غاندیهکهی خانه‌قین
گوتار – عیماد ئەحمەد
خانه‌قینی بوون شوناسێكی سه‌یره, ئه‌و شوناسه ته‌نیا په‌یوه‌ست بوون به‌خاك و جوگرافیایه‌ك نییه، به‌ڵكو گرفتار بوونیشه به یاده‌وه‌ری و رابردویه‌ك كه هه‌ویری دروستكردنی چه‌ندین كه‌سایه‌تی و روداوی جیاجیایه له مێژووی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیدا، ئه‌مه وای كردوه خانه‌قین به‌جۆرێك له‌تایبه‌تمه‌ندی درێژ ببێته‌وه بۆ ناو كایه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان و عیراق، وای كردوه كه پێگه‌ی ئه‌و شاره هه‌میشه دیار‌و دره‌وشاوه بێت، ره‌نگه هه‌ندێك جار‌و لای به‌شێك له خه‌ڵكه‌كه‌ی هۆكاری جه‌خت كردنه‌وه له‌شوناسی خانه‌قینی بوون زیاتر له‌و سته‌م و هه‌ڕه‌شه‌یه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت كه له‌سه‌ر كوردبوونی هه‌بووه، ئه‌مه وای كردوه شاره‌كه ببێته كارخانه‌یه‌كی زیندوی به‌رهه‌مهێنانی كه‌سانی رۆشنفیكرو سیاسی و خه‌باتكار، ببێته په‌رژینی كوردایه‌تی له سنوری باشوره‌وه، دارخورماكانی شیله‌و شیرینی كوردایه‌تی و كوردبوون بگرن، خه‌باتكاره‌كانی خانه‌قین له‌مێژووی سیاسی كوردستان ناوی دره‌وشاوه‌ن، كه یه‌كێك له‌وانه مه‌جید سه‌ید که‌ریم غاندیه، ئه‌و پیاوه‌ی كه پێم وایه كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌دگارو خه‌سڵه‌ته‌كانی خانه‌قینی بوونه، پیاوێك بوو له‌و خانه‌قینه بۆ كوردایه‌تی له‌دایك بوو، وه‌ك چۆن به‌هێمنی، به‌ڵام به‌قوڵی ژیا، ئاواش سه‌ربه‌رزانه‌و به بێ ده‌نگی سه‌ری نایه‌وه، به‌ڵام بۆ شاره‌كه‌ی و كوردایه‌تی بووه میرات و سه‌رمایه‌كی به‌نرخ .
پێم وایه كاتی ئه‌وه هاتووه كه به‌نده به‌و بیره‌وه‌ری و ئه‌زموونه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه ساكار‌و پڕ له زانین و ویقاره هه‌مبووه، ئه‌م چه‌ند دێره تۆمار بكه‌م، هیوادارم یاده‌وه‌ریم كورتی نههێنانبێ و بتوانم مافی مامۆستا مه‌جید غاندی بده‌مه‌وه، چونكه به‌سه‌ر من و خانه‌قین و كوردایهتیشهوه هه‌یه‌تی و گه‌ر دره‌نگ وه‌ختیش بێت پێویسته ئاورێك له‌و پیاوه بدهینهوهكهمن له‌سه‌ره‌تای حه‌فتاكان ناسیم ئه‌و سه‌رده‌مانێك بوو به كوردایه‌تی و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی ئاڵوده بوو بوو، له سه‌ره‌تای شۆڕشی ئه‌یلول به پاشخانێكی رۆشنبیری قوڵه‌وه چه‌كی پێشمه‌رگایه‌تی له‌شان كردبوو، له‌م رێگایه‌ش به‌رده‌وام بوو تا گه‌یشته پله‌ی شه‌هید بوون.
من كاتێ بیر له‌و تێكۆشه‌ره سه‌ر ڕاسته ئه‌كه‌مه‌وه یاده‌وه‌ریم ئه‌مباته‌وه بۆ گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كه‌ی خۆمان له جه‌له‌وه كه رێك به‌رامبه‌ر مزگه‌وتی مه‌جید به‌گ بوو، ئه‌و مزگه‌وته‌ی كه پێم وایه ساڵی 1901 بونیادنراوه، یاده‌وه‌ریم یه‌كسه‌ر ئه‌مباته‌وه سه‌ر ناوی عبدالمجید لوتفی و مامۆستا مه‌جید غاندی له‌وێشه‌وه بۆ تێكۆشهرو منه‌وه‌ره‌كانی خانهفین، بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌لتورو فه‌رهه‌نگی ئه‌و شاره‌یان ده‌وڵه‌مه‌ند كرد، ده‌مباته‌وه ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه داگیركه‌ران بێ ره‌حمانه خه‌ریك بوون خانه‌قین و سه‌رتاسه‌ری كوردستان بكه‌ن به‌وێرانه، مۆركی كوردبوونمان بسڕنه‌وه، به‌ڵام له‌ژێر زه‌بری ئه‌و زوڵمه‌دا چۆن كه‌سانێك هه‌بوون به ئیراده‌و بڕوایه‌كی پته‌و كاریان بۆ نیشتیمان سازی و كورد سازی ئه‌كرد، چۆن ئه‌بوون به سه‌رچاوه‌ی ئیلهام بۆ من سه‌دان و بگره هه‌زارانی تر كه شه‌هید مه‌جید یه‌كێك بوو له‌وانه .
شه‌هید مه‌جید غاندی گه‌نجێكی وشیارو هه‌ڵكه‌وتوی خانه‌قین بوو، ده‌رچووی زانكۆ به‌شی ئینگلیزی بوو، ره‌نگه هه‌ر له‌خوێندنیش شه‌هید جه‌عفه‌ر عهبدولواحدیشی ناسیبێت، چونكه هه‌ردوكیان ده‌رچووی به‌شی ئینگلیزی بوون, یه‌كێك له هاوڕێ نزیكه‌كانی مه‌جید غاندی شه‌هید جه‌عفه‌ر بوو، له‌و سه‌رده‌مه‌دا زمانزانێكی ده‌گمه‌ن بوو، عه‌ره‌بی، ئینگلیزی، فه‌ڕه‌نسی و فارسی ئه‌زانی، چه‌ندین وتار و نوسینی به کوردی و عه‌ره‌بی له رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانی سه‌ردمی خۆی بڵاو بونه‌ته‌وه، بۆیه كه‌سایه‌تی ومامهڵهو به‌رخوردی ئه‌و له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و فیكر جیاواز بوو له‌وانی تر، ئه‌و وه‌كو ئێمه مانان ماركسی بوو، ماكسیزمی له‌سه‌رچاوه‌ی خۆیه‌وه وه‌رگرتبوو، ماركس و ئه‌نگلس و سه‌رچاوه‌كانی ئه‌و فیكره‌ی راسته‌وخۆ له‌به‌رده‌ست بوو، به‌ڵام ئه‌وانی تر به منیشه‌وه ئه‌و توانسته‌مان نه‌بوو، ئێمه له‌ده‌رگای ماویهتهوه له ماركسیزم چووینه ژوه‌ره‌وه، به‌ڵام ئه‌و ماركسی له‌رێگه‌ی ماركس خۆیه‌وه ئه‌ناسی، ئێستا بیری لێ ئه‌كه‌مه‌وه ئه‌و كات شه‌هید مه‌جید كانت و دیكارت و هیگل و ماركسی ئه‌خوێنده‌وه، هۆبز و جۆن لۆكی ئه‌ناسی، سارته‌ری له‌رێگه‌ی كتێبه‌كانی خۆیه‌وه شرۆڤه ئه‌كرد. ئه‌مه‌ش وای كردبوو قه‌ناعه‌ته سیاسیه‌كانی پشت ئه‌ستور بن به بنه‌مایه‌كی فه‌لسه‌فی، گه‌نجێكی هه‌ڵكه‌وتوو جیاوازبێت , له‌پاڵ كاری سیاسی و گرنگیدان به سیاسه‌ت و بواری فیكر‌و فه‌لسه‌فه، بایه‌خێكی زۆری بۆ ئه‌ده‌ب و ئه‌ده‌بی جیهانی هه‌بوو، له‌پاڵ ئه‌ده‌ب و ده‌قه كوردی و عه‌ره‌بیه‌كان، خوێنه‌ری شكسپیر و پۆشكێن و بۆدلێر و دیستۆفسكی و ئه‌دیبه به‌ناوبانگه‌كانی جیهان بوو، بۆیه ئه‌و پیاوه هه‌ڵگری خه‌سڵه‌ت و ئیستاتیكایه‌كی تایبه‌ت بوو، سیاسه‌ت و تێڕوانینه سیاسیه‌كانی ئه‌چوونه‌وه سه‌ر فه‌لسه‌فه‌و ئه‌ده‌ب، توانا ئه‌ده‌بیه‌كه‌ی به پاشخانه سیاسیه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، قه‌ناعه‌ته فه‌لسه‌فیه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ری دۆخێكی سیاسی نه‌خوازراو بوون، ئه‌مه‌ش وایكردبوو شه‌هید مه‌جید جوانوسێكی ده‌گمه‌ن بێت، گه‌نجێكی هه‌ڵكه‌وتوی خانه‌قین و تێكۆشه‌رێكی دانسقه‌ی كوردایه‌تی بێت.
وه‌ك باسم كرد له‌سه‌ره‌تایی 70 كان ئاشنایه‌تم له‌گه‌ڵ مامۆستا مه‌جید غاندی په‌یدا كرد، له یه‌كێتی لاوان سه‌ردانی ئه‌كردین به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ كاك صلاح حسن زیاتر ئه‌هاته لامان، من له‌وكاته‌وه پێی سه‌رسام بووم، به‌ڵام په‌یوه‌ندی به‌هێزی من له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌هیده سه‌ربه‌رزه ساڵانی 74 و 75 دروست بوو، كاتی له گوندی مه‌حمود قه‌جه‌ر باره‌گای یه‌كێتی لاوانمان دانا زوو یه‌كترمان ئه‌بینی له‌وێ بووین به دۆست و ئاشنایی یه‌كیتری،شه‌تره‌نج زانێكی به‌توانا بوو, من پێی سه‌رسام بووم، خوێنده‌وار، هێمن و كه‌مدوو، له روبارێكی هێمن ئه‌چوو قه‌ناعه‌ت و بیروبۆچوونه‌كانی به وردی ئه‌خستنه ڕوو، نوسه‌رێكی به‌سه‌لیقه‌و توانا، كوردێكی بێگه‌ردو خه‌باتكارێكی پشوودرێژ بوو، بێ ئه‌وه‌ی بدوێ كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رامبه‌ره‌كه‌ی دائه‌نا، بۆیه كه ئاشنای بویتایه نه‌ئه‌كرا ده‌ستی لێ به‌ربده‌یت.
ئه‌م په‌یوه‌ندیمان هه‌ر به‌رده‌وام بوو, وه‌كو كه‌سایه‌تیه‌ك پێی كاریگه‌ر بووم و متابه‌عه‌م ئه‌كرد، دواین دیداریشم له‌گه‌ڵ شه‌هید مه‌جید غاندی كۆتایی ساڵی 1978 بوو، كاتێ بڕیاری ئه‌وه‌ی دا بچێته شاخ و روو له‌پێشمه‌رگایه‌تی بكات، له‌ماله‌وه له‌و جه‌له‌وه كه به‌رامبه‌ر هه‌مان مزگه‌وت سه‌ردانی كردم بۆ خواحافیزی و ده‌سپێكردنی قۆناغێكی تازه‌ی ژیانی، بۆ ئه‌وه هاته لام گه‌ر راسپاردهیهكم هه‌بێت بۆ براده‌رانی شاخ به‌تایبه‌ت مامۆستا جه‌عه‌فه‌ری برای كه ئه‌یزانی دوو دۆستی نزیكی یه‌كترین، له‌و دیداره‌دا زۆر قه‌سه‌ی بۆ كردم، من به‌وردی گوێم لێ گرت، باسی زۆر شتی كرد و دواین جاریش نامه‌یه‌كی فه‌رهاد شاكه‌لیشی نیشاندام، له‌وێش دووباره كاریگه‌ری زیاتری له‌سه‌ر من دانا، ئه‌مه دوا دیداری من بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌ی كه بۆ من جێگه‌ی سه‌رسامی رێز بوو، ئێستا دوای ئه‌و ماوه درێژه كه به‌سه‌ر شه‌هیدبوونیدا رۆشتووه، هه‌مان رێز و سهرسامیو هه‌ستم بۆی هه‌یه، پێم وایه خه‌سڵه‌ته‌كانی ئه‌و پیاوه هێشتا به‌كه‌ڵكی ئه‌م سهردهمشمان دێن.
له‌كۆتایدا وته‌یه‌كی رابه‌ری كۆچكردومان مام جه‌لال-م بیرهاته‌وه سه‌باره‌ت به‌خانه‌قین و كۆیه، جارێكیان بۆی باس كردم كه هه‌ر شارێک به‌هۆی هه‌ندێ هۆکاری سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌سانێک له شارێک ههڵئهکهون، سه‌رده‌مانێک كۆیه‌و خانه‌قین كه‌سانی دیار‌و ناسراو كاریگه‌ر هه‌ڵكه‌وتوون، كه شوێنده‌ستیان له بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و كوردایه‌تی دیاره، من یه‌كسه‌ر یاده‌وه‌ریم چووه سه‌ر دوانه‌ی شه‌هیدان جه‌عفه‌ر عه‌بدولواحید و مامۆستا مه‌جید كه ئه‌ویان له‌كۆیه‌و ئه‌میان له خانه‌قین ده‌ركه‌وتن، هه‌ردوكیشیان به‌ده‌ستی هه‌مان رژێم له سێداره دران و هه‌ردوكیشیان بوون به سه‌رمایه‌و رێنیشانده‌ری هه‌زاران تێكۆشه‌ر، له‌و یاده‌دا سڵاو له گیانی پاكیان، درود بۆ گیانی مامۆستا مه‌جید غاندی و هه‌موو شه‌هیدانی كوردستان.