زمانی پول

لە دابەشکردنی کوردستانەوە داگیرکەرانی کوردستان لە هەر بابەتێکی مانادار، کە پەیوەندی بە ڕۆح و مێژووی کوردەوە هەبێت سڵ دەکەنەوەو ڕوبەڕوی دەبنەوە. ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێ، بوونی خۆیان لە نەبونی کورددا دەبینن. بۆیە هەموویان ڕێککەوتنی مێژینەیان هەیە، لەسەر بوونی کورد، بۆیە بە بەرنامەڕێژی، جەنگێکی بێبەزەییانەی فەرهەنگی دژی کورد بەڕێوە دەبەن. هەندێ جار شەڕی بوون لە زماندا، لە جل و بەر گدا، لە تابلۆ وفیلمدا بەڕێوەدەبەن، لە ڕۆژهەڵات ( زارا) زیندانی دەکرێ لەسەر زمان، لە باکوور حاڵی فەرهەنگ و زمانی کوردی لە دۆخێکی خراپدایە، بە هەموو شێوەیەک لێی دەدرێت. تازەترین جوڵەی ئەو جەنگە فەرهەنگییە کاردانەوەی تورکیاو ئێران لە بەرامبەر پولەکەی پاپاو نەخشەی گەورەی کوردستانە. زمانی پول لای ئەوان مانایەکی دوژمنکارانەی هەیە، بۆیە ئەو کاردانەوە دوژمنکارانەی بەدوای خۆیدا هێنا. لە بەرامبەر زمانی پولدا جیاواز لەوان ئێمە لە دوژمن ناسیدا زۆر هەژارین، بەردەوام بەناوی یەک ڕەگەزی و هاوئاینی و ڕێگای دیکەو هۆکاری دیکە دەمانخەڵەتێنن. هەر بۆیە مەسعودی دەڵێ ( کوردگەلێکن دەتوانی لەسەر یەک مەسەکە ٤٠ چل جار بیانخەڵەتێنی و دواتر جارێکی دیکە بیانخەڵەتێنیتەوە)، ئەمە ئەگەر زۆر ڕاستیش نەبێت، کەمێک ڕاستی تێدایە، ئەگینا لەو کاردانەوەی بەرامبەر زمانی ئەو پولە دەبوو ئێمەی ڕاچڵەکاندایە و پرسیارمان لە خۆمان بکردایە، ئێمە لە کوێین؟ ئەوان چۆن دەمانبینن؟ خۆمان چۆن یەکتر دەبینین؟ لەسەر پولێک ئەوان دێنە دەنگ، ئێمە بەو هەموو تراژیدیاوە نابینە یەک دەنگ. جەنگیز چاندار لە شەمەندەفەری میزۆپۆتامیادا دەڵێ: ( گویندوز ئاکتان باڵوێزی خانەنشینی تورک زۆر دژی پەروەردەو زمانی کوردی بوو، دەیوت زمان نەتەوە دروست دەکات، ئەگەر ڕێگا بە زمانی کوردی بدرێت ئەوا پرۆسەی نەتەوەسازی کورد گەشە دەکات، بۆیە نابێ وەک تورکیا ڕێگا بۆ ئەو کارە خۆش بکەین. ) ترسی ئەوان لە فەرهەنگ و زمانی کورد، ترسێکی سایکۆلوجیی قوڵ و مێژووییە، لە هەمانکاتدا کورد وەک نەتەوە بەردەوامبوو لە بەرەنگاری ئەم شەڕە فەرهەنگی و کەلتورییەدا، لەپاڵ داواکردنی مافی سیاسی داواکردنی مافی فەرهەنگ و زمان حزوری هەبووە. 
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ یەکەم داواکاری سیاسی کورد لە عوسمانییەکان لەلایەن عەبدولسەلام بارزانی بوە ئەوپرۆژەیەی ئاراستەی عوسمانییە کانی کرد بۆچارەسەر ی کێشە ی کورد لەو قۆنا غە دا یەکێک لە دواکارییەکانی مەسەلەی زمان و کەلتور بووە، ئەم جەنگە تا ئێستاش لێرەو لەوێ بەردەوامە. لە ئەدەبیاتی کوردیدا ڕەنگدانەوەی بەردەوامی هەیە.
 بەختیار عەلی لە ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی دا، کە جەنگی بوونە لەناو زماندا لە تورکیا دەڵێ( کە جەنابی وەزیری ناوخۆ ڕۆژنامەکانی ئەو بەیانییەی خوێندەوە بە جۆرێک تاسا دە دەقیقە هیچی بۆ نەوترا) «نەخۆشییەکی نوێ پەلاماری تورکیا دەدات »«مەبەستی زمانی کوردییە»نەخۆشییەکی دەگمەنە، کە هۆکاری نازانرێت. لە هەندێ جێگای تورکیا بڵاودەبێتەوە، نەخۆشەکان لەناکاو تورکییان بیر دەچێتەوە و بە زمانێکی نامۆ  قسەدەکەن.
 «ژمارەی قوربانیان لە سەروو سی کەسەوەیە و ترس هەیە زیاد بکات»کەرەنتینەی ئەنکەرە بۆتە شوێنێکی سەربازی داخراو و نەخۆشەکان لە دنیا دابڕاون و مامەڵەی سیاسی دەکرێن. )ئێستاش لەسەر نەخشەیەک لەسەر پول ڕۆحی شۆڤێنیستی دەجوڵێ و وەک سەدەکانی ڕابردو مامەڵە لەتەک ئازادی سیاسی و کەلتوریدا دەکەن.

 ئەم پولە لە کاتێکدا حکومەتی کوردستان بە فەرمی نەیناساندوەو کارێکی هونەرییە، بەڵام ئەوان لە زمانی پول دەترسن. لەم کارو کاردانەوەدا مەراڵ ئاکشەنەر لەسەرئەو پولە هاتەدەنگ ووتی: لە بارزانی بپرسن، ئەمە چی ترسنۆکییەکە یان خۆلادانێکە لە دۆخی ڕەوای میللەتێک، لە کاتێکدا من پێمخۆشبوو، کە وتی لە بارزانی بپرسن ئەوە مانای مێژووی خۆی هەیە. ئەم کاردانەوانە پێویستە ببێتە هاندەر بۆ بەخۆدا چونەوەو یەکڕیزی، لە هەمانکاتدا لە دەرەوە کار لەسەر ڕای گشتی و ڕای دەستەبژێری سیاسی و ڕۆشنبیری جیهانی بکرێت. کە لەو سەدەیەدا کە باسی ئازادی سیاسی وئازادی مرۆڤ و گەلان دەکرێت لەسەر نەخشەیەک لە سەر پولێک، کە بۆ پاپا دروستکراوە چی کاردانەوەیەک هەیە دژی کوردستان. ئەوە حاڵی ئێمەی کوردە، لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەلایەکی دیکەوە پێویستە لە ئاستی فیکری و ڕۆشنبیری ناوەندێکی باڵامان هەبێت، کەپێکهاتبن لەدەستەبژێری ڕۆشنبیر ی کورد و بەچاودێری لایەنی پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستاندا گفتوگۆیەک لەتەک ڕۆشنبیرانی گەلانی ناوچەکەدا بخەنە سەر ڕێگا بۆ تێگەیشتن لەیەکتری و یەکتر قبوڵ کردن لەحاڵەتێکی ئاوادا ئەوەندە مەعریفە هەبێت، کە تێگەشتنێکیان هەبێت، کە مەرج نیە ئەو پولە مانایەکی سیاسی هەبێت بەڵکو دە کرێ  مانایەکی دیکەی  هەبێت بۆ بوونی کورد لەو دەوڵەتانەدا بۆ هاوسۆزیی لەتەک هاوزمانەکانی کورد ئەمەش مەسەلەیەکی ئاساییە نەک سیاسی ، لە ناوخۆی کوردستاندا. دەبێ ئەم مەسەلە یە ڕامان چڵەکێنێ بمانهێنێتەوە هۆش خۆمان کە ئێمە لەچی دۆخێکی ئەقڵی و ڕۆحی و فەرهەنگی و سیاسی داین. َ

ھەواڵی زیاتر