?-دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا وەك پوچەڵكردنەوەی بۆمبێكی چێنراوە كە هەر هەڵەیەك لە بوچەڵكردنەوە بۆمبە چێنراوەكەدا تەقینەوەیەكی گەورە درەست دەكات
كێشە جیهانیەكان-
لە ئێستادا جیهان بەدەست چەند كێشەیەكی گەورەوە دەناڵێنێت كە لە قۆناغێكی مەترسیدار و یەكلای كەرەوەدایە لەوانە:
١- كێشەی چین و فراوانخوازییە ئابوورییەكە بە ئاراستەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و ئەوروپا كە چەقی ستراتیژییەت و هەیمەنەی ئەمەریكایە
لەمەشدا پشت بە گەشە ئابورییە خێراكەی و زۆری دەستی كار و كۆپی كردن و دزینی بیرۆكەی بەرهەم و پیشەسازییە ئەمەریكیەكانە و ئەمەش وایكردووە گەشەی ئابوری چین سەرەڕای كرۆنا ٥.٧ % لەبەرامبەردا گەشەی ئابوری ئەمەریكا سەدا١.٢% بووە
٢- هەرچەند ڕوسیا لە دەرەوەی ململانێ جەمسەرگیری ئێستایە كە لە نێوان فەوزای شیوعیەتی چین و لیبرالیزمی سەرمایەداری و جیهانگیری ئەمەریكادایە بەڵام هێشتا ڕوسیا كێشەیەكی دیكەی جیهانیە بەتایبەت لە فراوانخوازیدا بە ئاراستەی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و لە پرسی پەرەپیدانی بەرنامەی ئەتۆمی ناوخۆی ڕوسیا و وڵاتانی وەك ئێران و كۆریای باكور
٣- لێكەوتەكانی كۆرۆنا یەكێكی ترە لە كێشە جیهانییەكان چونكە كرۆنا جیهانی لە مەترسی چەكە بایەلۆژییەكان بە ئاگا هێنایەوە كە چین و ڕوسیا و ئەڵمانیا كاریان لەسەر دەكرد
لەڕووی ئابوریشەوە كۆرۆنا جیهانی خستەبەردەم پێویستی چاو خشاندنەوە بە سیستەمە ئابوری و تەندروستی و بازرگانییەكاندا دەستهەڵگرتنی تەواوەتی دەوڵەت لە ئابوری و تەندروستی پەروەردە هەڵەیەكی گەورەی سەرمایەداری بوو ئێستا بڕیاری چاوپێداخشاندنەوەی دراوە
لە ڕووی جوڵەی بازرگانییشەوە ئابوری جیهان. لە قۆناغی داكشاندایە بەهۆی زیانەكانی كۆرۆناوە كە تا ئێستا ١٦ ترلیۆن دۆلارە كە دەكاتە ٢٠% كۆی بەهای ئابوری جیهان
٤- كێشەیەكی دیكەی ئێستای جیهان بێكاری و خۆراكە، چونكە بەهۆی بە دیجتاڵ كردنی بەرهەم هێنانی و كێبركێ بۆ كەمكردنەوەی بڕی تێچوون چاوەڕواندەكرێت تا ساڵی ٢٠٢٥ زیاتر لە ١٢٥ ملیۆن كەس بێكاربن
لەڕووی كشتووكاڵیشەوە جیهان لەبەردەم مەترسی قاتو قڕی دایە چونكە بەهۆی گۆڕانی كەش و هەواو و كەم بوونەوەی بڕشتی زەویی و زۆر بوونی ژمارەی دانیشتوانەوە پێداویستی بۆ خۆراك زیادی كردووە و بەرهەمهێنانیش كەمیكردووە ئەمەش وادەكات وڵاتان پەل بهاوێژن بۆ دەرەوەی سنوری جوگرافی خۆیان
٥- كێشەی ئاوی شیرین یەكێكی ترە لە كیشە جیهانیەكان كە ڕۆژ بەڕۆژ لە كەمبوونەوەدایە و بووە بەچەكێكی ئابوری و جیۆ سیاسی وڵاتان دژی یەكتر بەكاری دەهێنن
٦- كێشەی ڕێڕەوە ئاوییەكان كە زیاتر لە دوو لەسەر سێی بازرگانی جیهانی پێوە بەندە و هەوڵی دەستگرتن بەسەر ئەو بەندەرانەدا بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە داهاتوودا ململانێ و پێكادانەكان توندتر دەكاتەوە
٧- جەنگی دراو كێشەیەكی ترە كە بەرۆكی جیهانی گرتووە كە لە ئێستادا وەك چەكی شەڕی ئابوری بەكار دەهێنرێت بەتایبەت لەلایەن چین و ئەمەریكاوە بۆنمونە دراوە ئەلیكترۆنیەكان(كەبە شیكاریەكی تایبەت باسی دەكەین)
٨- كێشەی دەستگرتن بەسەر بۆشایی ئاسمان و دەستراگەشتن بە هەسارە و غازە كانی بۆشایی ئاسمان یەكێك دەبێت لە كێشەكانی داهاتووی جیهان
ئەم كێشانە بەشێكن لەو مەترسیانەی كە ئایندەی گۆی زەووی و تەواوی سیستەمەكانی خستووەتە بەردەم ئەگەرێكی نادیار كە چارەنوسی مرۆڤایەتی پێوەبەندە
?-كێشەكانی ناو چە و كردنەوەی گرێ كوێرەكان
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای جەنگی جیهانی یەكەمەوە بووە بە چەقی ململانێی زلهێزەكان بە هۆی بوونی سەرچاوەكانی ووزە لەم ناوچەیەدا بەڵام ئێستا چەندین هۆكاری دیكە ململانێكانی توند تر كردووەتەوە لەوانە بازاڕی ساخكردنەوەی كاڵا و رێڕەوە ئاوییەكان و بەنداو و زەوی و ئانزا كانی ئەم ناوچەیە لێرەوە بەشێك لە كێشەكان و كردنەوەی كلیلی چارەسەرەكانی دەخەینە ڕوو:
١- عێراق: عێراق بە قۆناغێكی ڕاگووزەردا تێپەڕ دەبێت بووە بە چەقی بەشێك لە لاملانێكان لەوانە:
ململانێی چین و ئەمەریكا بەهۆی ئەوەی عێراق دەكەویتە سەر ڕێگای پرۆژەی یەك ڕێگا و یەك پشتێنی چین و ئەمەریكاش دەیەوێت لە عێراق و ئێرانەوە رێگاكە بپچڕێنێت و ڕێگری بكات كە فراوانخوازی چین بگاتە كەنداو و ئەوروپا
- ململانێكانی ئەمەریكا و ئێران لە عێراق ئەرچی لاوەكیە بەڵام ئەمەریكا لەئەگەری ڕێككنەكەوتن لە گەڵ ئێراندا ڕێگە نادات چین ئێران بكات بە دەستی داگیركردنی عێراق
جگە لە ململانێكانی چین و ئەمەریكا و ئێران لە عێراق دەرهاویشتەكانی لە عێراق دەبینرێت لەوانە هەوڵی كەنداو و ڕوسیا و ئەوروپا و توركیا بۆ جێپێكردنەوەی خۆیان لە عێراق بۆ ئەوەی لەدەرەوەی هاوكێشە جیهانییەكان نەمیننەوە
٢- ئاردۆگان لە توركیا كەلە دوای ساڵی ٢٠١٤ پرۆژەی زیندوو كردنەوەی خەلافەتی عوسمانی دەستكاری كردنی سنورەكانی هەبوو بەڵام لەشەڕی سوریا و لیبیا تێوەگلێنراو خەونەكەی لە باربرا
هەربۆیە توركیا لە ئیستادا هەوڵی پاراستنی بەشێك لە دەستكەوتەكانیدایە و دانوستاندنەكانی لەگەڵ میسر و ئیسرائیل و ئەمەریكا و كەنداودا دەستپێكردووە بۆ گۆڕینی تیرۆڕوانینی ئەو ووڵاتانە و كەنار گیر نەخستنی لە هاوكێشەكاندا بۆنمونە داوای لە میسر و ئیسرائیل كردووە ڕێگەی بدەن بچێتە باو كۆڕبەندی گازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە
٣- ئێران: ئەمەریكا دەیەوێت ئێران لە دووژمنەوە بكات بە دۆست ئەمەش بەڕێگاچارەی ئابوری و دیبلۆماسی بەپێچەوانەی بژاردەی هێزی ترەمپەوە، بۆ ئەمەش سازشی بۆ ئێران. كردووە لە پرسی دانوستاندنی ئەتۆمی دا بەڵام ئەگەر ئێران نەچێتە ژێر بار ئیدارەی بایدن ستراتیژەكەی ترەمپ دەخاتەوەكار
چونكە ووك گیپی ڕۆڵ دەڵێت بەشەر بێت یان ئاشتی ئێران پێویستە بهێنرێتە بەرەی ئەمەریكا چونكە ژمارەیەكی زۆر گرنگی هاوكێشەكەیە بۆ ڕێگری لە نفوزی چین و ڕوسیا لەناوچەكەدا
٤- كێشەی سوریا: كێشەی سوریا بۆ ئەمەریكا گرنگی ستراتیژی نیە و تەنها وەك تاكتیك مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و پرسی ئاسایش و پاراستنی سنورەكانی ئیسرائیل تاكە خاڵی ستراتیژی ئەمەریكایە لە سوریا
پرسی كوردیش لە ئێستادا لە قۆناغی تاكتیكدایە و نزیكە ببێت بە ستراتیژ بەهۆی پێویستی ئەمەرێكا بە پێگەی ستراتیژی ڕۆژئاوای كوردستان كە هێڵێكی گرنگی جیاكەرەوەی جیهانی عەرەبی و ئەوروپایە
٥- كێشەی بەنداوی نەهزەی ئەسیوپیا كە پرۆژەیەكی هاوبەشی ئەفەریقیە لە ئێستا دا دۆخەكەی گەشتووەتە ئاستی تەقینەوە بەڵام میسر ئەگەرچی هەڕەشە دەكات بەڵام هەڵەیەكی گەورەدەكات ئەگەر هێرش بكاتە سەر بەنداوەكە چونكە بەنداوەكە پرۆژەیەكی ئیسرائیلیە و ڕەهەندیكی ئاینی قوڵی هەیە ئەویش بەسەنتەر كردنی ئەسیوپیایە وەك ڕووگەی مەسیحیەكان لە بری قودس جگە لە دابین كردنی ئاوی شیرین بۆئیسرائیل لەڕێگای بۆرییەوە
٦- كێشەی لیبیا كە بۆ ئەمەریكاو و ئەوروپا گرنگیەكی زۆری هەیە لە ئێستادا ئەمەریكا لە ڕێگای یاسای ئارامی لیبیایەوە خەونی ڕوسیا پوچەڵكردەوە بۆ دامەزراندبی بنكەی سەربازی لەكەناراوەكانی لیبیایی هاوسنوری ئەوروپا و بەهەماب شێوە لە سودانیش دەستی ڕوسیا و چینی بڕی بۆ ئەوەی ڕێگریان لێبكات ئەفەریقا بكەن بەجێگای نفوزی خۆیان
٥-كێشەی یەمەن كەماوەی ٧ ساڵە بەردەوامی هەیە لە ئێستادا لەچارەسەرەوە نزیكە چونكە سعودیە نایەوێت چیتر كات و هێز بە فیڕۆبدات و ئیماراتیش بەخەونی خۆی گەشتووە و دەستی بەسەر یەمەنی باشور و دوورگەی سوقەترادا گرتووە كە كلیلی گەروی باب المندبە
٦- كێشەی لوبنان بەشێك نیە لە ستراتیژی ئەمەریكا و هاوشێوەی ڕۆژئاوای كوردستان لە پرسی پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلدا بۆ ئەمەریكا گرنگە
بەڵام بۆ ئەوروپا و بەتایبەت فەرەنسا لوبنان بەشێكی گرنگی ستراتیژی فەڕەنسایەو لەسەردانی دوێنێی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ لوبنان هۆشداری كۆتایی دراوە بە سەركردە سیاسییەكان كە دەبێت كێشەكان لە كەمتر لە سێ مانگدا چارەسەر بكەن
كێ گرێ كوێرەكان دەكاتەوە؟
ئەوەی ئەركی كردنەوەی گریكوێرەكانی پیسپێردراوە بەرپرسانی سیاسی نین بەڵكو بەرپرسابی دەزگا هەواڵگرییەكان لەوانە یوسی كوهینی سەرۆكی موساد و خالید حمیدانی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سعودیە و علی مەملوكی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سوریا و هاكان فیدانی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا و محمد بن زایدی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ئیمارات و كازمی كە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراقە
ئەم سەركردانە لەناوەی سێ مانگی ڕابردوودا زۆرترین جوڵەیان هەبووە چونكە ئەمەریكا لەئەو ڕاستییە تێدەگات كێشەكان ئاڵۆزن پێویستی بە ڕۆڵی دەزگاهەواڵگرییەكان هەیە كە بانكی زانیاری و داڕشتنی پلان و نەخشەكانن و لە ووردەكاری كێشەكان ئاگادارن
?-دەرئەنجام:
١- ئەمەریكا دەیەوێت ڕۆڵێكی زیاتر بە عێراق بدات بۆ هاوسەنگردنی هەندێك لەهاوكێشە ناوچەییەكان وبۆ ئەمەش مستەفا كازمی ڕاسپیدرا بۆ ڕۆڵگێران لە لێكنزیكردنەوەی سعودیە و میسر و ئوردن وئیمارات لە ئێران
هاوكات ڕاسپیردراوە بۆ گێڕانەوەی سوریا بۆ بەرەی ئەمەریكا و دوێنێ كازمی لەسەر ئەو پرسە نامەیەكی گەیاندووە بە بەشار ئەسەد
٢- كێشەی سوریا لە چارەسەركردنەوە نزیكە و ئەمەریكا پێشنیازی هەڵگرتنی سزا و ڕیگەدان بە ئاوەدانكردنەوەی سوریا و گەرانەوەی بۆ ئەندامێتی كۆمەڵەی وڵاتانی عەڕەبی داوە بە سوریا لە بەرامبەر جێبەجێكردنی چەند داواكارییەكدا كەلە ڕاستیدا داواكاری ئیسرائیلە
٣- كورد لە ڕۆژئاوا تا ئێستا تاكتیكی گەمەی ئەمەریكان و بەكار دەهینرێن بۆ فشار كردن لە توركیا و ڕوسیا و سوریا و لەهەمانكادا گرێی بڕینی هیلالی شیعی ئێرانن
٤-دانوستاندنەكانی ئێران. و ئەمەریكا لە قۆناغێكی هەستیاردایە و ئەگەر نەگەنە ڕێككەوتن ململانێكان تا ئاستی پێدان دەتەقێتەوە
٥-ئەمەریكا لە ئێستادا چەند پرۆژەیەكی سیاسی و ئابوری هەیە وەك جێگرەوەی پرۆژەكەی چین لەوانە : پرۆژەی عێراق و شامی نوێ و پرۆژەی هاوپەیمانی ئارامی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی و پرۆژەی هەناردەی نەوتی عێراق لە ڕێگای بۆرییەوە بۆ ئیسرائیل و میسر، پرۆژەی بازاڕی هاوبەشی عەرەبی و پرۆژەی پێكهێنانی هێزی ناتۆی عەرەبی
٦-ئەگەر ستراتیژی ئەمەریكا لەعێراق و ناوچەكەدا شكست بهێنێت ئەوا لە عێراق دەكشێتەوە ستراتیژی Bدەخاتەگەڕ كە بریتیە لە كشانەوە و دروستكردنی فەوزا بۆ ئەوەی هێزە ململانێكارەكان ماندوو بن دواتر بگەڕێتەوە وەك ئەوەی لەساڵانی ١٨٧٨-١٩٩٠ ڕوویدا بۆ ڕێگری لە یەكێتی سۆڤیەت
-٧-لەدوای چین هەوڵی یەكێتی ئەوروپا بۆ دەستگرتن بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دووەم گەورەترین مەترسی ستراتیژییە بۆسەر ئەمەریكا بۆیە نایەوێت لە ستراتیژی ڕیگری لە چیندا پشتی چۆڵ بكات بۆ ئەوروپا هاوشێوەی ستراتیژی رێگری لەیەكێتی سۆڤیەت كە ئەنجامەكەی بەهێزبوونی چین و مەترسیەكانی بوو
٨-كێشەكانی یەمەن و سوریا و لوبنان و بەشێكی كێشەكانی عێراقیش گڕێدراوی ئێرانە بۆیە چارەسەر بوونیان پەیوەستە بە كێشەی ئێرانەوە.
بە شێوەیەكی گشتی ستراتیژی بایدن بریتیە لە هێمن كردنەوەی ئاڵۆزیەكان چونكە ڕوسیا و چین ئاڵۆزییەكانی و سەرقاڵكردنی ئەمەریكایان بەو كێشانەوە كردبوو بە دەرفەتی فراوانكردنی نفوزیان لەناوچەكەدا
بەهەمان شێوە وڵاتانی ناوچەكەش لەئەو ڕاستیە تێگەشتوون. تەقینەوەی كێشەكان بە مانای گۆڕینی ڕژێمە سیاسیەكان دێت بۆیە هەریەكەیان لای خۆیەوە هەوڵی نێوەندگیری و ساردكردنەوەی ئاڵۆزییەكان دەدات
د.سەنگەر سەید قادر
بەرپرسی دیسكی عێڕاق و كوردستانی
ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی