نهێنیەكانی شێخ نەهرۆ- راپۆرت
شێخ نەهرۆ شێخ محەمەد كەسنەزانی كە دوای كۆچی دوای باوكی وەك رابەریی نوێی تەریقەتی نەقشبەندی دیاریی كرا، كاردانەوەیەكی نێوخۆیی و جیهانی لێكەوتەوە و چەندین میدیای جیهانی بەگرنگیەوە باسیان كرد هەر لەو چوار چێوەیەشدا رۆژنامەی واشنتن پۆست چەندین نهێنی گەورەی لەسەر ژیانی دركاندووە.
نامەكەی شێخ بۆ جۆن بۆڵتن
شێخ نەهرۆ كەسنەزانی كە دوێنێ لە شوێنی كۆچكردووی باوكی (شێخ محەمەد كەسنەزانیی) وەكو رێبەری نوێی تەریقەتی قادری بەیعەتی پێدرا، بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی كە رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو بڵاوبوەتەوە، نامەی بۆ جۆن بۆلتۆن راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكاو مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نوسیوە.
لەو نامانەدا شێخ نەهرۆ داوای لە بەرپرسانی ئەمریكی كردووە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو كەسو لایەنانەدا بەهێز بكەن كە دەیانەوێت رژێمی ئێران بروخێنن، باسی لە بەرژەوەندی هاوبەشی خۆیانو ئەمریكییەكان كردووە لە لاوازكردنی رژێمی ئاخوندی ئێرانو كۆتایهێنان بە هەژمونی.
شێخ لە هۆتێلەكەی ترەمپ
واشنتۆن پۆست باسی لەوەكردووە، دوای چوار مانگ لە ناردنی ئەو نامانە، شێخ نەهرۆ چوەتە هۆتێلەكەی دۆناڵد ترەمپ لە واشنتۆنی پایتەخت كە ناوی هۆتێل “ئینتەرنەشناڵ”ە، ماوەی (26) شەو لە نهۆمی هەشتەمی ئەو هۆتێلە ماوەتەوە، رۆژنامەكە وای خەمڵاندووە خەرجی ئەو ماوەیەی لە هۆتێلەكە ماوەتەوە دەیان هەزار دۆلار بوبێت.
نوسەرانی راپۆرتەكە باسیان لەوەكردووە، مانەوە بۆ ماوەیەكی زۆر لەو هۆتێلە گرانبەهایانەدا كەمجار رودەدات، رۆژنامەكە لەو ماوەیەدا لیستی ئەو كەسانەی دەستكەوتووە كە سەردانی هۆتێلەكەیان كردووە، دەڵێ ماوەی مانەوەكەی شێخ نەهرۆ كەسنەزانی لەهەموو میوانەكانی تر زیاتر بووە.
وشنتۆن پۆست نوسیویەتی، شێخ نەهرۆ كە تەمەنی (50) ساڵە، لە كۆشكێكدا لە ئوردن دەژی كە بە زێڕ رازێندراوەتەوەو خزمەتكاری هەیە، بە پەیامنێرەكەیانی لە عەممان راگەیاندووە:” زۆرجار لە هۆتێلی Hay-Adams دەمێنێتەوە، بەڵام بەمدواییە ناوبانگی هۆتێلە نوێییەكەی ترەمپی لە واشنتۆن بیستووەو لەو باوەڕەدا بووە كە شوێنێكی باشە بۆ مانەوە”.
شێخ نەهرۆ رەتیكردوەتەوە سەردانەكەی بۆ هۆتێلەكەی ترەمپ بەمەبەستی دروستكردنی لۆبی بێتو وتویەتی ئەو بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی لە نەخۆشخانەی جونز هۆبكنز سەردانی واشنتۆنی كردووە، بەڵام رۆژنامەكە دەڵێ لە واشنتۆن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكی دیداری كردووە بە ئامانجی بازرگانیو چەندین كۆمپانیا نوێی دروستكردووە.
واشنتۆن پۆست وتویەتی:” هۆتێلەكەی ترەمپ لە واشنتۆن بووە بە شوێنی كۆبونەوەی سیاسەتمەدارانی سەربە پارتی كۆمارییەكانو ئەو كەسانەی كە كاری حكومییان هەیە، بۆ خەڵكانی بیانیو ئەوانەی كە خاوەن هەژموننو دەیانەوێت لەگەڵ ئەمریكا كاربكەن، بووە بە باشترین وێستگەی مانەوە، خەڵكانی دورخراوەو سەركردە سیاسییە بیانییەكان كە ناتوانن لەرێگەی كەناڵە فەرمییەكانەوە دەستیان بە ئیدارەی ترەمپ بگات بەمەبەستی لۆبیكردن، لە هۆتێلەكەی ترەمپ دەنیشنەوە”، لەم بوارەشدا نمونەی بە لۆبیكردنێكی سعودیە هێناوەتەوە دوای هەڵبژاردنی ساڵی 2016 ئەوەش لەرێگەی بەكرێگرتنی (500) ژور لە هۆتێلەكەی ترەمپ.
راپۆرتەكە ئاماژە بەوەدەكات، بەر لە چەند هەفتەیەك لە گەیشتنی شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی بۆ هۆتێلەكەی ترەمپ، سەرۆك وەزیرانی دورخراوەی تایلەندو هاوسەرەكەی شەوێك ماونەتەوە، چەند هەفتەیەك دواتریش رێپۆرتەرێك كاندیدێكی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نێچیریای لە هۆتێلەكە بینیوە كە بۆ مەبەستی لۆبیكردن هاتووە، بەڵام كەس وەكو شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی لە هۆتێلەكە نەمایەوە كە رێبەری موسوڵمانە سۆفییەكانەو خۆی دەڵێت بەر لە جەنگی ئەمریكاو عێراق لە ساڵی 2003 وەكو هاواڵدەر خزمەتی بە دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا (CIA) كردووە.
ئینتیفاز قەنبەر وتەبێژو یاریدەدەری شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی كە بەبەردەوامی لە هۆتێلەكە لەگەڵ شێخ نەهرۆ بووە وتویەتی: لەناو هۆتێلەكە زۆرێك لە باڵیۆزو خەڵكانی گرنگیان بینیوە، بەڵام قسەیان لەگەڵ نەكردوونو تەنیا بینویانن”.
بەپێی قسەی رۆژنامە ئەمریكییەكە، توانای ترەمپ بۆ سودوەرگرتن لە خەڵكانی بیانی بەتایبەتیش لەكاتێكدا سەرۆكی وڵاتە، رەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، رێكخراوی ترەمپ روبەڕووی سكاڵای یاسایی بوەتەوە، ئەندامانی پارتی دیموكراتەكان لە كۆنگرێس دۆسیەیەكیان بەرزكردوەتەوەو دەڵێن ئەو كارانەی كە حكومەتە بیانییەكان بۆ ترەمپی دەكەن بەندی تایبەت بە وەرگرتنی دیاریو بەخشیش پێشیڵ دەكات كە لە دەستوردا هاتووەو وەرگرتنی پارەی لە حكومەتە بیانییەكان قەدەغەكردووە.
ئەو كۆمپانیایەی كە هۆتێلەكەی ترەمپ لە واشنتۆن بەڕێوەدەبات، رەتیكردوەتەوە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بداتەوە لەبارەی ئەوەی ئایا شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی لەبەرامبەر ئەو ماوەیەی لە هۆتێلەكە ماوەتەوە چەندێك پارەی داوە یاخود ئایا كەس لە كۆشی سپی ئاگاداركراوە لەوەی شێخ ئەو ماوە زۆرە لە هۆتێلەكە ماوەتەوە.
كۆشی سپیو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكاش بەهەمان شێوە رەتیانكردوەتەوە ئاگاداری سەردانەكەی شێخ نەهرۆ بن بۆ هۆتێلەكەی ترەمپو وتویانە ئاگاداری ئەوە نین هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمی لەنێوان كارمەندەكانیانو شێخ نەهرۆدا كرابێت، بەڵام نەیانتوانیوە رەتی بكەنەوە بەشێوەی نافەرمی كۆبونەوە كرابێت.
شێخو ئەجێندا سیاسییەكەی
رۆژنامەكە نوسیویەتی: شێخ نەهرۆ كەسنەزانیی ئەجێندایەتی سیاسی هەیەو بانگەشەی روبەڕووبونەوەی سەربازی لەنێوان ئەمریكاو ئێران دەكاتو دەڵێ دەیەوێت یارمەتی ئەمریكا بدات بۆ رزگاربوونی عێراق لەژێر هەژموونی ئێراندا، خۆشی وەكو كاندیدێك بۆ سەرۆكایەتی عێراق وێنا دەكات.
بەگوێرەی راپۆرتەكەی واشنتۆن پۆست، شێخ نەهرۆ لە ئەمریكا بەمدواییانە ژمارەیەك كۆمپانیای بواری سكیوریتی تایبەتو خزمەتگوزاری بواری بیرەنەوتەكان تۆماركردووەو دەڵێ سورە لەسەر ئەوەی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپدا بازرگانی بكات.
شێخ نەهرۆ رۆژی 30 نۆڤێمبەری ساڵی رابردوو چوەتە هۆتێلەكەی ترەمپ، واتە رۆژێك دوای ئەوەی براكەی كە وەزیری بازرگانی عێراق بوو تۆمەتباركرا بە گەندەڵیو بێ ئامادەبوونی خۆی حوكمی حەوت ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو.
رۆژنامە ئەمریكییەكە نوسیویەتی خەرجی شەوێك مانەوە لە هۆتێلەكەی ترەمپ لەنێوان (هەزار بۆ 2 هەزار) دۆلاردایە، بەڵام لە هۆتێل Hay-Adams شەوانە نرخ بە (840 بۆ هەزارو 840) دۆلارە.
شێخ نەهرۆ وتویەتی لەو ماوەیەی لەواشنتۆن بووە لە دەرەوەی هۆتێلەكە چاوی بە ژمارەیەك شارەزایانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كەوتووە یەكێك لەوانە عەقید (عەباس دهۆك) بووە كە بەمدواییە بووە بە راویژكاری سەربازیی لە نوسینگەی خۆرهەڵاتی دوری وەزارەتی دەرەوەو پێشتر پاشكۆی سەربازی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بووە لە سعودیە.
عەقید عەباس دهۆك وتویەتی: شێخ نەهرۆ دەیەوێت لە واشنتۆن باسی عێراق بكاتو گوزارشت حەقیقەتی دەسەڵات لەوێ بكات.
شێخ لەگەڵ CIA
واشنتۆن پۆست دەڵێ، شێخ نەهرۆو براكانی لەسەردەمی رژێمی سەددامدا دەستگیركراون، بۆیە بەر لە روخانی رژێم لە 2003دا پەنایان بۆ ئەمریكییەكان بردووەو یارمەتی بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریكایان داوە، بەردەوام چاویان بەو بەرپرسانەی هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا دەكەوێت كە لە بنكەیەكی بچوك لە كوردستانی عێراق كاردەكەن، لەناو تۆڕە سۆفییەكەیاندا دەیان كەسیان كردووە بە هەواڵدەر كە لەناو دەزگا سەربازیو هەواڵگرییەكانی سەددامدا كاریان كردووە، بەپێی كتێبێك كە (بۆب وودوارد) نوسیویەتی، ئەو زانیارییانەی كە دوو برا كەسنەزانییەكەو تۆڕەكەیان بە هەواڵگری ئەمریكایان داوە “زانیاری زۆر دەگمەنو سەرەنجڕاكێش” بوون، دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا ژمارەی نهێنی “ROCKSTARS” بۆ داناون.
بەپێی ئەوەی رۆژنامەكە لەزاری شێخ نەهرۆوە بڵاویكردوەتەوە، لەبەرامبەر ئەو كارانەی كە بۆ دەزگای هەواڵگری ئەمریكایان كردووە، ئەمریكا مانگانە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلاری پێداون.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی كە رۆژنامەی ” The Post” بڵاویكردوەتەوە، دوای شەڕی عێراق، شێخ نەهرۆ تۆڕەكەی كردووە بە كۆمپانیایەكی ئەمنی تایبەتو كۆمپانیای پارێزگاریكردن لە دامەزراوە عێراقییەكانو گرێبەستی پاراستنی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكاو دامەزراوە نەوتییەكانی بەدەستهێناوە.
شێخ نەهرۆ خۆی وەكو كاندیدێكی گونجاو بۆ سەرۆكایەتی عێراق دەخاتەڕوو باسلەوە دەكات سۆفیەكان لە سوننەو شیعە پێكدێنو ئەمە بە ئەلتەرناتیڤێكی ئاشتیانە لەبەرامبەر فراوانخوازی ئێران لەلایەكو توندڕەوی قاعیدە لەلایەكی تر ناودەبات.