لە پاتاڵیزمی خوێڕیلەوە بۆ قەحبەی سیاسی!

قەحبەی سیاسی بیماری ئەخلاقی هەیە، خروویەکی تێدایە ناهێڵێت جێ بەخۆی بگرێت، ئاڵۆشەکەی هەلهەلە لێ دەدات. لە دیبلۆماتیک دیکشنەریدا “قەحبەی سیاسی-political prostitutes” بە کەسێک دەوترێت لە یەک کاتدا دوو پێناسی دوو حیزبی جیاوازی لە گیرفاندا بێت! بە هێزێک دەوترێت واز لە پرەنسیپەکانی خۆی بێنێت و بچێتە پاڵ حیزبی براوەوە. لە کۆمەڵناسی سیاسیدا بە جوڵانەوەیەک دەوترێت هەموو مەبادیئێکی ئینسانی پێشێل بکات تەنهاوتەنها لە پێناو دەرکەوتنی خۆیدا.

ئێستا حەماڵێک، کرێکارێک، مووچەخۆرێکی بێمووچە، سایەق تەکسییەک، گەنجێکی بێپارە، دەرچوویەکی زانکۆی بێئیش، خەڵکی فەقیر و هەژاری ئەم وڵاتە، من و تۆ حەقی خۆمانە داوای مافی خۆمان بکەین، بنووسین، هوتاف بدەین، بچینە سەرجادە. بەڵام خوێڕیلە و قەحبەی سیاسی و ئەخلاقنزم و چەورە و چەکل، ئەوانەی هەزارەها دۆنم زەوی و ئیمتیازیاتیان لەم حیزبانە وەرگرتووە، ئەم ئەلواتی سەرگرانە، ئەم هەرچی و پەرچی و قەوتەچی سیاسیانە، ئەم بێئابڕۆ و بڤکێ و باروتانە، ئەمانەی بە ڕۆژ لە میدیای زەبەلاح و فەیسبووکی خۆیان پشتیوانتان و بە شەویش سەرگری سیاسی بێمۆراڵن.

ئەمانە هەڕەشەی ڤیدیۆی ڕووت لە ئەندام پارلەمانەکانی خۆیان دەکەن! سەدان پەیجی فەیک، دەیان میدیای سێبەر، چەندان قەڵەمفرۆشی خویڕیلە، سێ چوار بێئیشی بازاڕی، نزم و کەچ و کلاغ و نەوی، سۆتەی سەکشی ماسکەشی دەویتیان کڕیووە تا کەی و لە کوێدا کێیان بوێت کە ناچێتە ژێر باریانەوە، ڕازی نییە لەگەڵیاندا ئیش بکات؛ لە شەو و ڕۆژێکدا بچنە ژیانی تایبەتییەوە، منداڵی ۱۲ ساڵی نووسەرێک بهێننە سەر شاشە، لەکەداری بکەن، بێ ئەوەی سڵ لە خواش بکەنەوە دەست بۆ ئابڕۆ و کەرامەتی خەڵک ببەن و کەسیش نەبێت فزە بکات!

ئەمانە مافیان نییە ئێوە هان بدەن و پێتان بڵێن مادام ئێوە پاڵەوانی پۆبجین پاڵەوانی حەربی شەواریعیشن!! لەکاتێکدا خۆیان لەسەر پارەی باوکی من و تۆ خەریکی شەوی سوور و سەفەری سوور و ئافرەتبازی و منداڵبازی و شتبازی تریشن.. ئەم عەلۆ و جەلۆ و فەرخە و فەلیتانە، ئەم قورمساغی قەوادی و قەڵتەبانی کۆکنی کوسکەشانە، هەموو شتێک دەکەن، هەموو شتێک بەڵکە ئەمە خوایە لە خوانی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا؛ ئێوەی هاوڵاتی لەتە ئێسقانێکیان بۆ فڕێ بدەن.

لە ئاوی شەو ڕوونترە؛ کە ئەم کلتورە لەسەر شکاندن خۆی بنیادناوە، دەبینی لە مێژوویشدا کەسایەتی سیاسی، سەرکردە، تەنانەت هونەرمەند و نووسەری زۆر مەزن و جیهانیی تێدا هەڵنەکەوتووە. بەشی هەرە زۆری مرۆڤی ئەم کۆمەڵگایە لەناوەوە دڕندە و پەتنەکراوە، هێزە شەڕانییەکەی لە هێزە چاکەکارییەکەی زیاترە. لە هەناوی ئەم ڕەشاوەدا؛ ئاساییە “قەحبەی سیاسی” سەر دەربێنێت و بۆ ماوەیەک لەلای ڕەشوڕووتی داماو بازاڕیشی گەرم بێت!

بەڵام خۆ ئەمانە هێزی سیاسی نوێ نین، ئاوی پیسی حەمام، چلکاوی سەر تاتەشۆری دوای مردووی مزگەوتن… من نامەوێ جواب بدەمەوە و قسە بکەم، کە قسەم کرد لە ناڵ و لە بزمار، لە ئەسپ و لە ئەسپسوار، لە کاروان و قەتار و قەتارچیش دەدەم…
بەس خۆ هێشتا هیچم نەوتووە!

توانا ئەمین

ھەواڵی زیاتر