حیزبی جوان و حیزبی ناشیرین!

با بە ڕازی و ناڕازیمانەوە پێکەوە تۆزێکیش بە قووڵی و دوور لە ئینتیمای حیزبی لە شتەکان ڕابمێنین. دیوێکی گرینگ کە شاراوەیە لە پشت ئەم فەوزایەی کوردستانەوەیە. ئەویش ئەوەیە: لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە کورد بە قەبزە کەوتە ناو دنیای سەرمایەدارییەوە. سەرمایەداری ئەو سیستمەیە کە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیا و ئەنزیمەوە، بە بێ ئاگای خۆیان مرۆڤەکان ئاڕاستە دەکات. کورد نە کۆمەڵگەکەی بە ژێرخانی فیکری پێویستەوە چووە ناو دنیای ئینتەرنێت و حوکمی کۆمپانیا و ڕاگەیاندن، نە کارەکتەرەکانی خوارەوەی ناو حکومەت دنیابینییان بە ئاستی پێویستی واقیعەکە بوون، ھەر دوو لایان «کۆمەڵگە و حیزب»، ھەموو پێشکەوتن و خزمەت و تەنانەت مومارەسەی حیزبی و مەدەنییان لە(نمایش و مەسرەفگەرا)دا بچوککردەوە. سایزیان بە سایزی جیھانە نوێیەکە نەبوو، یانی توانای خوێندنەوەی سەردەمی خۆیانیان نەبوو. ئێ مرۆڤیش عادەتەن بۆ ژیانی شەخسیش بێت، نەزانێت لە چ سەردەمێکدا دەژیێت، ئەگەر تێ نەگات لە کوێوە گەشتۆتە ئێرە و لێرەشەوە بەرەو کوێ دەچێت، ئەکید ژیانێکی شایستەی نابێت.

چارەسەر چییە؟

بە حوکمی ئەوەی کەمتەرخەمییەکە دوو تەرەفەیە، ئیدی پێویستە سەرەتا ھەردوولا «کۆمەڵگە و ئەحزاب»، بەر لە تاوانبارکردنی یەکتر بەخۆیاندا بچنەوە. ئەحزاب بە تایبەت قاعیدەی دەستەڵاتداری خوارەوەی«پارتی و یەکێتی» دەبێت واز بێنن لە فرۆشتنەوەی خەباتی خۆیان بە خەڵکی، دان بەوەدا بنێن کە ئەوان بۆ سەردەمێک پێویست بوون و ئەم سەردەمەش کەسانێکی تری پێویستە. ئاخر دواجار بڕیار نییە کوردستان تەنھا ئەوانە بەڕێوەی ببەن یان خێری لێ ببینن کە شۆڕشیان کردووە. دەبێت بە لۆژیک موخاتەبەی ئەو جیلانە بکرێت کە تەمەنیان ھۆکارە کە نەچوونەتە شاخ یان ژێردەستەیی بەعسیان نەدیوە، دەبێت لەگەڵیان بکەونە دیالۆگ، بەرپرسیاریەتی قۆناغی سیاسییان فێر بکەن و مافی شەراکەتی ئەوانیش لە بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەدا قبووڵ بکەن

کۆمەڵگەش لە بری ئەوەی بە چاوی دوژمن لە حیزبەکان بڕوانن، پێویستە وەک وەسیلە و بە چاوی چاودێر لێیان بڕوانن، مەدەنیەتی کۆمەڵگە لەوەدایە موتابیع و سزادەر بێت، ڕقی نالۆژیکی پەیڕەو نەکات، ئەمە چ جۆرە دنیابینییەکە خەڵک لە باکوور دەزانێت لە بەرچی پشتگیری «پەکەکە» ناکات، بەڵام لە باشوور نازانێت لە بەر چی وێنەی«ئۆجئالان»بە محاویلەی کارەباوە ھەڵدەواسێت! ڕقێک لە جیاتی لۆژیک کاردانەوەی لە پشت بێت، ھەر ڕقە نەک چارەسەر.

پێویستە تاک لە ڕووی فیکرییەوە خودسازی خۆی بکات تا کەس لە جیاتی ئەو بیر نەکاتەوە و وتار نەدات، تا کەس لە جیاتی ئەو حیزبی جوان و حیزبی ناشیرینی بۆ ھەڵنەبژێرێت، با خۆی بڕیار بدات کێ جاشە و کێ شۆڕشگێڕ، کێ دزە و کێ فریشتەیە، کێ جوانە و کێ ناشیرینە، ئاوا ئیتر مرۆڤی ھوشیار بە عاتیفە نابێتە دوژمنی ھیچ حیزبێک، بەڵکو لە نێوان خراپ و خراپترین، خراپەکە ھەڵدەبژێرێت، بەو ھەڵبژاردنە خراپ ناچاری خۆچاککردن دەکات و خراپترینیش سزا ئەدات.

ھەواڵی زیاتر