به‌شه‌ میلله‌تی ئه‌وان

له‌ سلێمانی، قاچاخچییه‌كانی (دوگ و هێلكه‌ و جگه‌ری به‌سه‌رچووی مریشك)یش له‌ به‌ره‌ی میلله‌تن. ئه‌وانه‌ی كه‌ ته‌قه‌یان له‌ تانكه‌ره‌كانی گواستنه‌وه‌ی گاز ده‌كرد له‌ بازیان و تاسڵوجه‌ (تا به‌شی ئه‌وانیشی لێ بدرێت)، له‌ به‌ره‌ی میلله‌تن. ئه‌وانه‌ی كاوه‌ گه‌رمیانیان تیرۆر كرد، ئێستا له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی كاوه‌ گه‌رمیانی خۆیان هاوڕا كردووه‌ و له‌ به‌ره‌ی میلله‌تن. خاوه‌نی بناره‌كانی گۆیژه‌ و ده‌باشان و ئه‌زمڕ و هه‌رچی روكن و ره‌كیزه‌ی شاره‌، له‌ به‌ره‌ی میلله‌تن! ئه‌وانه‌ی باشماخ و په‌روێزخانیان ئیحتیلال كردووه‌، له‌ به‌ره‌ی میلله‌تن!

دیار نییه‌ تا ئێستا میلله‌ت خۆی كێیه‌ و كامه‌یه‌؟ له‌ كێ ناڕازییه‌ و چی ده‌وێت؟ كابرایه‌كی گۆڕان ده‌چێته‌ به‌رده‌م پارێزگارێك كه‌ خۆی له‌ رقی یه‌كێتی ده‌نگی پێ دا و داینا. جوانترین و  گرانبه‌هاترین شوێنی شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن توجارێكی درۆزنه‌وه‌ داگیركراوه‌، كه‌چی ئه‌و گه‌نجه‌ی پاره‌ی پێ نییه‌ سواری ته‌له‌فریكه‌كه‌یشی بێت، ده‌نگ ده‌دات به‌و توجاره‌ قۆڵبڕه‌.

له‌ ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی یه‌كێتیدا، نزیكه‌ی سێ ملیۆن كه‌س ده‌ژین. نیوه‌ی ئه‌م ژماره‌یه‌ منداڵ و پیر و په‌ككه‌وته‌ن و وه‌به‌رهێنانیان له‌ سه‌ر ناكرێت. نیوه‌كه‌ی تریش كه‌ دابه‌ش بوون به‌سه‌ر چه‌ند ره‌نگ و حزب و ده‌سته‌و تاقمی (هاوشێوه‌ و هاوبه‌رنامه‌ و هاوبزنس)دا، به‌رده‌وام تووڕه‌ و ناڕازی خۆیان پیشان ده‌ده‌ن و كاتێكیش هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، رێك هه‌ر ئه‌مانه‌ هه‌ڵده‌بژێرنه‌وه‌ كه‌ سلێمانی ده‌دۆشن و به‌شیشیان ناده‌ن.

هێزی كار (كه‌ سه‌رمایه‌ی مرۆیی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌) له‌وێ بۆ هیچ پڕۆژه‌ و كارێكی تر وه‌گه‌ڕ ناخرێ و ته‌نیا ئاراسته‌ ده‌كرێت بۆ خۆپیشاندان و پشێوی و خوێنده‌وارترین كه‌سی ئه‌و شارةش‌، له‌ ترسی (له‌عنه‌تی عمومی) ناوێرێت لۆمه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌ بكات كه‌ پاڵپشت به‌ هه‌موو هاوكێشه‌كانی كۆمه‌ڵناسی، هه‌ڵه‌ی كوشنده‌ن. ژیر و خوێنده‌واره‌كانیش، بوونه‌ته‌ مرۆڤی پۆپۆلیست و بۆ ئه‌وه‌ی له‌ شاشه‌ و فه‌یسبووكه‌كانی شار په‌راوێز نه‌كه‌ون، داویانه‌ته‌‌ پاڵ ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی كه‌ (پێویسته‌ هه‌موو شتێكی ئه‌م وڵاته‌ تێك بدرێت).

میلله‌ت، بریتیی كراوه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك كه‌ (هه‌تا تووڕه‌تریان بكه‌یت) مافیا و بازرگانه‌كانی گۆیژه‌ و ده‌باشان زۆرتریان ده‌ست ده‌كه‌وێت. جه‌نابێك ئه‌گه‌ر خۆی و تاقمه‌‌ شه‌قاوه‌كه‌ی، ده‌ست له‌ تاڵانیی باشماخ هه‌ڵگرن، سلێمانی هه‌م ده‌بووژێته‌وه‌ و قه‌ڵه‌و ده‌بێت، كه‌چی موزایه‌ده‌ ده‌كات و خۆی ده‌داته‌ پاڵ میلله‌ت، ئه‌و خه‌ڵكه‌یش كه‌ هه‌یه‌جان گرتوویه‌تی و جنێو به‌ هه‌موو شت ده‌دات، باوه‌ڕی به‌م زه‌لامه و تاقمه‌كه‌ی‌ كردووه‌.

پێناچێت له‌ هیچ میله‌ و مه‌رز و سنوورێكی دنیادا دوگ و جگه‌ری مریشك هێنده‌ كاڵایه‌كی دانسقه‌ بێت، قاچاخچێتی پێوه‌ بكرێت، كه‌چی ئه‌و تاقمه‌ی خۆیان داوه‌ته‌ پاڵ میلله‌ت، ئه‌و بزنسه‌ نامۆیه‌ و سه‌دان قاچاخچێتی تر ده‌كه‌ن و به‌شه‌ میلله‌ته‌كه‌ی خۆیشیان ده‌كه‌ن به‌ گژ حكومه‌تی به‌ شه‌ میلله‌تێكی تر له‌ شارێكی تر. تۆ به‌ هه‌رجۆرێك ناڕازی بیت‌، ده‌كه‌ویته‌ حه‌وشه‌ی سیاسیی یه‌كێك له‌و حزبه‌ كاسبانه‌ی شاره‌كه‌. له‌ كوردستان گه‌نده‌ڵی و تاڵانی هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش فاكته‌ تا بۆچوون. به‌ڵام به‌شه‌ میلله‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ حزبه‌، كارێكی باش ناكه‌ن به‌ گوێی ئه‌و هه‌موو ئاغا قۆڵبڕانه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن. 

لە kurdistan24 وەرگیراوە

بارزان عەلی حەمە

ھەواڵی زیاتر