“کێشەی فراکسیۆنی گۆڕان و حیزبەکەی لەسەر پارە و سامانە”

بزوتنەوەی گۆڕان لە لوتکەی ئۆپۆزسیۆن بوو، نەوشیروان مستەفاش هێشتا لە ژیاندا مابوو، پەرلەمانتارانیان لە بەغدا کێشەیان لەگەڵ گۆڕان هەبوو، تەنانەت سەنگەریان لە حیزبەکەیان گرتبوو.
هەمیشە بیانووی سیاسیان بۆ کێشەکانیان لەگەڵ گۆڕان دەخستەڕوو بۆ ئەوەی خەڵک کێشە سەرەکیەکە نەبینێت، بەڵام ئەوکات و ئێستاش کێشەی هەرە گەورەی ئەو پەرلەمانتارانە ئەو موچەو ئیمتیازاتە بوو کە وەریاندەگرت و ئامادەنەبوون بەشی حیزبەکەیان بدەن، هەرچەندە پێشتر بەڵێننامەیان واژۆکردبوو کە سەدا سی موچەو ئیمتازاتیان بدەنە گۆڕان.
ئاخر ئیمتازاتی پەرلەمانی عێراق زۆر گەورەیە بۆیە کێشەکەشی گەورەترە، مەشعان جبوری پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت: پەرلەمانتار ٤٥ ملیۆن دینار واتە ٣٧ هەزار دۆلار وەک موچە وەردەگرێت.
پەرلەمانتارێکی کۆمەڵ بە شانازیەوە دەڵێت لە ماوەی پەرلەمانتارییەکەی ملیۆنێک دۆلاری داوەتە حیزبەکەی، دیارە بەشی خۆشی بێگومان ملیۆنێک زیاتر بوە. بۆیە ئەوەی ڕوونە پەرلەمانتاری عێراق بزنسێکی گەورەیەو ئەگەر تۆزێک زیرەک و بێ پرەنسیپیش بیت وەک وشیار دەتوانیت سەفەقاتی گەورەو ملیۆنی لەگەڵ شیعەکان بە گەندەڵی بەدەست بێنیت.
“زۆڵێتی” ئەو پەرلەمانتارانەی گۆڕان لە بەغدا ئەوەیە هەمیشە مەوقیفی سیاسیان بە حیزبەکەیان فرۆشتۆتەوەو بە ملیۆنێری بۆی دەرچوونە. بەرپرسانی گۆڕانیش لە گردەکە لە بەر بەرژەوەندی خۆیان ئامادەنین ڕاستی ئەوە بخەنەڕوو کە شەڕی ئەو جەماعەتەیان لەسەر پارەو ئیمتیازاتە نەک شتێکی دیکە.

شەوقی کانەبی

ھەواڵی زیاتر