مەلا بەختیار
دوای دەرچونی بایدن، هیوایەک بۆ چارەسەری سیاسی لە ناوچەکەدا، بە ئاسۆی سیاسیدا دیارە، بەڵام دۆخی عێراق، هێشتا بەپێی پیلانی سەردەمی ترامپ ئاراستە دەکرێ. هێزە پیلانگێڕەکانیش، هەر ئەوانەن کە خۆپیشاندەران لە بەغدادو بەسرە و سەماوە دەفڕێنن… سەرنگون و تیرۆریان دەکەن.
ئەم پیلانگێڕانە، گوایە ئامانجیان تێکشکاندنی ئەمریکایە. ئەمە ڕواڵەتی روداوەکانە. ناوەخنەکەی ستراتیژی تایفەگەری ترسناکە. ئەقڵیەتی تایفەگەری.. شیعە یان سوننە، جیاوازیان نیە. تیرۆرستانی سوننە، لە پێش و پاش روخانی سەدام، تاوان و ئامانجەکانیان دیار بوو. هی ئەم رەوتە تایفەگەرییە شیعەگەرایەش، زەق زەقە!
تیرۆریستە سونیگەراکان لە سوننەی سیاسی جیاکرانەوە. شەڕی داعش پاساوێکی بەهێز بوو، رەوتێکی شیعەی چەکدار، پێچەوانەی سیاسەتی زۆربەی هێزە شیعەکانی عێراق، کە لەناو پرۆسەی سیاسیی ئاسایی وڵاتەکەن، تەنها بازوی هێزی چەکدار بەکاربهێنن و هەتا ئەشتوانن ئاژاوە بگێڕن. ئەم رەوتە ئیستا کەمتر شەڕی داعش دەکەن، زۆرتر خەریکی بەرنامەی دوای داعشن!
هەرێمی کوردستان، لەناو بازنەی پیلانی ئەم هێزە تایفەگەراییەدایە، هەتا بە دەردی کەرکوک و خانەقین و شنگالی بەرن. بەڵگەشمان ئەوەیە، مادەی (140) کە جێ بەجێ ناکرێ… ئامانجی سیاسی-عەسکەری ترسناک هاندەری ئەم جێبەنەکردنەی مادە بنەڕەتیە دەستوریەیە. لەم چەند مانگەی دواییشدا کە نەک بودجە، بەڵکو موچەش خراوەتە قوڕگی تایفەگەریەوە، ئەمیش بەشێکە لەو پیلانەگێڕییەی دژی کوردستان لەئارادایە. لە کاتێکدا وەفدی کوردستان لە بەغدادە و هێزە شیعەکان هادی عامریان داناوە بۆ جۆرێک لە چارەسەری مامناوەنجی، کەچی لەم لاوە، پایتەختی کوردستان دەدرێتە بەر موشەک باران. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ رەوتی تێکدەری بەشێکی چەکداری شیعە، رێکەوتنی قبوڵ نییە!!
تەوقیتی ئەم کارانە، رێکەوت نییە. سیناریۆی تریشی بەدواوەیەو هەمووی مەترسین لەسەر هەرێمی کوردستان. هەروەکو چۆن مەترسیشن لەسەر خەباتی مەدەنی عێراق.
لام وایە کاتێتی، هێزە کوردستانیەکان، بەرنامەی سیاسی نەزۆکی ساڵی پار وەلا بنێین و دوور لە ڤیتۆی سیاسی نەگوجاو لەبەردەم پرۆسەی چارەسەری سیاسی ناوخۆ، هێزەکان و سەرکردەکان، بڕیاری بەرپرسیارانە بدەن بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی لێکترازان.. بەرەو سازان. ئەگینا ئەم کاتە کەمەی لەبەردەمیشدا ماوە، لەدەست دەچێ. ئەوکاتە کاڵەکیش دەستناکەوێت بە ئەژنۆی سیاسیماندا بیانکێشین!