە هێور بکاتەوە و کۆنتڕۆڵیان بکات، ئەوا دەبنە مەترسی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی ئهمهریكا.
دووەم/
ب- هەڕەشەکانی بەردەم ترهمپ لەسەر ئاستی دەرەوی ئهمهریكا:
- قووڵبوونەوەی کێشەکان لەگەڵ وڵاتانی نەیاری وەک (چین، ئێران، رووسیا، کۆریای باکوور، ڤەنزویلا).
2- ناتەبایی لەگەڵ وڵاتانی یار و هاوپەیمانی وەک (یەکیەتی ئەوروپا).
3- پشتگوێخستنی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و هاتنە دەرەوە لە ڕێکەوتننامە جیهانیەکان و بڕینی پەیوەندی وهاوکاری لەگەڵ هەندێک ڕێکخراوەی وەک ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) و هاتنەدەرەوە لە ڕێکەوتنی پاریس بۆ ژینگە….هتد، ئەم هەنگاوانە هۆکاری هەڕەشەن بۆ سەر ترهمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکاتەتیدا، چونکە سەرهەڵدانی ململانێی بەرادەوام و کردنەوەی ئەم هەموو بەرەیە لە بەرامبەر وڵاتانی یار و نەیار لەیەک کاتدا، هەڕەشە دروست دەکەن لەسەر داهاتووی هەڵبژاردنەوەی ترهمپ بۆ خولی دووەم.
تڕەمپ و بایدن لە ململانێیەکی قورسدان، هیچ کاتێک وەک ئێستا شەقامی ئەمریکا دابەش نەبووە، هەموو هەوڵی هەردوو کاندیدەکە بۆ بردنەوەی کورسی سەرۆکایەتیە، پڕۆژەی هەردووکاندیدەکە لە ئاستی ناوخۆدا کاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی ڕێژەی دەنگەکانیان، واتە دەتوانین بڵێین سیاسەتی ناوخۆیی هەر حیزب و کاندیدێک کاریگەری (70%)ی هەیه لەسەر شەقامی ئەمریکا (واتە پڕۆژەکانی تایبەت بە کەمکردنەوەی باج و زیادکردنی خزمەتگوزاری و ڕووبەڕوو بونەوەی کۆڕۆنا….هتد) هەروەها سیاسەتی دەرەوەش تەنها (30%) کاریگەری لەسەر خەڵکی ئەمریکا دروست دەکات (سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ڕووبەڕوو بوونەوەی هەڕەشە دەرەکیەکانی وەک کەمکردنەوەی هەژموونی ئابووری چین و چەکی ئەتۆمی کۆریای باکور و هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست…هتد)
واتە دەنگدەری ئەمریکی زیاتر فۆکەسی لەسەر بژێوی ژیان و باشکردنی ئاستی گوزەران و کەمکردنەوەی باج و زیادکردنی خزمەتگوزاریە نەک سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا.
لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێ کە دۆناڵد ترهمپی بزنسمان، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا بەبێ هەبوونی پاشخان و باكگراوندێکی سیاسی توانی بە شێوازێکی (تازە و ناوازە) لە ڕێگای بەکارهێنانی (تویتەر) سیاسەتێکی روون و راشکاو پەیڕەو بکات لە پێناو بەهێزکردنەوەی پێگەی ئهمهریكا، لە کاتێکدا کە هەندێک بۆچوون پێیان وابوو لە سەردەمی (باراک ئۆباما) پێگەی ئهمهریكا لاواز بوو، هەروەها ترهمپ توانی زۆربەی بەڵێنەکانی خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 جێبەجێ بکات، بۆیە پێموایە وێڕای بوونی هەڕەشەکان، لە هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵ (ترهمپ) دەرفەتی دەبێت دووبارە هەڵببژێردرێتەوە و کورسی سەرۆکایەتی ئهمهریكا بەدەست بهێنێتەوە.