ئەم پوپولستیە فیکرییە چییە سەردانی پاپا بۆ«نەجەف»ئاساییە و دەرئەنجامی پەیوەندییەکی دبلوماسی و دۆستانەی ئایینی و مەزھەبییە لە عێراقدا، بەڵام سەردانی بۆ«ھەولێر»دەچێتە خانەی خرووقات بۆ سەر پێکەوەژیانی ئایینی لە کوردستان! ئەمە چ جۆرە سیاسەت و کوردایەتییەکە پێگەی نەجەفت لا لەپشتر بێت تا ھەولێر، ئەم ئیرھابە سیاسی و فەرھەنگی و کەلتوورییە، پاکێجی یەک ئەجندای سیاسی ھاوبەشی دژەکوردستانییە لە ژێر فیکری«جەپئیسلامیزم»ئاڕاستە دەکرێت، تا دۆزی سیاسی کورد و ئینتیمای نەتەوەیی تاک بۆ ناو شار و حیزب و ناوچە و ھۆز بچووک بکەنەوە، کاڵفامییە کورد بیت و پێتوابێت ئەم ڕەوتە کۆکتێلە مادەم دژی ھەولێرە ئیدی دۆستی سلێمانییە، مادەم دژی پارتییە ئیدی دۆستی یەکێتی و گۆڕان و ھەموو ئەو حیزب و قەوارانەیە کە دژی پارتین، لە کاتێکدا ھەرکات بۆیان ڕەخسا دوای پارتی ئەوانیش بە ئامانج دەگرن، یان ھەرکات فەرمانیان پێکرا، وەک ھەولێر مووشەکبارانی سلێمانیش دەکەن.
پاپای فاتیکان قوتبێکی گەورەی جیھانییە، ڕاستە پێگەکەی فۆڕمێکی ئایینی ھەیە، بەڵام ھەژموونی لە سەر سیاسەتی دەوڵەتانی جیھان بە گشتی و ڕۆژئاوا بە تایبەتی ئایینی تێپەڕاندووە، لە بەر ئەوە ھەموو نەتەوە و وڵاتانی دنیا خۆشحاڵن پاپا سەردانیان بکات و گرنگیان پێبدات، ئیدی تێناگەم نادیدەگرتن یان دژایەتی کردنی سەردانی پاپا بۆ«ھەولێر»لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت! ئێ خۆشحاڵی عێراقیش ھەر لە بەر ئەم پێگە گرنگەی خودی پاپایە، نەک ویستی ڕاستەقینەی مەڕجەعە مەزھەبییەکانی عێراق بۆ پێکەوەژیانی ئایینی! کەواتە ئەگەر بابەتەکە ئایینییە دەشێ سەردانی پاپا بۆ عێراق خراپ بێت نەک بۆ کوردستان.
کورد وجوودە سیاسییەکەی، پەیامە ئاشتییەکەی لەلایەن ھاوئاینەکانیەوە قبوڵ ناکرێت، ئەگەر نا وەک نەتەوەیەکی موسڵمان و ئەھلی سوننە حەزیدەکرد بەر لە پاپای فاتیکان، سەرۆکی یەکێتی زانایانی سوننە«ئەحمەد ئەلرەیسونی»سەردانی ھەولێری بکردایە، حەزیدەکرد بەر لە گەورەکەنیسەکانی ڕۆژئاوا، گەورەزانکۆ و زاناکانی جیھانی ئیسلامی و ئەھلی سوننەی وەک جامیعەی ئەزھەر و قورەوی لە سەر مەزڵومیەتی کورد دەنگیان ھەڵبڕیایە، حەزیدەکرد«ئیسماعیل ھەنیە»ی سەرۆکی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستین، بەر لە«ئیمانویل ماکرون»ی سەرۆکی فەرەنسا ھەڵویستی لە دژی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر عیفرین دەربڕیایە نەک پشتگیری ئاردوگان بکات! بە کورتی ئیتر کوردیش حەزیدەکرد برا موسڵمانەکانی لە جیھانی ئیسلامی، بە پێی فەرموودەکەی خودی پێخەمبەر(محمد د.خ)«المسلم اخو المسلم، لا یظلمە ولا…»ھتد، وەک برایەکی موسڵمان مامەڵەیان لەگەڵ بکردایە، گازڕێژكردن و زیندەبەچاڵ کردنی کوردیان حەرام بکردایە، نەک وەک ئێستا برا موسڵمانە کوردەکانیان ناچار ھانا بۆ ڕۆژئاوا و مەسیحییەکان ببەن تا بیانپارێزێت لە مووشەک و کاتیوشای برا موسڵمانەکانی دەور و بەریان.
لوقمان بیارەیی