مامەڵەکردن بە زێڕ لە هەرێم حەرام کرا
لیژنەی فەتوا لە هەرێمی كوردستان لەسەر كڕینی زێڕ بە نرخێكی زۆر، یان کڕینی بە قەرز و پاشان فرۆشتنەوەی بە نرخێكی كەم، فەتوایەكی دەركرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/9/2، ئەنجومەنی باڵای فەتوا بڵاوی كردەوە، لەبارەی حوكمی كڕینی كاڵا و زێڕ بە نرخێكی زۆر، یان کڕینی زێڕەکە بە قەرز و فرۆشتنەوەی بە نرخێكی كەم، لە دوای تاوتوێكردنی بابەتەكە و گەڕانەوە بۆ سەرچاوەكان، ئەنجومەنی باڵای فەتوا، بابەتەکەی بەم شێوەیە خستەڕوو.
بەشێکی زۆری ئەو مامەڵانە یان حەرامن، یان نزیکن لە حەرام.
هەر لە بەشێكی دیکەی فەتواكەدا هاتووە، بەشێکی زۆری ئەو مامەڵەیە، لە خۆیاندا حەرامن یان نزیکن بۆ حەرام، چونکە فرۆشتنی هەر كاڵایەك پێش وەرگرتنی، حەرامە.
ئەنجومەنی باڵای فەتوا باسی لەوەشکردووە، ئاشكرایە مامەڵەی لەمشێوەیە فێڵێكن بۆ ریبا و سووندخواردن، لەبەرئەوەی ئەو كەسەی كاڵاكان دەكڕێ بە قەرز، بۆ ئەوەی نییە سوود لەو كاڵایانە وەربگرێ بۆ خۆی، بەڵكو تەنیا مەبەستی ئەوەیە پارە و زیادەی بێتە سەر.
ئەنجوومەنەکە داوا لە هاوڵاتییان دەكات خۆیان لەو جۆرە مامەڵانە بپارێزن.