پارتی وەک تاوانباری یەکەم !
پێش پێنج ساڵ، رێکەوتنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بەشکردنی دەسەڵاتەکانی لە نێوان یەکێتی و گۆڕان و حیزبەکانیتردا، پێکهات . پارتی وەک کەمینەیەکی بێ کێشە و بێوەی، لەناو رێکەوتنەکەدا دەرکەوت و کەمتریش لە هەمو حیزبەکان پۆستی حوکمدارێتی پارێزگاکەی پێبڕا . زۆرینەی رەهای جومگە سەرەکییەکان بە تەبەروک و شەراکەتی گشت ، بەر یەکێتی و گۆڕان کەوت، هەموشیان ناویان لێنا ( حکومەتی خۆجێیی ) .
راستییەکیتریش ئەوەیە کە پارتی لە ناوەندی هەولێرەوە دەسەڵاتداری یەکەمە و رێنمایی بۆ پارێزگار و بەڕێوەبەرایەتییەکان دەرئەکات، بەڵام پەیڕەو و یاساکانی بەڕێوەبردنی گشت وەزارەتەکان لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوە و هەر لەوێش هەموار ئەکرێتەوە، بەم دەورەیەشەوە هیچ کات پارتی زۆرینەی رەها نەبوە و هیچ یاسایەکیشی بە تەنیا لە پەرلەمانەوە تێنەپەڕاندوە، بە پێچەوانەشەوە هەندێ لەو یاسا خراپانەی هەرێمی کوردستانی کۆڵەوار کردوە، پرۆژەی یەکێتی یان گۆڕان بون . لە باشترین حاڵەتدا، بۆ هەر یاسایەک هەماهەنگی پارتی بون .
ئێستا تەواوی پارێزگای سلێمانی بە خۆپیشاندان شڵەژاوە، ئەی بۆچی رقی ئاپۆرەکە و سەرە رمی شەقام رو لە پارتی یە ؟
ئەی بۆچی پارتی هەمیشە وەک سزاکارێکی خەڵک و خاکی سلێمانی خۆی نمایش ئەکات ؟
ئەم وەڵامە بۆ پارتی یەکانە !!
چونکە پارتی و بەرپرسەکانی پارتی بیست ساڵە و هەمو هەوڵێکیان بۆ ئاشتکردنەوەی مەسولە باڵاکانی یەکێتی بوە و دەیان رایەڵەی ئاشکرا و نهێنی سیاسی، بازرگانی و ئەمنی یان لەگەڵ دروستکردن و نەیانتوانی و نەیانویست تەنیا رایەڵەیەک لەگەڵ هەقیقەتی یەکێتی و یەکێتی بونی سلێمانیدا، دروست بکەن .
هەمان سیناریۆیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا، دوبارە کردەوە و چەند ساڵێکە لەگەڵ چەند ناوێکی ئەوانیشدا، لە پیرمامەوە بە تەلەفۆن و هێڵی ئینتەرنێت دەرگیرن، توانیان لە بەرگی گۆڕان، زیاتر کەوا و گیرفانی پوڵ و پۆستیان بۆ بدورن، بەڵام نەیانتوانی و نەیانویست لەگەڵ رۆحی ریفۆرم و گۆڕانکاری دەڤەری سلێمانیدا، ڕابێن وپەیوەندییەکی ساغڵەم دروست بکەن .