ھێرشە مووشەکیەکەی سەر ھەولێر و سەرنجێک!
لە کۆتاییەکانی 2020بەولاوە بە ڕوونی دەرکەوت، وەک ھەموو میلیشیاکانی تری سەر بە سوپای قودس میحوەری موقاومەی چەپئیسلامیزم دژی ھەرێمی کوردستان دروستکراوە، گرووپی میلیشیایی بە ھاوکاری و چاوساغی جاشپەرلەمانتار و جاشحیزبی و جاشڕۆژنامەنووس بۆ لێدانی ھەولێر پێک ھێنراون، ھێرشە مووشەکیەکانی دوێنێ شەوی سەر ھەولێر ئەو میحوەرە نوێیە لە پشتیەوەن
بەغداد و حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی ماددەی سەدوچل فەراغی ئەمنییان دروستکردووە تا بە ھەولێر بڵێن«ئەوە ئێرانە ئێمە نین و فەرموون قسەی لەگەڵ بکەن!»، ئەمە سیاسەت و حەرەکەیەکی ھەرزەکارانەیە، ئاخر ئەگەر ئێرانە مادەم«بەغداد و حەشد»سیادە و دەستەڵاتی عێراقیان لە بندەستە با ئەوان بفەرموون قسە لەگەڵ ئێران بکەن، دواجار ئەوان بەرپرسن لەو ھێرشە و کێشەی ئەوانە بە دواداچوون بکەن، چونکە بۆشاییە ئەمییەکە لای ئەوانەوە بووە، ڕوئیای کورد ڕوونە و ناچێتە ناو شەڕی وەکالەت و میحوەرگیرییەوە، بەڵام وەک ئەندامێکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر بەردەوامە لە شەڕی تیرۆر و پاراستنی ئەمنیەتی دەرەکی و ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان، ستراتیژیشی بە ئاڕاستەی شەراکەت و ئاشتییە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش، مامەڵەیە لەگەڵ ھەر تەرەفێک کە وەک ھاوبەش و خاوەن ماف تەماشای بکات نەک وەک کۆیلە یان بە کرێگیراو.
ئەگەر بابەتەکە تەنھا پەیامێکە بۆ ئەمریکاییەکان گوایە لە ھەر شوێنێکی عێراق بن دەریان دەکەن، دەبێت ئەوە باش بزانن کە ئەمریکاش ھەڵەی چل ساڵ لەمەوبەری دووبارە ناکاتەوە، ھەڵەیەک کاتێک لە دوای ئینقیلابی ئیسلامی لە «تاران»دەریان کرد یەکسەر گەڕایەوە واشنتۆن، ئەمجارە ئەگەر لە بغداد دەرکرا ناگەڕێتەوە واشنتۆن، بەڵکو بنە و بڕیاری دەگوازێتەوە ھەولێر! ئیدی با چارەنووسی ئابووری و یەکپارچەیی دەوڵەتی عێراق لە ئایندەدا لەولاوە بوەستێت.
لوقمان بیارەیی