خەنجەری براکان یان دەستلەپشتدانی دوژمن؟

بەوەی مێژووی شۆڕشی کورد لە عێراقی نوێدا بە ڕەهایی هی پارتییە و لە دەستپێکەوە تا ئێستا یان تاکە کاراکتەر یان کاراکتەری سەرەکی هەر پارتی بووە، هیچ هێزێکی سیاسی کورد نەیتوانیوە هێند خۆی بە خاوەنی دۆزی کورد بزانێ، ئەم هەستکردنەی پارتی (لە ڕەگەوە تا پەل) بە خۆبەخاوەنزانینی پرسەکە وایکردووە هیچ کات پارتی هۆکار و دەستپێشخەری هیچ گرژی و ناکۆکی و شەڕێک نەبێت کە بەرامبەر کوردێکیتر بووبێت. دەستپێشخەریش نابین! و نە لە گوتار و نە لە کرداریشدا ئەوەمان نەشاردۆتەوە لە پێناو بەرژەوەندی و مانەوەی کورد و پارتیدا بەگژ قوللەی قافدا ئەچین کە هەموو کات هیواداربووین و هیوادارین ئەو قوللەیە کوردی تێدا نەبێت.

کاک بێستون سابوراوایی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی وتارێکی نووسیوە بە ناوی (خەنجەری براکان) لە پاش کۆبوونەوەی ئەم ئێوارەیەی سەرکردایەتی یەکێتی و ناڕاستەوخۆ هەڕەشە ئەکات وەک ئەوەی یەکێتی سەنگەری لێگیرابێت! بە ئێستاشەوە کە لە دوای شازدەی ڕەشی ئۆکتۆبەرەوە یەکێتی سەنگەری لە پارتی گرتووە وەک ساڵانی شەست و حەفتا و هەشتا و نەوەدەکان بۆ شەڕێکیتری براکوژی، پارتی نەک هەر دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە، بەڵکو دەستی دۆستایەتی و ئاشتبوونەوەی یەکجارەکیشی درێژکردووە. ئەم گوتار و لێدوانە توندانە تەنیا خزمەت بە دوژمنانی کورد ئەکەن و هیچ خێرێکی بۆ کورد و دۆزەکەی تێدا نەبووە و نییە.

ئێمە و یەکێتی دنیایەک خیلاف و جیاوازیمان هەیە، بەڵام لە شەڕیشدا دوژمن نەبووین و هەرگیز نەگەیەندراوەتە مریشکە ڕەشە، باش نییە خەڵکێک گەیشتبێتە سەرکردایەتی حیزبەکەی و درک بەو حەقیقەتە نەکات کە نە پارتی و نە یەکێتی هەرگیز توانای سڕینەوە و تواندنەوەی یەکتریان نەبووە و هۆکاریش زۆرە و هێشتا ئەو هۆکارانە زیندوون.

هیچ خێرێک لە شەڕی خۆبەخۆدا نەبووە و نییە، مێژوویەکی ناشرینە و بریا نەمانبووبا، بەڵام حەماقەت و قەباحەتێکی گەورەیە هێشتا خەڵکێک هەبێت بیری لێبکاتەوە و بە ئۆپشنی بزانێ!
تێگەیشتنی ئێمە وایە کە کەرکووک وەک سلێمانی لە دەستی یەکێتیدا با زۆر زۆر باشتربوو لەو واقعەی ئێستا کە بە دەست حەشد و عارەبەوەیە! ناکرێ ئەمە ڕوون نەبێ بۆ سەرکردایەتی یەکێتی! ئەگەر ئێمە موقەصڕ بووین لە ڕوونکردنەوەی ئەو بڕوایە، ئەبوو لە کردار و مێژوومانەوە سەرکردایەتی یەکێتی باش لەو بڕوایەی پارتی تێبگات.

هەڤاڵی یەکێتی، منی پارتی پەیوەندیشم خراپ بێ لەگەڵت، بە خوێن براتم. گۆشتیشت بخۆم ئێسقانت ناشکێنم، ناکرێ تۆ بیر لە ئێسکهاڕینی من بکەیتەوە! ئەو توانایەی لە سڕینەوەی یەکتردا بە فیڕۆی ئەدەین، لە یەکی بدەین، کوردستانی پێ ئازاد و سەربەخۆ ئەکەین. بۆ وا نەکەین؟

ئارتین جەلال بەگ – کادری پارتی دیموکراتی کوردستان

بۆچوونەکان دەربڕینی خودی نووسەرن و باڵکێش لێی بەرپرس نییە.

ھەواڵی زیاتر