كورد و له‌ده‌ستدانی ده‌رفه‌ت
کورد گه‌لێكه، هه‌میشه خواستی ئاشتی و پێکەوەژیانی هەیه، “سه‌ره‌ڕای ئه‌و هەموو ئەو نەهامەتیانەش كه بەسەری هێنراوه”. گه‌ر دوورنه‌كه‌وینه‌وه و ته‌نها گوزه‌رێك به مێژووی سه‌د ساڵی ڕابردووماندا بكه‌ین، ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ڕوونده‌بێته‌وه كه ئێمه‌ی كورد تاكه گه‌لی ئه‌م ههسارهیهین هه‌موو فۆرمه‌كانی سته‌مكاری و ڕێگاكانی سڕینه‌وه‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌ییمان پێ تێست كراوه له‌م عێراقه، كه‌چی بووین به فاكته‌ری بههێزكردنهوه و بونیادنانه‌وه‌ی ئه‌م عێراقه! هه‌شتا ساڵ له‌ژێر ئاگر و ئاسن و سته‌مكاریی حوكمی عه‌ره‌بی سوننه‌ی ئه‌م عێراقه بووین، كه‌چی له بری جیابوونه‌وه، له‌گه‌ڵ پهناههندهكانی دوێنێی كوردستان و مووچهبڕهكانی ئه‌مڕۆی به‌غدا ئه‌م عێراقه‌مان بونیادنایه‌وه و دەستوورمان بۆ نووسینه‌وه! سوننه ههشتاڵی ڕه‌به‌ق حوكمی جه‌به‌رووت و پڕ له سته‌مكاری كرد به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر به کورد، كه‌چی عێراق ڕووخا، ئێمه بووین به یه‌كێك له سێ كۆڵه‌كه ئه‌ساسییه‌كه‌ی بونیادنانه‌وه‌ی عێراق، ئه‌وه‌ش ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی كه ئێستا ده‌یبینن به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و ده‌ستووره و ڕۆڵی ئه‌ساسی ئێمه له هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته شكستخواردووه به به‌هێزی، مافە دەستورییەکانمان پێشێل دەکرێت، هیچمان پێ ڕه‌وا نابینرێت، ڕۆژێك مووچه‌مان ده‌بڕن و ڕۆژێكیش هێز و ده‌بابه‌مان بۆ ده‌نێرن و ئه‌وه‌تا بودجه‌شیان بڕین!
ئێمه له‌م عێراقه عه‌ره‌بییه چیمان بینیوه سه‌د ساڵه؟ له‌ژێر سایه‌ی هه‌شتا ساڵی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌به سوننهكهیدا هه‌موو ڕێگاكانی چه‌وساندنه‌وه و ستهمكردنمان پێ تێست كرا و دواهه‌مینیشیان (ئه‌نفال) بوو! به‌ڵام ئێمه ماینه‌وه و ئه‌وان بوون به مێژوو. له‌ماوه‌ی حه‌ڤده ساڵی ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌به شیعهكهشیدا سیاسه‌تی “نانبڕین” وه‌كو كارت به‌كارهێنرا بۆ شكاندنی ئیراده‌مان، به‌ڵام خۆڕاگربوووین وو تێگه‌یشتن كه ئێمه میلله‌تێكین له‌هیچ بارودۆخێكدا ئاڵای سپی هه‌ڵناكه‌ین و ده‌مرین له‌پێناوی ئه‌وه‌ی بژین، ئه‌مجاره سیاسه‌تی “سه‌ربڕین”یان له‌دژ په‌یڕه‌و كردین و داعشیان بۆ ناردین و شه‌ڕیان به‌سه‌ردا سه‌پاندین، به‌ڵام له‌وه‌شدا ئێمه هه‌ر ماینه‌وه و ئه‌وان ته‌خت و تاراجیان تێكدراو بوون به مێژوو.
كه‌واته مێژووی پێكه‌وه بوونی ئێمه وعه‌ره‌ب له عێراق، پێمان ده‌ڵێت، ئێمه و ئه‌وان، دوو گه‌لی جیاواز، دوو كلتور و فه‌رهه‌نگی جیاواز، دوو عه‌قڵیه‌تی جیاواز، دوو كائینی جیاوازین و ناتوانین له‌وه زیاتر پێكه‌وه هه‌ڵبكه‌ین، چونكه پێكهوهبوونهكهمان مان ئاره‌زوومه‌ندانه نییه و ئێمه ده‌بێت بیر ڕێگه‌چاره‌ی تر بكه‌ینه‌وه و كۆڵه‌كه و هه‌نگاوه‌كانی سه‌ربه‌خۆبوونی سیاسی و ئابووریمان به‌هێزتر و خێراتر بكه‌ین، به له‌به‌رچاوگرتن و به‌هه‌ند وه‌رگرتنی ئه‌م دوو ڕێگاچاره‌یه.
1-هه‌وڵه‌كان چڕبكرێنه‌وه بۆ به‌رقه‌راركردنی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و هه‌رچی زووه کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بكرێت و هه‌مووان به‌رژه‌وه‌ندییه حیزبییه‌كان وه‌لانێن و هه‌رچی پێویسته بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی ئه‌م میلله‌ته پێكه‌وه بیكه‌ن، دواتر پلانێكی تۆكمه دابنرێت بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته نوێیه‌كان و ستراتیژێك دابڕێژرێت بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌مه‌رجێك سود له ئه‌زموونی شاره‌زایان و ڕاوێژی یاساناسان و مامۆستایانی زانستە سیاسی و ئەکادیمییەکان وه‌ربگیرێت، پاشان به‌رمه‌بنای پێدراوه‌كان تیمێكی به‌هێز، شاره‌زا، به ئه‌زموون و پێست ئه‌ستوور له دانووستان و ململانێ دروست بكرێت و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان پێبدرێت بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌غدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشتیوانی سیاسی و میللی‌یان بۆ دروستبكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێزه‌وه دانووستان بكه‌ن.
2-پێویسته ئۆپشنی کشانەوە له پرۆسەی سیاسی و حكومڕانی عێراق وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئۆپشنی یه‌كه‌م ئاماده بكرێت، له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی و خوێندنه‌وه‌ی پانۆرامایی دروست بۆ هه‌موو پێشهات و پاشهاتهكان، ته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌ڕووی ئابوورییه‌وه خۆمان ڕێكبخه‌ینه‌وه، داهاتی ناوخۆ زیاتر بكه‌ین و پایه‌كانی ژێرخان و سه‌رخانی ئابووری و مرۆیی كوردستان به‌هێزتر بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌گه‌ری ته‌حقیق نه‌بوونی ئۆپشنی یه‌كه‌م، ڕاسته‌وخۆ ئۆپشنی دووه‌م پراكتیزه بكه‌ین و چیتر له‌وه زیاتر کورد ملکەچی به‌غداد نەكرێت و ستۆپێك به‌م بهربهرێتییهی به‌غدا بكرێت، ئینجا ئه‌وكات ده‌بینین هاوكێشه‌كه چۆن پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه و به‌غدا چۆن به لاوازییه‌وه دێته‌وه سه‌ر مێزی گفتوگۆ و دان به هه‌موو مافه دهستوورییهكانماندا ده‌نێت.
مه‌به‌ستمه بڵێم، ئەم بارودۆخەی ئێستا ده‌رفه‌تێكی له‌باره بۆ جیابوونەوە و کشانەوە له عێراق، هەروەک نموونەی سیسته‌می یوغسلافیا کە بووە هۆکاری دابەشبوون و بەو هۆکارە جیابوونەوە. ئێمه ده‌رفه‌تگه‌لێكی زۆر گرنگمان له‌ده‌ستداوه له‌ماوه‌كانی ڕابردوودا، ئه‌كرێ ئه‌مه‌یان له‌ده‌ست نه‌ده‌ین و بڕیار بدەین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه لاوازتر نه‌كرێین و به‌و قه‌رزه‌ش كه كردوویانه، نه‌خرێینه ژێر بارێكی قورس‌تر له‌ئێستا و جوڵه‌مان ببڕن و به‌و شێوه‌یه‌یه ڕۆحیه‌تی مقاوه‌مه‌ت و ئیراده‌ی بڕیاردانمان تێدا بمرێنن و ده‌سته‌مۆمان بكه‌ن.