ئیمارات پێشوازی لە شاندێکی ھاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد

ئەمڕۆ دووشەممە 2020/8/31، ئیمارات بە فەڕمی پێشوازی لە شاندێکی ھاوبەشی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل کرد کە جارید کۆشنەر راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژھەڵاتی ناوەراست سەرکردایەتیی دەکرد.

گەشتەکە لە لایەن کۆمپانیای فڕۆکەوانی “ئەلعال”ی ئیسرائیلییەوە لە تەلئەبیب بۆ ئەبوزەبی ڕێکخراوە و فڕۆکەکەش ناوی ئاشتی هەڵگرتبووە.

ھەروەھا بڕیارە شاندەکە لەگەڵ نوێنەران و لێپرسراوانی دەوڵەتی ئیمارات کۆببنەوە، بۆ گفتوگۆ کردن دەربارەی بەهێزکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا.

جارید کۆشنەر، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا لە فڕۆکەخانەی ئەبوزەبی ڕایگەیاند، رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، سەرەتای ئاراستەیەکی میژووییە بۆ ئاشتی جیھان.

کۆشنەر ئاماژەی بەوەشکرد، بەم نزیکانە هەردوو وڵات باڵیۆز ڕەوانەی وڵاتەکانیی یەکتر دەکەن و لە چەندین بوار و کەرتی جیاوازدا ھاوکار دەبن.

کۆشنەر ستایشی محەمەد سەلمان جێنشینی پادشای سعودیەشی کرد، کە ڕێگەی داوە فڕۆکەکەیان بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا تیپەڕێت بۆ ئەبوزەبی.

سەردانی شاندە هاوبەشەکەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئەبوزەبی لەچوارچێوەی هەوڵەکانی هەرسێ وڵاتدایە، بۆ بەهێزکردنی پەوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات.

ھەواڵی زیاتر