سیاسەتی بڕاندسازی!

دەگێڕنەوە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، سەدام حوسەین نوێنەری عولەمای ئیسلامی داوەتکردبوو و بە کوردستاندا گێڕابووی، بەڵام دوایی کە کورد ئەنفال و کیمیاباران کرا، ئەو کابرایە وەک موسڵمانێک بە ئەلفێکیش ھاوخەمی بۆ کورد دەر نەبڕی! نەخێر ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەگەر لە یەک کاتژمێردا شارێکی کوردی بسڕنەوە کەس نقە ناکات، ئەسڵەن لە شەڕی داعشیدا ھەندێک لە زانا و سیاسییە ئیسلامییەکانی خودی کوردیش نەیانوت: پێشمەرگە شەھیدە! بەڵام پاپایەکی جودا بە ئایینی ئێمە، لەوەتەی کوردی ناسیوە جگە لە شەڕی داعش، لە 16ی ئۆکتۆبەریش ھەڵوێستی ھەبوو لە سەر ئەو گەمارۆ زەمینی و ئاسمانیەی سەر کوردستان کە عێراق خستیە سەری.

کارم بەوە نییە پاپافرەنسیس لەگەڵ سیستانی و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق باسی چییان کرد، ھەروەھا لە کوردستانیش گرنگ نییە پاپا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەتیش چییان تاوتوێ کردووە. ئەوەی گرنگ بوو ئەمڕۆ کریستیانی ھەموو جیھان چاویان لە سەر«ھەولێر»بوو، ئەو کریستیانانەی کە پێشتر شتێکیان لە بارەی کورد زانیبوو، ئەمڕۆ کوردستان و قەزیەکەشیان ناسی، بە ڕوئیا و بیرکردنەوەشیان بۆ ژیانی ئێرە ئاشنا بوون، ئەوەیشی کە نەیدەزانی کورد و کوردستان چییە، ھەرێمی کوردستان کەوتۆتە کوێی گۆی زەوییەوە؟
ھەولێر چییە و لە کوێیە؟
ئەمڕۆ ئەوانیش ھەموو شتێکیان لە سەر کورد و کوردستان زانی، ھەولێر و ئارامی و گیانی پێکەوەژیانی کوردیان بینی و ناسی.

لەم سەردەمی جیھانگەرا و تەکنەلۆژیایەدا پەیوەندییەکان تەنھا لە ناو سیاسەتدا قەتیس نەماون، بەڵکو شۆڕ بوونەتەوە بۆ ناو کۆمەڵگەکان و ئابووری و ھونەر و وەرزش و …ھتد، کورد دەبێت بەردەوام بێت لەم جۆرە پەیوەندییانە، دەبێت زیاتر بکرێتەوە بە ڕووی جیھانی دەرەوەدا، چونکە وجوودە سیاسییەکەی ھێشتا پێویستی بەوەیە زیاتر بناسرێت، بۆ ئەمەش دەبێت لە ھەموو بوارەکاندا گرنگی بە بڕاندسازی بدات، کورد ئەگەر ناتوانێت خۆی یاریزانێکی جیھانی ھەبێت، ئەگەر ناتوانێت گۆرانیبێژێکی جیھانی، نووسەرێک، شێوەکارێک، شانۆکارێک، سینەماکارێک، موزیکژەنێکی جیھانی ھەبێت، لانیکەم با پەیوەندی لەگەڵ فیگەرە جیاوازەکانی دنیا ھەبێت. من پێموایە پەیوەندییەکی دۆستانە لەگەڵ ھونەرمەندی عەرەبی میسری«عادل ئیمام»بەرھەمدار ترە تا پەیوەندی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی و محەمەد بن سەلمان، پەیوەندییەک لەگەڵ«توم کروز و برات بیت»بەرھەمدارترە تا پەیوەندی لەگەڵ حەوت کۆنگرسمانی ئەمریکایی.

دروست پەیوەندی لەگەڵ پاپای فاتیکان، دەکاتە پەیوەندی لەگەڵ جەمسەری ڕۆژئاوا ھەمووی، خراپی چی بوو ئەگەر ھەموو ساڵێک«ئەنجەلینا جوولی»بھاتبایە بۆ کوردستان، ھیچ زەرەرێکم شک نەدەبرد، بەڵام دەیان سودم لە ھاتنەکەی دەژمارد، خۆزگە چوار ساڵ جارێک شێخی ئەزھەریش بھاتبایە بۆ کوردستان، ئێمە ھەم خۆشحاڵ دەبووین ھەمیش سودمەند، بەڵام مەخابن ئەو نایەت.

لوقمان بیارەیی

ھەواڵی زیاتر