نەوشیروان مستەفا چی بە جوتیارێکی پێنجوێن وتووە؟
یەک: ساڵی 2014 هاوڕێیەکی پێنجوێنی سەردانی کاک نەوشیروانی کرد و وا ڕێککەوت ئێمەش لە مەجلیسەکەدا بووین.
لە نێوان کاک و هاوڕێکەماندا گفتوگۆیەکی سەرنجڕاکێش دروستبوو کە شایانی ئەوەیە لێرەدا بەو شێوازەی بۆ ئەمڕۆ دەگونجێ و جەوهەری قسەکانی کاک نەوشیروان دەپارێزێ، سەرلەنوێ دایبڕێژمەوە.
سەرەتا هاوڕێکەمان (بەداخەوە بیرم نیە کێ بوو)، باسی لە خراپی دۆخی ئابووری کوردستان کرد و گلەیی لەوە دەکرد کە حکومەت نەیتووانیوە و ناتوانێ هیچ دەستپێشخەرییەک بکات لە بوارەکانی داھێنان، کشتوکاڵ و بازرگانیشی بە تەواوی قۆرخ کردوە.
کاک نەوشیروان بە شێوازە دەگمەن و بێ وێنەکەی بابەتەکەی گۆڕی و کەوتە پرسیارکردن:
کاک نەوشیروان: کاکە تۆ پێم بڵێ لە قەزای پێنجوێن چەند دۆنم زەوی کشتوکاڵیتان هەیە؟
هاوڕێی هەڵسوڕاو: قوربان پێموایە هەزاران دۆنم، بەراو و پشت ئاو.
کاک نەوشیروان: ئەی چەند ئەندازیاری کشتوکاڵیتان هەیە؟
هاوڕێی هەڵسوڕاو: دڵنیام سەدان کەسمان هەیە، قەزای پێنجوێن قەزایەکی زۆر خوێندەوارە.
کاک نەوشیروان: کەواتە پێم بڵێ ئێستە لە پێنجوێن بە گاسن و گاجوت زەوی ئەکێڵن یان بە تراکتۆر؟
هاوڕێی هەڵسوڕاو: قوربان بێگومان بە تراکتۆر و زۆر کەس تراکتۆری هەیە، لەسەر کێڵان پەک ناکەوێ.
کاک نەوشیروان: باشە مەسەلەی ئاودێری چۆن چارەسەر بووە؟ ئایا جۆگە و کانیاو لەگەڵ چەمەکان بەش دەکەن؟ ئەم پانتاییە گەورەیەی زەوی چۆن ئاو دەدەن؟
هاوڕێی هەڵسوڕاو: بە قەترە، دەمێکە لە پێنجوێن ئاودێری بۆتە دڵۆپە و ئیتر ئاو بە خەسار ناچێ، سەرباری چەم و کانیاو، ئێستە ئاوی بیرەکانیش بوونەتە سەرچاوەیەکی باشی ئاودێری.
کاک نەوشیروان ئێتر ڕووی کردە ئێمە و وتی:
خۆ گوێتان لێیە؟ ئەم برادەرانە خۆیان لە هەموو ڕوویەکەوە لە ئاستی ئەوروپادان. زەویان هەیە، ئاویان هەیە، دەستی کرێکاریان هەیە، ئەندازیاریان هەیە، شێواز و تەکنیکی نوێیان هەیە بۆ ئاودێری و ئینجاش هاتوون گلەیی ئەکەن، بە تەمان حکومەت شتیان بۆ بکات.
ئینجا ڕووی کردەوە هاوڕێکەمان، پێی وت:
بە هەموو جورێک پشتیوانیتان ئەکەم، تکایە خۆتان فریای خۆتان بکەون و حکومەت خۆتانن. ئابووری ئەم وڵاتە هەر ئەبێ خۆمان بنیاتی بنێینەوە. هەوڵدەن، هەوڵدەن کڕیار بۆ تەماتە و شووتییەکانتان پەیدابکەن و ئەگەریش کێشە هەبوو ئاگادارم بکەنەوە.
دوو: من زۆر جار چوومەتە پێنجوێن.
ساڵی 1986، ئەو زەمانەی شەڕی ئیران و عیراق بوو.
ئێمە لە ڕێکخراوی ئاڵای شۆڕش بووین، لە مەریوانەوە بە دەشتی پێنجوێندا چوومە سیاگوێزی نزیکی چەمپاراو کە بنکەیەکی ئاڵای شۆڕشی لێ بوو. سیاگوێزیش دواین گوندی سنووری پێنجوێنە لە بەشی خۆرئاواوە.
ساڵی 1991، دوای کۆڕەوی خەڵک، کاک مەلا بەختیار لە گۆخڵان گیرسابۆوە و بارەگای دانابوو. منیش کە لە پاکستان گەڕابوومەوە یەکسەر پێش هەموو کەس چوومە سەردانی ئەو و جارێکی دی ناوچەکەم بینیەوە. لە ساڵانی دواتر و پاش ڕوخانی بەعسیش، زۆرجاری تر پیا تێپەڕیوم یان بۆ کارێکی سیاسی و حزبی سەردانیم کردووە.
سێ: هەفتەی پێشوو لەگەڵ هاوڕێم کاک عەبدوڵا شێخ محەمەد پێکەوە بە نیازی سەردانی خزم و هاوڕێ، بینینی شوێنە یادگارییەکان بە تایبەت گوندی سیاگوێز. خۆمان گەیاندە گوندی نزارە و لەوێ میوانی کەسوکاری کاک شێخ عەبدوڵا بووین. داوام کرد پێکەوە بگەڕێین.
ئیتر لەگەڵ گروپێک گەنجی شارەزادا، جگە لەسەردانی بلکیان و دەوروبەر، بڕیارماندا تا بۆمان دەکرێ چاوبگێڕین.
بێگومان بینینی سەرجەم ناوچە کشتوکاڵیەکانی پێنجوێن ئاسان نیە، بۆیە ئێمەش بە هێڵێکی نیوە ڕاستدا لە پێنجوێن و نزارەوە( نزارە مەنزڵی ئەسڵیمان بوو) تا بۆمانکرا بەرەو خۆرئاوا ڕۆشتین و سەرنجی هەموو ئەو گوندانەمان دا کە دەکەونەسەر ڕێگە تا دەگاتە سیاگوێز، نزارە، کواوە، گەرمک، تاتان، قەلەندەراوا، گلێنەی سێ، گلێنەی بەڕۆژ، گۆڵێ، قسامەددین، سیرانە و زۆری تریش. هاوڕێکان زۆریان باسی گوندەکانی شایان و نەرمەڵاس یان بۆ کردین کە چەن کوێستان و دڵگیرن، بەڵام نەمانتووانی ئەو قۆڵە بەسەر بکەینەوە.
هەڵبەت بەشی خۆرهەڵاتی پێنجوێن کە سنوری نێودەوڵەتی (باشماخ) ـی پیادا تێدەپەڕێت نەبووە بەشێک لە بەرنامەی دیدەنی ئێمە، چونکە چەند جارێک ناوچەکەم بینیبوو. دواتر کە باسی گرنگی کشتوکاڵی پێنجوێنم بۆ قائیمقام دەکرد پێی وتم: هەموو ئەوەی بینیووتە ناگاتە یەک لە دەی ئەو کشتوکاڵەی لە ناوچەی باشماخ و گۆخڵان وەبەرهەم دێت.
سێ: پێنجوێن یەکێکە لە ناوچە هەرە گرنگەکانی کشتوکاڵ لە کوردستاندا. هەزاران دۆنم زەوی بە جوانترین شێوازی نوێ ئەکێڵدرێت و بەروبوومی سروشتی لێ بەرهەم دێت. ساڵ بە ساڵ بەشێکی زۆرتر لە زەوی بەردەڵان و لەوەڕگا دەکرێتە زەوی کشتوکاڵی و تەماتە و شووتی بە پلەی یەکەم، دەیان جۆری تری میوە و سەوزەی لێ بەرهەم دێت.
قەزای پێنجوێن تەنها خاوەنی کشتوکاڵ نیە، بەڵکوو لە زۆر کانزاو و بەرهەمی تریشدا ناوبانگی هەیە. بەردی پێنجوێن بەناوبانگە کە لە ئاستێکی جیهانیدا قابیلی سوود وەرگرتنە. برنجی چەوتان و ناوچەکانی تریش هەرگیز لەسەر کڕیار پەکیان نەکەوتووە.
پێنجوێن نموونەیەکە بۆ کوردستانێکی بچووک: هەرچی بتەوێ دەکرێ لەوێ بەرهەم بێت و سوودی گشتی بۆ هەمووان بێت و ناوچەکەی پێ ئاوەدان ببێتەوە. ئەوەی لە سەردانی ئەم ناوچەیەدا سەرنجی هەموو کەس ڕادەکێشێ ئەوەیە کە خەڵکی ناوچەکە وەک خەڵکی وڵاتانی دراوسێ بە گشتی و ئێران بە تایبەتی، بەوپەڕی جددییە و خۆماندووکردنەوە لەناو باخ و کێڵگەکانیاندا خەریکن ئەو هەستە بە مرۆڤ دەبەخشێ کە ئیتر لە دنیای تەوەزەلی و مووچەی نەوت ڕزگارمان بووە و ئینسانەکان لێرە بڕیاریانداوە لەسەر هێز و توانای جەستەیی و ڕوحی خۆیان بژین. ملکەچی هیچ حکومەت و وەزارەتێک نەبن بە (مەمرە و مەژی) گەمە بە ژیانیان بکات و بیانخاتە دڵەڕاوکێیەوە.
وەرزێڕ و جوتیارەکانی پێنجوێن بڕیاریان داوە پشت لەو پارەیە بکەن کە بەهۆی نەوتەوە دێتە گیرفانی حکومەت و دابەش دەکرێ، چونکە لە لایەکەوە مرۆڤەکانی لە تامووچێژی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی گوند و کاری هەرەوەزی و بە کۆمەڵ دوورخستۆتەوە. لە لایەکی تریشەوە ئەو پارەیە زۆر ناعادلانە سەرفدەکرێت و بە ئەندازەیەک چۆتە تاریکییەوە کە تەنانەت هەرە دەسەڵاتدارەکانیش نازانن چۆن شاردراوەتەوە.
پێنجوێن نموونەیە بۆ خاک و میللەتێکی جوان و جیاواز.
خاکی پێنجوێن لە هەموو ڕووەکانەوە شایستەی ئەوەیە حکومەتی هەرێم بایەخی پێ بدات و لەسەری بوەستێت: لەڕووی کشتوکاڵییەوە پێنجوێن نموونەی کەمە.
لەڕووی سەرچاوەی کانزاکانەوە باشترین کانزای لێ دەستدەکەوێت.
لەڕووی گەشتییارییەوە دەیان شوێنی هەیە کە دەتوانن ببنە جێگەی سەرنجی هەموو ناوچەکە، نەک هەر کوردستان.
موفتی پێنجوێنی دەیزانی ناوچەکەیان چ گەوهەر و جوانی و نیعمەتێکی ژێرزەمینی و سەرزەمینی تێدایە، بۆیە پەنای بردە بەر شیعر و هاواری کرد:
پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگم
لوبنان شکێن بوی داخی بە جەرگم
تازە بوکێ بووی بەسەر چیاوە
ئەهاتنە سەیرت لەملا و ئەولاوە.
بەڵام پێنجوێن لە حاڵی حازردا پێوستی بە دوو شتە:
پاراستنی گومرگی، واتە ڕێگرتن بە بەرهەمی هاوشێوەی وەرزێر و خاوەن موڵکەکانی پێنجوێن لە بابەتی تەماتە و شووتی. ڕێگەدان بە کڕیارەکانیان لە ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە تا بێن بەرهەمەکانیان لێ بکڕن.
ئەوانەش ئەو دەرسانەن کە لە قسەکانی کاک نەوشیروان مستەفاوە لە گوێماندا ئەزرنگێنەوە، گەر بێتوو کشتوکاڵی کوردستان لە لایەن حکومەت و دەزگای کارگێڕیەوە پشتیوانی نەکرێ، وەک ئەوە وایە هەموو خەرمان و بەرهەمی گەلی ئێمە لە پێنجوێن ئاگری تێبەربدرێ و بسووتێندرێ.